هاوکاریی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی

بەدرێژایی چالاکیەکانمان توڕێکی فراوانمان لەگەڵ ڕێکخراو و کەسانی پەیوەندیداردا پێکهێناوە، کە وەکوو ئێمە بۆ هەمان ئامانج کار دەکەن، چ لە ئەورووپا و چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەتایبەتیش لەناو کۆمەڵگای کوردیزمان و عەرەبیزماندا.

لە سوید ئەندامین لە یەکیەتی ڕێکخراو و خانەکانی ژنان/ کچاندا UNIZON ئونیزون.

ساڵی ٢٠٠٩ (بە پاڵپشتیی ئەنجوومەنی پارێزگای ستۆکهۆلم) دەستپێشخەریمان کرد لە پێکهێنانی تۆڕێکی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان. بە هاوبەشی لەگەڵ ١٥ ڕێکخراو کارمان تێدا دەکرد، کە بارەگای لە ستۆکهۆلم – ئوپسالا – ڤێستمانەلاند و و سۆرملاند بوو. ژنانێک دایانمەزراند و بەڕێوەیان دەبرد، کە پاشخانیان لە ئەفریقا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، کە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێ ناوچەی MENA.

لایەنێکی گرنگی تری کارە پێکەوەییەکانمان سەبارەت بە هاوکاریکردنی کەسانێکە لە ژنان و گەنجان کە دووچاری توندوتیژی هاتوون. زۆر جار سەبارەت بەو کەیسانە پێویستمان بە هاوکاری ڕێکخراو و دامودەزگاکان چ لە سوێد و یان لە وڵاتی دایک هەیە، تا بتوانین کۆمەک و ڕێنوێنی گونجاو بەکەسەکە پێشکەش بکەین و ئاسایش و ژیانی بپارێزین.

بە بێ کاری بەیەکەوەییی و هاوکاری هەموو ئەو لایەنانەی باسی لێوە دەکەین کارەکانمان ئەنجامێکی باشی نەدەبوو.

پاڵپشتیی یەکسانی و دیموکراتی لە کوردستان و عێراق

لە ساڵی ١٩٩٨ ـەوە IKKR هاوکاری و کاری هاوبەشی لە بواری مافەکانی مرۆڤ، یەکسانی و دیموکراتی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستانی عێراقدا کردووە،

  1. هەر لە ساڵی ١٩٩٨ بە دەستپێشخەری هەڵالە ڕافع کارمان کرد بۆ پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش لە نێوان ڕێکخراوەکانی ژنان بە ناوی (ناوەندی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان). ئامانجی ناوەندەکە بەدواداچون بوو بۆ حالەتەکانی کوشتن بە ناوی شەرەف و هەوڵدان بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران لە دادگادا بەبێ دەستتێوەردانی حیزبی و نێوبژی خێڵەکی.
  2. لە ساڵی ٢٠٠٣ و دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس لە عێراق، لە بەغداد لەگەڵ ڕێکخراوی ئازادی ژن هاوکاربووین لە کاری مەیدانی لەدژی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان و منداڵانی گیرۆدەی مەیدانەکانی شەڕ و لە کەمپەکانی بەنابەراندا.
  3. ساڵی (٢٠٠٦ – ٢٠٠٨) IKKR بە پاڵپشتیی (پاڵمێ سەنتەر) لە سوید پرۆژەیەکمان لە شاری بەغداد و کەرکوک جیبەجێکرد. پرۆژەکە بە ناوی (پەیمانگای یەکسانی) کە تیایدا ڕێکخراوی ئازادی ژن لە بەغداد و ڕێکخراوەکانی تری ژنان لە کەرکوک بەشدار بوون.
  4. ساڵی ٢٠١٢ IKKR بەشدار بوو لە دروستکردنی گروپی (ژیان) کە سەرەتا لە نزیکەی ٥٠ ڕێکخراوی ژنان پێک هاتبوو لە کوردستان. ئامانجی گروپەکە بەرەوپێشبردنی یەکسانی و مافەکانی مرۆڤە، بەتایبەت جەخت کردنە سەر بەدواداچونی کوشتنەکانی ژنان بە ناوی شەرەف و سزادانی تاوانباران. کار و ئامانجی ئەم گروپە درێژکراوەی کارەکانی ناوەندی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان بوو کە لە ساڵی ١٩٩٨دا پێک هات.
  5. ساڵی (٢٠١٣ – ٢٠١٦) IKKR دەستپێشخەربوو لە دروستکردنی تۆڕێک لە کوردستان بە بەشداری نوێنەری ١٤٠ ڕێکخراوی ژنان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، یاساناس، ئەندام پەرلەمان لە لیژنەی ژنانی پەرلەمان، کارمەندی دادوەریی، فەرمانبەری سەرۆکایەتیی حکوومەت، چالاکوانی ژنان، کۆمەڵناس و هی تریش. کاری تۆڕەکە بە هاوئاهەنگی هەڵالە ڕافع لەگەڵ گروپێکی دیاریکراوی ٢١ کەسی لە پارێزەرو چالاکوانی ژنان بۆ بەڕێوەچونی خوێندنەوەو پیاجونەوەی یاساکانی باری کەسێتی، یاسای توندوتیژی خێزان، یاساکانی تاوان و هەموو ئەو یاسایانەی لەبارەی خێزان و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان. بە مەبەستی گۆڕانکاری گونجاو لە یاساکان و نوسینەوەی پێشنیاز بۆ چاکسازی لە یاسا پەیوەندیدارەکاندا. پاشان گرووپەکە پێشنیازەکانیان لە سێ لائیحەدا کۆ کردەوە بۆ هەرسێ دەسەڵاتەکانی پەرلەمان، حکوومەت و دادوەریی.
  6. ساڵی (٢٠١٩ – ٢٠٢٠) IKKR بەیەکەوە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان پلانی دانا پرۆژەیەک ئەنجام بدەن، بە ئامانجی بەهێزکردنی یەکسانی، مافی مرۆڤ و دیموکراتی، بە هاوپشتی ئیستیتوتی سوید، لەم پرۆژەیەدا پشتیوانە و هاوکاری گەنجان بکرێت بەرەو هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی لە دروستبونی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دادپەروەردا لە ڕێگای فیلمەوە. کە سەرەنجامەکەی لە درێژماوەدا ببێتە هۆی بە ئەنجامگەیاندنی هەموو ئەو چاکسازیانەی کە لە ساڵی ١٩١٦ پێشکەس بە هەرسێ دەسەڵاتەکە کرا لە پەیوەند بە یاساکانەوە.

بەرپرسی کارگێڕی

هەڵالە ڕافع، بەرپرسی کارگێڕیی IKKR، چالاکوانێکی ناسراوی مەیدانەکانی مافی مرۆڤ و یەکسانیە لە کوردستانی عێراق.

هەڵاڵە ڕافع وەک یەکێک لە ژنە ناسراوەکان لەو مەیدانانەدا چالاکانە لە ڕاپەڕینی جەماوەریی ١٩٩١ دا بەشداری بەرفراوانی هەبوو. هەر بەدوای ئەوەدا و لە هەمان ساڵدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە ژنانی تردا (ڕێکخراوی ژنانی شۆڕشگێڕ)یان دامەزراند.

ئەو یەکێک بوو لەو کەسانەی کە پشتیوانەی لە دامەزراندنی (ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان) لە ساڵی ١٩٩٤ لە کوردستان کرد. بەدوای ئەوەدا بەشدار بوو لە دروستبوونی یەکەم خانەی پاراستنی ژنان، لە ناوچەکەدا (سەنتەری پاراستنی ژنان لە کوردستان).

لە ساڵی ١٩٩٤ یەکێک بوو لەو ژنانەی کە چالاکانە بەشدار بوو لە پێکهێنانی (کۆمیتەی داکۆکی لە مافەکانی ژنانی عێراق) لە شاری یەڤلە لە سوید، کە ئێستا گۆردراوە بۆ (کۆمیتەی نیونەتەوەیی بۆ مافەکانی ژنان).