ڕووی كێ سپی دەكەن؟

وتار

رێوان/ فەرزین كەرباسی
19 Feb 2014

كاتێك بۆ یەكەم جار هەواڵی ئامادەبوونی چەند نوێنەرێكی حكومەتی كوردی لەیەكێتی ئەوروپا لەماڵپەڕو رۆژنامەكاندا بڵاوبووە پرسیارێك لام دروستبوو كە دەبێت ئەم نوێنەرانە چۆن
باسی بارودۆخی ژنانی كوردستانیان كردبێت؟

کاتێك ڤیدیۆكەم لەیەكێك لەكەناڵەكانی راگەیاندندا بینی زۆر بووە مایەی سەرسوڕمانم كە ئەو خانمانە چۆن بەجۆش و خرۆشەوە ئەو راپۆرتە دەخوێننەوەو لەبەرامبەریشدا ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە چۆن بەسەرسوڕمانەوە سەیری ئەوانیان دەكرد، دەتوت باسی وڵاتێك دەكەن كە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیەو باسێكی سەیرو سەمەریان بۆ دەكەن.
ئەم هەواڵە چیرۆكێكی بیر خستمەوە كە پێم خۆشە بۆتانی بگێڕمەوە:

دەڵێن رۆژێك كابرایەك كەڵەشێرێك دەدزێت و لەترسا دەیكاتە ژێر عەباكەیەوە، بەڵام كلكی كەڵەشێرەكە بەدەرەوە دەبێت هەر لەوكاتەدا خاوەنەكەی دەگات و دەڵێت ئەوە چیە لەژێر عەباكەت؟ دەڵێت بەحەزرەتی عەباس هیچ نیە!!! خاوەن ماڵ دەڵێت نازانم سوێندی حەزرەتی عەباس باوەڕ پێبكەم یان كلكی كەڵەشێرەكە؟؟.

پێش هەموو شتێك دەبێت بڵێم ئەو نوێنەرانەی كورد شەخسیەتێكی ئیداری و كاریان هەیەو شەخسێكی ئاسایی نین كەواتە ئەم رەخنەیە رەخنەیەكی شەخسی نیە، بەڵكو پەیوەندی بەمافی هەموو تاكی كۆمەڵگەوە هەیە هیچیش پێم خۆش نیە لەم بارەیەوە قسە بكەم، بەڵام ناچارم.

لەچەند رۆژی رابردوودا لەیەكێك لەهۆڵەکانی یەكێتی ئەوروپا دانیشتنێك بەمیوانداری پارلەمانتارەكانی یەكێتی ئەوروپا لەسەر بارودۆخی ژنان لەعێراق و كوردستان بەرێوەچوو كەنوێنەرانی حكومەتی كوردی راپۆرتێكیان خوێندەوە لەسەر بارودۆخی ژنان، لەو راپۆرتەدا باس لەوەدەكەن گوایە بارودۆخی ژنان لەكوردستاندا تا ئەو رادەیە باشبووە كە ئیتر هیچ كێشەیەكیان نەماوەو لەمەودوا هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن كە بەیەكسانی بگەن و بەشداری لە پۆست و پایە ئیداریە جیاجیاكانی حكومەتدا بكەن.

ئەوان وێنەیەكیان دروستكرد كەگوایە هەموو كێشەی ژنی كورد چارەسەر بوەو بارودۆخی ژنانی كوردستان لەكۆمەڵگەیەكی پڕ لەگوڵ و گوڵزاردایە، لەوانەیە ئەگەر كەسێك بەهەلومەرجی واقیعی كوردستان ئاشنا نەبێت و بەقسەی جوان و بەڕووكەشی بینا زل و زەبەلاحەكان بخەڵەتێت و نەیەوێت بڕواتە قوڵایی كۆمەڵگەكەو بەبارودۆخی واقیعی ژنان ئاشنا نەبێت بۆی قابل قبوڵ بێت.

بەڵام ئەگەر تەنها كەمێك بەئاگاییەوە رووی راستی كۆمەڵگەی كوردی ببینێت تێدەگات كەهێشتا ئاماری توندووتیژی رۆژ بەڕۆژ لەبەرزبوونەوەدایە، كوشتن و ئەشكەنجەی ژنان بەردەوامە، دەستدرێژی سێكسی بوونی هەیە، دروستكردنی كێشە بۆ ژنان لەشوێنی كارەكانیان بوونی هەیە، ئازاری منداڵ بۆ كۆیلەكردنی دایك بوونی هەیە، ئەمە سەرەڕای ناكارابوونی یاساكان و كەموكورتی جێبەجیكردنی ئەو یاسا ناكارایانە لەلایەن پۆلیسەوەو دەستێوەردانی نائاشكرا لەدادگاكان هەموو ئەوەمان پێدەڵێت كەئەو راپۆرتە ناواقیعیە.

گەر كەسێك كەمترین ئاشنایی بەئەدەبیاتی سیاسی و چۆنیەتی بیركردنەوەی رۆژئاواییەكان بێت تێڕوانینی ئەوان لەسەر دەوروبەر تێدەگات كە تەنها بەحورمەتی میوان بوونی وەفدی كوردی سەرێكیان بۆیان تەكان داوە، لەوانەشە وەك ئەو خانمە بەرێزە وتی داوای نووسینێكیان لێكردبێتن ئەم خانمە نوێنەرانە لەڕاپۆرتەكەیاندا بەراوردێك لەنێوان كوردستان و باشووری ئێراق دەكەن كە هەر بووە تابووە بەهۆكاری جیاوازەوە لەیەك دوورن و ئەمەش نە لەئێستاوە، بەڵكو لەزەمەنی زۆر دوورەوە بوونی هەبووە، لەلایەكی ترەوە خانمێكی تر لەو خانمە نوێنەرانە كەمن نازانم پۆستی لەحكومەتدا چیە، بەڵام تا ئەو جێگایە بزانم ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە باس لەوە دەكات كەگوایە داوای كردنەوەی نووسینگە لەیەكێتی ئەوروپا دەكات تا ئەوان لەنزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی كوردستان بن.

ئێمەش زۆر پێمان خۆشەو هیوا دەخوازین كەیەكێتی ئەوروپا ئۆفیسێكی وا لەكوردستان بكاتەوە تا ناڕاستی قسەی ئەم نوێنەرانە وە حەقیقەتی بارودۆخی ژنان لەكوردستاندا دەركەوێت بۆیان، جا ئەوكات بزانین حكومەتی كوردی چۆن دەتوانێت بەر بەڕێكخراوە سەربەخۆكان و ئەو ژنانەی كەقوربانی بێ مافی خۆیانن بگرێت كە بۆ داخوازی و پەنابردن روو لەو ئۆفیسە بكەن.

ئەوەی كەمن بێم بەقسەی ناڕاست رووی حكومەتەكەم جوان پیشان بدەم ئەركێكی پیرۆز نییە، نەجارێ حكومەتی كوردی راگەیەنراوەو نەكەسیش مودەعی بووە، هێشتا ئێمە لەقۆناغێكداین كە هەڕەشەو مەترسی لەناوچوون و لەدەستچوونی ئەم كەمە مافەی ژنان هەیە كە تائەمڕۆ بەدەستمان هێناوە، هەڕەشە لەو بابەتەوە كە ئۆپۆزسیۆنە ریفۆرم خوازەكە دەڕواتە دەسەڵات و بەڵێنی ئەوەشیانداوە كە هیچ یاسایەك پەسەند ناكرێت كەدژ بەسەوابتی دینی بێت جاباخۆمان نەخەڵەتێنین ئەم نوێنەرانە هەڕەشەیەكی گەورەن لەسەر مافە تا ئەمڕۆییەكانی ژنان.

لەم ماوەدا زۆر لەهەڵسوڕاوان خەباتكارانی مافی ژنان و مەدەنی داوای روونكردنەوەیان كردووە لەم وەفدە، ئەوەی كەڕوون و ئاشكرایە وەڵامێك نادەنەوە، بەڵام باشتر وایە ئەوان جیا لە پۆستە حكومیەكانیان وەك ژن بیربكەنەوە و ئاوڕێك لەئازارو خەمی ژنانی بێدەسەڵات بدەنەوە كە لەشەڵتەرەكاندا لەگۆشەی ماڵە ساردو سڕەكاندا لەژێر چەپۆكی كەسوكارو باڵادەستەكانیان ژیان دەگوزەرێنن، من دڵنیام كاتێك وەزیرو بەرپرسانێك كە ئامارە راستیەكانی توندووتیژی كوردستان دەبینن ئەوانیش وەكو ئیمە سەریان سووڕماوە لەو هەموو زیادەڕەویە كە لەو راپۆرتەدا كراوە.

لەكۆتاییدا گرنگ ئەوەیە وابیربكەینەوە تا یەك كەس مابێت كەزوڵمی لێبكرێت یەكسانی و دادوەری هیچ كات بەرقەرار نابێت، لەهەمووی گرنگتر ئەوە بزانین هیچ حكومەتێك نەیتوانیووە بانگەشەی ئەوەبكات كەبەتەواوەتی مافی تاكەكانی بەجێهێنابێت چ جای ئیقلیمێكی بچوك وەك هەرێمی كوردستان كە هێشتا ئایندەی لەپێشە.