ڕه‌خنەی فێمینیستی لە دووفاقەیی تایبەت و گشتی

وتار

26 Sep 2012

کارۆل پێیتمه‌ن
وه‌رگێران: سه‌عید شه‌مس

ده‌روازه‌
کارۆل پێیتمەن یەکێکە لەو تیۆریسیەنە بەناوبانگە فێمینیستانە کە دوو لایەنی گرینگی تیۆرییە نەریتییەکانی سیاسی و، بەتایبەت تیۆری سیاسی لیبراڵی، خستۆتە ژێر پرسیار. لە تیۆری سیاسی باودا، بواری خسوسی یان تایبەت وەک بوارێکی ناسیاسی لە بواری گشتی یان سیاسی جیا دەکرێتەوە. لە کاتێکدا سیاسەت و پێکهاتەی دەوڵەت وەک ئەنجامێکی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکرێت. ئەو هێڵکاریە نێوان دوو بواری تایبەت و گشتیدا وەک یەکیک پێوانە سەرەکییەکانی تیۆری مۆدێرنیتە و چۆنایەتی و چەندایەتی رەوتی مۆدێرناسیۆنی کۆمەڵگا دژمێردرێت. بە واتایەکی‌تر کە هێلی نیوان دوو بوار، و هەروەها ئەمری تایبەت و گشتی، پانتاییەک پێکدێنی کە ناسین و پەیرۆکردنی کەسایەتی واقێعی و یاسایی تاک تێیا وەدی دێ.

ئەم دوو کۆڵەکەیەی تیۆری سیاسی لە زۆر ڕووەوە دەرهاوێژەری ژنن لە سیاسەت. بەم مانایە کە لە لایەکەوە ژنان، چالاکی و ئەزموونی ئەوان لە چوارچێوەیەکی بنەماڵەیی و خێزانیدا بەربەست دەکرێت و وەک شتێکی تایبەت دەکەوێتە دەرەوەی بواری سیاسی. لە باشترین حاڵەتدا ژن لەم بوارەدا دەتوانێ خاوەنی هەندێ ماف بێت، بەڵام ناتوانێ وەک بوونەوەرێکی سیاسی شوناس بکردرێت. لە خراپترین حالەتیشدا، ژن وەک موڵک و خاوەنێتی پیاو دەژمێردرێت. لە لایەکی دیکەشەوە ئەم گرێبەستە کۆمەڵایەتییە کە لە تیۆری سیاسیدا بە سەرچاوە و بنەماێ ڕەوایەتی دەوڵەت و سیاسەت دەژمێردرێ، گرێبەستێکە کە لە نێوان پیاواندا بەستراوە.

بۆیە پێیتمەن لە لایەکەوە ئەم دابەشینە دێنێتە ژێر پرسیارەوە و لە لایەکی دیکەشەوە، ڕەخنەیەکی تووند لە تیۆری گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەگرێ و ئەمە وەک گرێبەستێکی جنسی ناوزەد دەکات. بە بڕوای پێیتمەن بندەستی ژنان و بەتابەت هاوسەرێتی، بنەما و پێشمەرجێکی ئەم گرێبەستە کۆمەڵایەتیییەیە. ئەم ڕەخنە بەتایبەت لە کتێبی گرێبەستی جنسیدا دێتە بەرباس. ڕەخنەی پێیتمەن لە دابەشین و دووفاقەییی بواری تایبەت و گشتی، ناوەرۆک و ناوئاخنی وتارێکی دیکەی پێیتمەن پێکدێنێ. ئەم وتارە لە ساڵی ١٩٨٣ نووسراوە و تا ئێستاش وەک دەقێکی کلاسیکی و وەک سەرچاوەیەک لەو باسانەدا کەڵکی لێوەردەگیرێت.

دەقی خوارەوە، تەرجومەی ئەم وتارەیە کە لێرەدا لە چەند بەشدا بڵاو دەبێتەوە. ئەم وتارە لە کتێبێکی پێیتمەن وەرگیراوە کە لە کۆمەڵە وتارێک پێکهاتووە. زۆربەی ئەم وتارانە پێشتر و لە سەرەتای هەشتاکان لە گۆڤارە جیاوازەکاندا بڵاو کراونەتەوە و دواییش وەک کتێبێکی سەربەخۆ لە ساڵی ١٩٨٩ لە چاپ دراون. بۆیەش خوێنەر دەبێ ئاگار دەبێ ئەو وتارە مێژوویەکی سی ساڵەی هەیە و هەروەها کاتێ کارۆڵ باسی میژووی بیر و خەباتی فێمینیستی دەکا، سەرەتای سەدەی١٨ی زایینی و کتێبی مێری ئاستێڵ Mary Astell ، چەند تێڕامانێک دەربارەی هاوسەرێتی Some Reflections Upon Marriage ، وەک دەسپێکی بیری فێمینیستی دەبینێ.

ڕخنەی فێمینیستی لە دووفاقەیی تایبەت و گشتی
كارۆڵ پێیتمەن
دوو فاقەیی (dichotomy)نێوان تایبەت (private) و گشتی (public) جێگەیەکی ناوەندی هەیە لە مێژووی نیزیک بە دووسەد ساڵەی نووسین و خەباتی فێمینیستی و لە بنەڕەتدا، ناوەرۆکی جووڵانەوەی فێمنیستی پێکدێنێ. ئەگەرچی، هیندێک فێمنیست ئەم دوو فاقەییە وەک سیمایەکی یونیڤێرساڵ، ئەوپەڕ-مێژوویی (trans-historical) و ئەوپەڕ-کولتوری (trans-cultural) بوونی مرۆڤ پێناسە دەکەن، بەڵام ڕخنەی فێمینیستی لە پلەی یەکەمدا ڕووی لەم جیاوازی و دژبەرییەی نێوان بوارەکانی تایبەت و گشتییە لە تیۆری و پراکتیکی لیبڕالیدا.

پەیوەندی و تێکەڵاوی فێمینیزم و لیبڕالیزم فرە نیزیک و، لە هەمان کاتیشدا، زۆر ئالۆزە. ریشەی هەر دوو داکترین (بیرۆکە) دەگەرێتەوە بۆ سەرهەڵدانی تاکگەرایی individualism))، کە وەک تیۆری گشتی ژیانی کۆمەڵایەتی هاتە ئاراوە. فێمێنیزم و لیبڕالیزم، لە دەرەوی دەرکێکی تایبەت لە تاک وەک بوونەوەرێکی ئازاد و یەکسان، ڕزگار بوو لە پەیوەندییەکانی خزمایەتی، سوننەتی و هیرارشیانەی کۆمەڵگای نەریتی، شیاوی تێگەیشتن نین. ئەگەرچی فێمنیزم و لێبڕالیزم ریشەیەکی هاوبەشیان هەیە، بەڵام لایەنگرانیان لە دووسەد ساڵی رابردوودا، زۆر جاران لە بەرانبەر یەکتردا ڕاوەستاون. بە لە بەرچاوگرتنی قۆناغە جیاوازەکانی پەرەسەندنی جووڵانەوەی فێمینیستی، رەوت و چوارچێوەی رخنەی فێمینیستی بۆ پەرپرچدانەوەی روانگەی دووفاقەیی نێوان تایبەت و گشتی لێبڕالیزم، رەنگە لێک جیاواز بێ. شیکاری ئەم ڕەخنەکارییە، زۆر ئاڵۆزە، چونکو لیبرالیزم لە زاتی خۆیدا لە ڕوانینی بە “گشتی” و “تایبەت”، لێڵییەکی تێدا بەدی دەکرێت و فێمنیست و لیبرالەکان لەسەر ئەوە کە، لە کوێ و بۆ، ئەم هێڵە جیاکارییە دەبێ لە نێوان ئەم دوو بوارەدا دیاری بکردرێ، ناتەبان، یان، بە گوێرەی هەندێ بۆچوونی فێمینیستی هاوچەرخ، لەسەر خودی پێداویستی کێشانی ئەم هێڵانە (ناتەبان).

فێمینیزم زۆر جاران وا دەبیندرێ کە شتێک نەبێ جگە لە تەواوکەری شۆرشی بۆرژوازی و لیبراڵیزم، واتە وەک درێژەی پرینسیپ و مافە لیبڕالیەکان هەم بۆ ژنان و هەمیش بۆ پیاوان. داواخوازی مافی هاوتاو و یەکسان، هەڵبەت، هەمیشە بەشێکی گرینگی فێمینیزم بووە. بەڵام هەوڵدان بۆ یونیڤێرساڵ کردنی لیبراڵیزم ئەنجامی فرە گەورتر لەوەی چاوەڕوان دەکرێ، لێدەکەوێتەوە و ئەگەرچی لە سەرەتادا، بایەخداری خۆی هەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا، خودی لیبرالیزم بەناچار دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆ وێنە، لیبڕال-فێمینیزم ئاکامی زۆر رادیکالی هەبوو لە خستنە ژێرپرسیاری جیاوازی و دژبەری نێوان دوو بواری تایبەت و گشتی کە بنەمای تیۆری و پراکتیکی لیبڕالییە. کۆنتراستی لیبڕالی نێوان (بواری) تایبەت و گشتی زۆر ئەولاترە لە جیاوازی نێوان دوو شێوازی چالاکی کۆمەڵایەتی. بواری گشیی و ئەو پرینسیپانەی کە تێیدا پەیرەو دەکرێن، وەک شتێکی جیاواز یان سەربەخۆ، لە پەیوەندییەکانی ناو بواری تایبەت دەبیندرێن. نموونەیەکی ناسراوی ئەم خوازە یان ئیدیعایە (claim) بریتییە لە مشتومڕێکی دوور و درێژ لە نیوان زانستیارانی سیاسی لیبڕال و رادیکال لەمەڕ بەشداریکردن (لە چالاکییە سیاسییەکاندا) . رادیکالەکان نکۆڵی لەم ئیدیعا لیبراڵییە دەکەن کە گۆیا نایەکسانی (لاسەنگی) کۆمەڵایەتیی بواری تایبەت، گرینگییەکی نییە بۆ پرسی یەکسانی سیاسی، مافی دەنگدان و ئەو ئازادییە مەدەنییانەی پەیوەستن بە بەستێنی گشتییەوە.

هەڵبەت هەموو فێمینیستەکان لیبڕاڵ نین: ‘فێمینیزم’ زۆر بەرفرەوانترە لە لیبرال‌ـ‌فێمینیزم. فێمینیستەکانی‌تر، بەئاشکرا تێروانینی لیبڕالی لە مەر تایبەت و گشتی رەت دەکەنەوە و ستروکتوری کۆمەڵایەتی لیبڕالیزم وەک کێشەیەکی سیاسی دەبینن، نەک وەک سەرەتایەک بۆ داواکاری مافی یەکسان. ئەوان هاوبەشییەکی زۆریان لەگەڵ ڕەخنەی رادیکال و سوسیالیستی لە لیبرالیزم هەیە کە لەسەر بنەمای تیۆرییە “ئۆرگانیک”ەکان داڕشتراوە (ئەگەر بمانەوێ لە دەستەواژەی بێن و گاوس Benn and Gaus کەڵک وەرگرین)، بەڵام ئەوان بەزەقی لە شیکاری خۆیان لە دەوڵەتی لیبرال، خۆ هەڵداوێرن. بە کورتی، فێمینیستەکان، بەپێچەوانەی رادیکاڵەکانی دیکە، کێشەی خاسلەتی باوکسالارانەی لیبرالیزم، کە بە گشتی پێشگوێ خراوە، بەرجەستە دەکەنەوە.

خوێندنەوەی بێن و گاوس (‏Benn and Gaus‏) لە تێگەیشتنی لیبرالیی بواری گشتی و ‏تایبەت، زۆر بە جوانی هەندێ گرفتی سەرەکی تیۆری لیبرالی دەنەخشێنێ. ئەوان ‏‏(لە حاڵێکدا) دان بە ناوەندییبوونی کاتێگۆری تایبەت و گشتی لە لیبرالیزم دادەنێن، ‏بەڵام شێ ناکەنەوە کە بۆ ئەم دەستەواژانە وا گرینگن یان بۆ بواری تایبەت ڕاست لە ‏بەرانبەر بواری گشتیدا زەق کراوەتەوە، نەک (لەبەرانبەر) بواری سیاسیدا. بەهەمان ‏شێوە، ئەوان سرنجی ئەوەێان داوە کە باسەکانی لیبڕالی ئەوە بە ناروونی ‏دەهێڵێتەوە کە ئایا کۆمەڵگایی مەدەنی دەکوێتە بواری تایبەت یان سەر بە بواری ‏گشتییە، گەرچی ئەوان پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە بنەماڵە لە هەر دووک مۆدێلدا ‏بە شێوەیەکی نموونەیی (پارادایمی) خسوسی و تایبەتە، بەڵام لەوەڵامدانەوە بەوە ‏کە بۆ لەم حاڵەتەدا، لیبرالەكان زۆربەی جاران کۆمەڵگای مەدەنەی وەک (بوارێکی) ‏تایبەت و خسوسی دەبینن، سەرکەوتوو نین. تێگەیشتنی بێن و گاوس لە لیبڕالیزم ‏هەروەها کاراکتێری ئابستراکت، نامێژوویی ‏‎(ahistorical)‎‏ ئەو (تیۆرییە) دەردەخات و، ‏لەوەدا کە ئەم لایەنە کە یان لەبیر کراوە و یان بەسروشتی و ئاسایی وەرگیراوە، ‏نموونەیەکی باشی ئەو باسە تیۆریکییانە دەخاتە ڕوو کە فێمینیستەکان ئەوا بە ‏تووندە رەخنەی لێدەگرن. ئەم تێگەیشتنە خوازەی (ئیدیعای) ئەیزنشتاین ‏دەسەلمێنێ کە “ئایدیۆلۆژی ژیانی تایبەت و گشتی” راستەوخۆ “کەرتبوونی نێوان ‏ژیانی تایبەت و گشتی […] وەک ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی دەوڵەتی بۆرژوازی ‏لیبڕاڵ (دەناسێنێ)، نەک وەک نەزماندن ‏‎(ordering)‎ێکی باوکسالارانەی دەوڵەتی ‏بۆرژوازی”.‏

بکار هێنانی دەستەواژی ‘ئایدیۆلۆژی’ لێردەا زۆر بە جێیە، چوونکە ناروونی بنەرەتی ‏تێگەیشتنی لێبڕالی لە بواری تایبەت و گشتی و، ئەو واقیعە کۆمەڵایەتییە ‏لێڵ‎(obscure)‎‏ و رازپۆش ‏‎(mystifies)‎دەکات کە ئەو خۆی یارمەتیدەری سازکردنێتی.‏ ‏ ‏فێمینیستەکان دەڵێن کە لیبڕالیزم لەسەر بنەمای باوکسالاری و پەیوەندییە ‏چینایەتییەکان ساز بووە و، دوو فاقەیی نێوان تایبەت و گشتی، بندەستی ژنان و ‏باڵادەستی پیاوان لە سیستێمێکی بە رواڵەت یۆنیڤێرساڵ، یەکسان و تاکگەرادا، ‏دەشارێتەوە. خوێندەوەی بێن و گاوس وا نیشان دەدا کە واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی ‏ئێمە کەم تا زۆر لە بۆچوونەکانی لیبڕالیدا رەنگی داوەتەوە. ئەوان نایسەلمێنن کە ‏‏’لیبڕالیزم’، لیبڕالیزمی باوکسالارانەیە، و جیاوازی و دژبەری نێوان بوارەکانی تایبەت و ‏گشتی لە راستییدا ململانی لە سەر نایەکسانی ژنان و پێاوانە. هەر بۆیەش ئەوان ‏قسەکردن لە سەر ‘تاکەکان’ لە تئۆری لێبڕالدا بە هیند دەگرن، ئەگەر چی لەو ‏کاتەوە کە تئۆریسییەنەکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی ‏‎(the social contract ‎theorists)‎هێرشیان بردە سەر باوکسالارەکان، تئۆریسییەنەکانی لیبڕال ژنانیان لە ‏پانتایی باسەکانی بە رواڵەت ئۆنیڤێڕساڵی خۆیان هەڵاواردوە. هۆکارێک بۆ ئەوەی کە ‏بۆ چی ئەو دەرهاویشتنە سرنجی نەدراوەتێ، دەگەرێتەوە بۆ ئەو راستییە کە ‏جیاوازی لە نێوان تایبەت و گشتی، بەو شێوازەی کە لە تیۆری لیبڕالدا ئاراستە کراوە، ‏وا نیشان دەدا کە گۆیا ئەو دابەشبوونە بە شێوەیەکی هاووێنە ڕووی لە هەموو ‏تاکەکانە. زۆر جار وا باس دەکرێ – لە لایەن دژە-فێمینیستەکانی سەردەم، و لە ‏لایەن فێمینیستەکانی سەدەی ١٩، کە زۆربەیان داکترینی دوو بواری جیاوازیان ‏پەسەند کردەبوو ـ کە ئەو دوو بوارە جیاوازن، بەڵام یەک سەنگ و گرینگییەکی ‏هاوتایان هەیە. ئەو شێوازەی کە پیاوان و ژنان لە دوو بواری تایبەت و گشتیدا جێگیر ‏دەبن، پرسگەلێکی ئالۆزە، بەڵام من دەمەوێ پێشان بدەم کە ئەم واقیعە دژوار و ‏ئاڵۆزە خۆی بریتییە لەم باوەڕە کە سرۆشتی ژنان بە چەشنێکە کە ژنان بە تەواوی ‏دەبنە بندەستی پیاوان و جێگە و پێگەی راستەقینەیان لە بواری تایبەت و ناوخۆیی ‏دایە. بەڵام لە هەمان کاتدا، پیاوان بە تەواوی لە ژورەوی هەر دوو بوار خۆیان جێگیر ‏دەکەن و بەرێوەیان دەبن. باسی سەرەکی فێمینیستی بریتییە لەوە کە داکترینی ‏‏”جیاواز بەڵام یەکسان”، و تاکگەرایی و یەکسانیخوازی ‘ناسراوی’ تئۆری لیبڕاڵ، ‏واقیعی باوکسالارنەی ستروکتوری کۆمەڵایەتی نایەکسانی و ژێردەستی ژنان ‏لەلایەن پیاوانەوە دەشارێتەوە. ‏

لە تیۆرییدا، لیبڕاڵیزم و باوکسالاری بە شێوازێکی حاشاهەڵنەگر دژ بەیەکن. لیبڕالیزم ‏داکترینێکی تاکگەرا، یەکسانیخواز و ڕێککەوتانە ‏‎(conventionalist)‎یە. باوکسالاری ‏ئیدیعا دەکات کە پەیوەندی هیرارشیانەی بندەستییانە زەرورەتەن لە تایبەتمەندییە ‏سروشتیییەکانی ژن و پیاو سەرچاوە دەگرێ. ئەم دوو داکترینە لە راستیدا، لە ‏رێگەی وڵامێکی تیۆریسییەنانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی سەدەی هەڤدە بەم پرسە ‏تێکدەرانەیە، کە کێ وەک تاکی ئازاد و یەکسان دەژمێردرێ، بە شێوەیەکی ‏سەرکەتوو ئاویتەی یەکتر بوون. ململانی فکری لەگەڵ باوکسالارەکان، ژنان یان ‏پەیوەندی ژن و مێردایەتی نەدەگرتەوە. ئەمیان (واتە پەیوەندی ژن و مێردایەتی) لەو ‏مشتومڕە تاکگەرایانە دەرهاویژرابوو و و کێشەکە لە بنەڕەتدا لەسەر پەیوەندی کوڕە ‏گەورەکان لەگەڵ باوکانیاندا بوو.‏

ژێرخانی تئۆریک بۆ جودایی لیبڕالی نێوان (بواری) تایبەت و گشتی لە کتێبی ‏Second Treatise، جان لاک (‏John Lock‏)دا دراوەتەوە. ‏ ‏ ئەو لە بەرانبەر فیلمێڕFilmer ‎دا ‏ دەڵی کە دەسەڵاتی سیاسی پەیوەندییەکی قەراردادییە و پراکتیزەکردنی ‏لەسەر تاکی ئازاد و یەکسان تەنیا لە سەر بنەمای رەزامەندی ئەوانەوە دەتوانێ ‏رەوایەتی هەبێت. لاک پێ وابوو کە دەستەڵاتی سیاسی نابێ لەگەڵ دەستەڵاتی ‏دایک و باوک بەرانبەر بە منداڵان لە بواری تایبەت و بنەماڵە، کە پەیوەندێکی ‏سرۆشتییە و بە پێگەیشتنی منداڵان کۆتایی پی دێت، هەرەوەها ئازادی و ‏یەکسانی منداڵانی (نێڕینە) مسۆگەر دەکا، تێکەڵ بکرێت. خەڵکی زۆر جاران ئەمە ‏نابینن کە جودایی نێوان بنەماڵە و سیاسەت لای لاک، لەهەمان کاتدا، دابەشینێکی ‏جنسیشە. هەرچەند ئەو پێی وابوو کە جیاوازییە سرۆشتییەکانی نیوان پیاوان، وەک ‏تەمەن و ئیستێعداد، گرینگییەکی ئەوتوێ نییە بۆ یەکسانی سیاسیی ئەوان، بەڵام ‏لە هەمان کاتدا ئەو لە گەڵ ئیدیعای باوکسالارانەی فیلمێڕ یەک بوو کە گۆیا جیاوازی ‏سروشتی نێوان ژن و پیاو، بنەمای ژێردەستەیی ژن یان خود، زۆر کۆنکرێتتر، بنەمای ‏بندەستی ژن بە مێردەکەی، پێکدێنێ. لە راستیدا، لاک هەر لە سەرەتای ‏قسەکانی لە کتێبی ‏Second Treatise، کاتێ دەیەوێ پێشان بدات بۆ دەسەڵاتی ‏سیاسی جیاوازە، ئەوە بە بەدیهی دەگرێ کە باڵادەستی مێردەکان شێوازێکی ‏دیکەیە لە دەسەلاتێکی ناسیاسی. ئەو بە ئاشکرا لەگەڵ فیلمێر هاودەنگە کە ‏گوێرایەڵی ژن بۆ مێردەکانیان ریشەی لە “بنیاتی سروشت” دایە و ئیرادەی مێرد ‏دەبێ لە بنەماڵەدا زاڵ بێت، (چونکو) مێرد، لە روانگەی سروشتییەوە “بە هێزتر و بە ‏تواناترە”. بەڵام بندەستییەکی سروشتی ناتوانێ لە هەمان کاتدا پەیوەندێکی ئازاد ‏و یەکسان بێت. هەربۆیەش، ژنان (ژنەکانی مێردکردوو) لە پلەی “تاکەکان” و، ‏هەروەها لە بەشداریکردن لە دونیای گشتی یەکسانی، رەزامەندی و قەرارداد، ‏بێبەش دەکرێن. ‏
‏ ‏
ئەوە رەنگە وا پێبچیت کە جیاکردنەوەی دەستەڵاتی دایک و باوکی لە دەستەڵاتی ‏سیاسی لای لاک، دەکرێ وەک جیاکردەنەوەی تایبەت لە گشتیش پێناسە ‏بکردرێ. ئەوە لە ڕوویەکەوە ڕاستە؛ بواری گشتی دەتوانێ بریتی بێ لە سەرجەمی ‏ژیانی کۆمەڵایەتی جیا لە بەشی ماڵەوە. هەروەها، تیۆری لاک ئەوە دەردەخا کە ‏چۆن دوو بواری تایبەت و گشتی لە پرینسیپە دژبەیەکەکانی پەیوەندیگرتندا جێگیر ‏بوون، کە وەک نموونەی بەرچاوی پێگەی دژبەیەکی ژنان و پیاوانە: گوێڕایەڵی ‏سروشتی لە بەرانبەر تاکگەرایی ئازاد. بنەماڵە لە سەر بناغەی پەیوەندییەکانی ‏هەست و خوێن و هەروەها لە سەر پێگەی جنسی ژن و مێڕد (دایک و باوک) ‏دامەزراوە. لە لایەکیتروە، بەشداری کردنی لە بواری گشتی لە سەر رێساکانی ‏یۆنیڤێرساڵ، ناشەخسی ‏‎(impersonal)‎‏ و گرێبەستانەی دەستکەوت، بەرژەوەندی، ‏مافەکان، یەکسانی و خاوەندێتی ‏‎(property)‎‏ دامەزراون ـ پێوەرێکی لیبڕالی کە ‏تەنیا پیاوان دەگرێتەوە. ئاکامێکی گرینگی ئەو شێوازە وێناکردنەی بواری ‘تایبەت’ و ‏‏’گشتی’ ئەوەیە کە جیهانی گشتی، و یان ئەو کۆمەڵگا مەدەنییە کە لە تیۆری ‏لیبڕالدا وێناکراوە (لە راستیدا لە سەرجەمی تیۆری سیاسیدا) بە شێوەیەکی ‏ئابستراکت لە بواری خۆماڵی تایبەت جودا دەکرێتەوە. ‏

لێرەدا گرینگە کە ئەو خالە زەق بکرێتەوە کە رەخنەی هاوچەرخی فێمینیستی ‏دووفاقەیی تایبەت-گشتی لە سەر هەمان بنەما و هەمان روانگەی دوو ‏کاتاگۆرییەکەی (لاک) فۆڕمولە دەکرێ. یانی ژیانی خۆماڵ (بنەماڵەیی) بە ‏شێوەیەکی نموونەیی تایبەتە، هەر وەک چۆن لە تیۆری (لاک)دا باسی لێ دەکرێ. ‏بەڵام لە هەمان کاتدا، فێمینیستەکان ئەوە رەدە دەکەنەوە کە جیاوازی تایبەت و ‏گشتی رەنگدانەوەی تایبەتمەنی سروشتی دوو جینسە (ژن و پیاو). ‏فێمینیستەکان دەڵین کە تێگەیشتێنێکی تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی لیبڕاڵ کاتێ ‏مومکینە کە بیسەلمێنین دوو بوار، ناوخۆیی (تایبەت) و کۆمەڵگایی مەدەنی ‏‏(گشتی)، کە وەک دوو بەشی جیاواز و دژبەیەک دەبیندرێن، بە شێوەیەکی چڕ ‏گرێدروای یەکترن: ئەوانە دوو لایەنی سیکەی ‏‎(coin)‎‏ لیبڕاڵ-باوکسالاریزم پێک دێنن. ‏

ئەگەر لە ئاستێکی تیۆریکدا، فێمینیست و لیبراڵەکان لە سەر تێگەیشتنی ‏هاوبەشی تایبەت-گشتی لە ململانی دان لە ئاستێکی‌تردا، ئەوان لە سەر خودی ‏وێناکردنی ئەو دوو کاتاگۆرییە زۆر ناڕێکن. لێرەوە دەبێ بگۆترێ کە تایبەت و گشتی ‏زۆر بەرفرەوانترە لە هاومانایی دەستەڵاتی دایک و باوکی لە بەرانبەر دەستەڵاتی ‏سیاسی کە (لاک) وەک نموونە باسی دەکا. لیبڕالیزم، کۆمەڵگایی مەدەنی بە ‏شێوازی ئابستراکت لە دژی ژیانی ناوخۆیی و بنەماڵەییدا فۆڕمولە دەکا، هەربۆیەش ‏لە ئاکامدا، ژیانی ناوماڵ و بنەماڵەیی لە باسە تیۆریکییەکاندا دەخرێتە پەراوێزەوە. ‏هەر بۆیەش جیاوازی نێوان تایبەت و گشتی سەرلەنۆێ لە وێنەی دابەشبوونی ‏خودی کۆمەڵگای مەندەنی لە ناو خۆیدا و لە چوارچێوەی دونیای پیاواندا، دووبارە ‏وێنا دەکرێتەوە. ئەو جیاوازییە لە چەند دیمەندا، بۆ وێنە: ‘کۆمەڵگا’ و ‘دەوڵەت’ و، یان ‏‏’ئابوور’ و ‘سیاسەت’ و، یان ‘ئازادی’ و ‘ستەمکاری’ و، یان ‘کۆمەڵایەتی’ و ‘سیاسی’، ‏خۆی دەردەبرێ. لەو رەوایەتەی جیاوازی تایبەت ـ گشتی، لایەنەی تایبەت پانتۆڵ ‏دەبەردەکا (ئەگەر زمانی باوکسالارانەی ج.ل. ئۆستین لەم پاشخانەدا بەقەرز ‏وەربگرین). لایەنی گشتی و یان سیاسی کۆمەڵگایی مەدەنی وێدەچێ تێدا بچێ ‏هەروەک، بۆ وێنە ڤۆلین لە (کتێبی) سیاسەت و ڤیژن ‏‎(vision)‎‏ باسی لێوە دەکا.‏ ‏ ‏

پێگەی ناڕوونی ‏‎(uncertain)‎‏ بواری گشتی بە هۆیەکی تایبەتەوە پەرەی سەندووە ؛ ‏ئەو پێوانە یونیڤێرساڵانەی بە رواڵەت بەرێوبەری کۆمەڵگای مەدەنین، لە راستیدا ‏گرێدراوی تێگەیشتنێکی لیبڕاڵانە لە تاکی نێرینەن؛ تێگەیشتێنێک کە وەک ‏‏(تێگەیشتنی خودی) ‘تاک’ ئاراستە دەکرێ. تاک، ئەو کەسایەتییە کە خۆی خاوەنی ‏سامان و خاوەنێتیە، واتە ئەو کەسە جیاواز لە پەیوەندییەکانی بنەماڵەیی و ‏خزمایەتیی و هەروەها لە هاووڵاتییەکانی، دەبیندرێ. ئەو کەسێکی ‘تایبەتە’، بەڵام ‏لە هەمان کاتدا پێویستی بە بوارێک هەیە کە تێیدا مافەکان و دەرفەتەکانی خۆی ‏وەگڕخات و، لەم بوارەدا بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی (تایبەت) بە خۆی و ‏خاوەندییەتی خۆی بکا: هەم بییان پارێزێ و هەمیش زیادیان بکا. ئەگەر هەموو ‏پیاوەکان (تاکەکان) بە شێوازێکی هاوتا هەلسووکەوت بکەن، ئەودەم، هەر وەک چۆن ‏‏(لاک) ئاگاردار بوو، دادڤان ‏‎(umpire)‎ی گشتی (نەک دەستێکی شاراوەیی تایبەت)، ‏و یان نوێنەرایەتی و دەوڵەتێکی لیبڕاڵ، پێویستە بۆ ئەوەی یاساکانی گشتی ‏پەسەند و پەیرەو بکا. چونکە تاکگەرایی بریتییە لە، هەر وەک چۆن (بێن و گاوس) ‏ئاماژەی پێدەکەن، ‘شێوازی زاڵبووی تیۆری و گوتاری لیبڕالییە’، هەربۆیەش نابێ جێی ‏سەرسۆرمان بێ، کە هەم ‘تایبەت’ وهەمیش ‘گشتی’ وەک دوو جووتی ‘ناسراوی’ ‏کاتاگۆری لیبڕاڵین، و یان پانتۆڵیان لە بەر بواری گشتی داکەندووە، دەنا کۆمەڵگایی ‏مەدەنی نەدەبووە بواری بەرژەوەندی تایبەت، چالاکی خاوەندیەتی و تاکی تایبەت. ‏
‏ ‏
لە کۆتایی سەدەی بیستدا، پەیوەندی نێوان ئابووری سەرمایەداری و دەوڵەت چی تر ‏لە پەیوەندی دادڤان و کۆمەڵگایی مەدەنی (لاک) نەدەچوو، هەر بۆیەش ‏سەرلێشێواوییەک ‏‎(confusion)‎‏ لەسەر سنووری نێوان تایبەت و گشتی سەری هەڵدا ‏و پەرەی سەند. بەڵام ، وێناچێ ئەو سەرلێشێواوییە لە چوارچێوەی ئەو روانگە ‏تیۆریکە کە لە ‘بیری چووە’ کە هەڵگری سنوورێکی تری لە نیوان ‘تایبەت’ و ‏‏’گشتی’، بە هاسانی چارەسەر بکردرێ. رێگا چارەسەرێک ئەوەیە کە سیاسی لە ‏ژیانی گشتیدا سەر لە نێۆ سەقامگیر بکرێتەوە. ئەوە جوابێکە کە ڤولین و، هەروەها ‏هابێرماس لە باسێکی ناشەفاف ‏‎(opaque)‎دا سەبارەت بە ‘پرینسیپی’ بواری گشتی ‏فۆڕمەلەی دەکا: بواری گشتی پانتاییەکە کە شارومەندان تێیدا دەتوانن دادڤانی ‏سیاسی ئاگادارانە پێکدێنن. بە پێچەوانەی ئەو تئۆریسییەنانە، ڕخنەی فێمینیستی ‏پێ لە سەر ئەوە دادەگرێ کە ئاڵتێڕناتیڤ بۆ روانگەی لیبڕاڵی دەبێ پەیوەندی دوو ‏لایەنی ژیانی ‘تایبەت’ و ‘گشتی’ بگرێتەوە. پرسیارێک کە فێمینیستەکان ئاراستەی ‏بیری گشتی دەکەن ئەوەیە کە بۆ هیمای باوکسالارانەی ئەو دابەشبوون و جیاوازییە ‏ناسیاسییانە زۆر سووک و هاسان لە بێر دەچێ؟ بۆ دابرانی ئەو دوو دونیاییە بە ‏شیوازێک کە لە کۆمەلگایی مەدەنیدا روو دەدا، و بە شێوازێک کە ژیانی گشتی ‏تەنیا وەک ژیانی نێرانە دەچەمکێندرێت ‏‎(conceptualized)‎؟ ‏

جوابی ئەو پرسیارە تەنیا بە لێکۆڵینەوەی مێژووی پەیونەندی نیوان جودایی ‏بەرهەمهێنان لە ماڵەوە و، سەرهەڵدانی بنەماڵە وەک شتێکی پارادیمانەی ‏paradigmatically‏ خسوسی، دەدرێتەوە. کاتێ (لاک) هێرشی کردە سەر ‏‏(لایەنێکی) باوکسالاریزم، مێردەکان سەرۆکی بنەماڵە بوون، بەڵام ژنەکانیش ‏دەورێکی گاریگەریان دەگێرا لە بەرهەمهێنان، تەنانەت دەوری سەربەخۆیان لە ‏کۆمەڵێک بواری بەهەمهێناندا هەبوو. کاتێ سەرمایەداری و فۆرمی تایبەتی جنسی ‏ئەو و دابەشبوونی چینایەتی هێزی کاری پەرەی سەند، ژنان توڕ درانە ناو ئەو چەند ‏بوارە کەم و پلەنزمەی ئەو بوارانەی کار یان بە تەواوی لە دەرەوی ژیانی ئابووری ‏مانەوە و، بەم شێویەش، کەوتنەوە قوژبنی ماڵ و وابەستەیی “سروشتی”یان لە ‏بواری خێزاند و شەخسیدا. ئێمرۆ، بەدەر لە کۆمەڵیک رێسای مەدەنی پەسەنکراو بۆ ‏یەکسانی، زۆر ئاساییە کە ژنەکان ژێردەستی مێردەکانیان بن، چونکە لە باری ‏بژێوەوە، وابەستەی مێردەکانیانن. وا پیدەچی ئەمە وەک شتێکی بەڵگەنەوسیت ‏ببیندرێ کە گۆیا ژیانی کۆمەڵایەتی لیبڕال دەکرێ شیاوی تێگەیشتن بێت بەبێ ‏ئەوەی ئاماژەیەک بە بندەستی، پەیوەندییەکانی سروشتی و ژنان بکرێ. باسی ‏کۆنەباوی باوکسالاری سەبارەت بە سروشت و سروشتی ژنان هەر بەو شێوازە ‏کۆنەی خۆی گۆڕدراوە بۆ وێنەیەکی مۆدێرن و ئاویتەی لیبڕاڵ ـ سەرمایەداری بوو. ‏سەرنجی تیۆریک و پراکتیکی بە شێوازیکی یەکلایانە بۆ پانتایی گشتی، بۆ ‏کۆمەڵگایی مەدەنی- بۆ “کۆمەڵایەتی” و یان “ئابوور” – تەرخان کرا و وا زاندرا کە ‏ژیانی ناوماڵ بۆ تیۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی، و دونیای پیاوان گرینگ نییە. ئەو ‏راستییە کە باوکسالاری، لایەنی سەرەکی و پێکهێنەری تیۆری و پراکتیکی ‏لیبرالیزمە لە ژیر تەوژمی بە رواڵەت دوو فاقەیی یۆنیڤێرساڵ و ناشەخسی ‏‎(impersonal)‎‏ نێوان تایبەت و گشتی لە نێو خودی کۆمەڵگایی مەدەنیدا، ‏دەشێوێندرێ و ڵێڵ دەکرێت.‏

پەیوەندی نیزیکی نێوان تایبەت و سروشتی لێل دەکری کاتێ، هەروەک چۆن لە ‏باسەکانی (بێن و گاوس) هەست پێدەکرێ، تایبەت و گشتی بە شێوازێکی رەها، ‏دوور لە پاشخانی پەرەسەندنی مێژووییان و جودا لە شێوازە دەربڕینەکانی‌تری ئەو ‏جیاوازیی ساختارییە ناو لێبرالیزم دێنە بەرباس. من پێشتر سەرنجی ئەو خاڵەم دابوو ‏کە کاتێ ئەو جوداییە دەکەوێتە خانەی کۆمەڵگای مەدەنییەوە، دووفاقەیی نێوان ‏تایبەت و گشتی بە شێوازی جۆراوجۆر دەگەڕێتەوە سەر ئەم جوداییە ( بەڕاوەردیەکی ‏تەواوی لیبڕالیزم دەبێ ئەو شیوازانە روون بکاتەوە). هەروەها، تێگەیشتنی ‏فێمینیستی لە ‘تایبەت و گشتی’ و ڕەخنەی فێمینیستی کە جیاوازی و دژبەری ئەو ‏دوو بوارە، زۆر جار لە رێگەی ئەو دەستەواژانە دێنە ئاڕاوە، بەڵام باسی فێمینیستی ‏لە رێگەی بەکارهێنانی کاتاگۆرییەکانی سرۆشت و کولتور، کەسین و سیاسی، ‏ئەخلاقی و دەستەڵات و هەڵبەت هەروەها، ژن و پیاو، و مێینە و نیڕینە، ‏فۆڕمولەکراوە. لە ئاگایی کۆمەڵانی خەلکدا (هەروەها ئاگایی ئاکادێمیکدا) دوو ‏لایەنی مێینە و نێڕینە زۆر جاران بۆ تێهەڵکێشان یان ناساندنی کۆمەڵێک (یان ‏ئاقڵەیەک) جیاوازی و دژبەریی لیبڕالی وەک: ژن و یان- سرۆشت، کەسین، ‏ئیحساساتی ‏‎ (emotional)‎، ئەوین، تایبەت، ئەخڵاق، بندەست: پیاو و یان –‏کولتور،سیاسی، هزر و ئەقڵ، دادڤان، گشتی، فەلسەفە، دەستەڵات، یۆنیڤێرسال و ‏ئازادی کەڵکیان لێوەردگیرێ. بنەرەتی‌ترین و گشتی‌ترینی ئەو دژبەرییانە، ژنان لە ‏گەڵ سرۆشت و پیاوان لە گەڵ کولتور ئاوێتە دەکا و، کۆمەڵێک فێمینیستی هاوچەرخ ‏رخنەی خۆیان لە چوارچیوەی ئەم تێرمانەدا فۆرمولە کردەوە.‏
درێژەی هەیە

پەراوێز
Carol Pateman, (1989) “Feminist Critique of the Public/Private Dichotomy” in The Disorder of Women, Polity Press, pp. 118-140
لەو وتارە ‘ دووفاقەیی’ لە جیاتی دایکۆتۆمی ئینگلیسی بکار هێندراوە. ماوەیەکە دەستەواژەی ‘دوولەتکاری’ بۆتە باو و زۆر کەس لە جیاتی ‘دووفاقەیی’ ، ‘دوولەتکاری’ بکاردێنێ. هەر دوو وەشە لە بەرانبەر دایکۆیۆمی رەنگە بێ بەری نەبن لە کەم و کۆری، بەس من پێموایە ‘دووفاقەیی’ گونجاوترە. وەک وەشە دایکۆتۆمی ئاماژە بە جیاوازی و یان دژایەتی دوو شت و یان دوو بەشی دیادەیەک دەکا. وەک چەمک لە لۆژیک و یان تیۆریدا، مەبەست لە دایکۆتۆمی زۆرتر دابەش بوونی شتێک و یان دیادەیەک بە دوو بەشی جێواز و یان دژبەرە.

له‌ تریبونی فێمینستانی کورد وه‌رگیراوه‌