نه‌جات ئه‌مین ڕێکخەری کاروباری کۆمەڵایەتی سەنتەر: ئافرەت گەورەترین خەفەتی ژیانی منە!

وتار

سه‌نته‌ری نینا
29-04-2011

نەجات ئەمین یەکێ لەو ژنە چالاکانەیە کە ماوەیەکی زۆرە کۆمەڵێک پرسیار لەسەر ژیان و کێشەکانی ژن لە زەینی دا گەڵاڵە بووە و هەمیشە هەوڵی داوە کە رۆژێ بتوانێ جێگایەک بدۆزێتەوە کە بتوانێ وەڵامەکانی خۆی تێدا وەدەست بێنێ.
بۆیە دوای ماوەیەکی زۆر دەگاتە ئامانجی خۆی و دەبێتە ئەندام و هەڵسوراوێکی چالاک لە سەنتەری نینا، کە بۆ رێنوێنی و داڵدەدانی ژنان دامەزراوە لە ستۆکهۆڵم.

یەکێ لەو تایبەتمەندیانەی نەجات خان کە من لە ماوەی ئیش کردنم لە سەنتەری نینا بۆم دەرکەوت ئەوەیە کە ژنێکی زۆر جددی لە کاری خۆی و زۆریش سەربەخۆ لە ئیشکردندا. جگە لەوەی کە سەربەخۆییەکی تەواوی هەیە لە ئیشکردندا هاوکات تێڕوانین و بیرکردنەوەی تایبەت بەخۆی هەیە سەبارەت بە پرسی ژنان.

لە رێگای ئەم ووتووێژەوە هەوڵدەدەین زیاتر بچینە ناو ژیانی ئەو ژنە دەگمەنە چالاکە. کاتێک کە ووتم نەجات خان دەمەوێت چاوپێکەوتنێک لەگەڵ تۆ بکەم و زۆر گرنگە کە خوێنەرانی ماڵپەرەکەی ئێمە لەسەر ژیان و ئەزموونەکانی تۆ زانیاریان هەبێت ئەو ووتی: “من فکرناکەم شتێکی ئەوتۆم هەبێت کە جێگای باسکردن و بڵاوکردنەوە بێت”، ئەمە یەکێکە لەو تایبەتمەندیانەی کە سەرنجی منی راکێشا بۆیەش ئەم چاوپێکەوتنەمان لەگەڵ کرد.

نەجات ئەمین کە رێکخەری کاروباری کۆمەڵایەتی سەنتەری نینایە پێشینە و دەستپێکی ناسین و زانیاریەکانی خۆی بۆ ئەم رێکخراوە دەگێرێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٩٤ و باس لەوە دەکات کە ناوی ئەو رێکخراوەیەی ئەو ئەوکات پێی ئاشنا دەبێت و دەیەوێت ئیشیان لەگەڵ بکات ناوی رێکخراوی سەربەخۆیی ژنانە و بەهۆی ئەوەی کە بووکەکەی نەجات خان خۆی بەشدارێکی چالاکی ئەم رێکخراوە بووە و بۆیەش ئاشنایەتی ئەوی لەگەڵ ئەم رێکخراوەیە ئاسانتر کردووە و لە رێگای ئەوەوە زیاتر زانیاری لەسەر بیروبۆچوونی ئەو رێکخراوەیە وەرگرتووە، بۆی دەرکەوتووە کە ئەو رێکخراوەیە بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی ژنان و باشکردنی ژیانی ژنان هەوڵدەدەن، بەڵام نەجات خان ئەوکات کاری لەگەڵ نەکردوون، دواتر کە دێتە سوێد و دەیەوێت ژیانێکی نوێ دەستپێبکات لە ساڵی ٢٠٠٧ دا کاتێک ئاهەنگی کردنەوەی شوێن و جێی سەنتەری نینا دەکرێت، نەجات خانیش دەعوەت دەکرێت و بەشداری ئەو ئاهەنگە دەکات.

نەجات خان ئاماژە بەوە دەکات کە جگە لەوەی کە لە ئه‌وروپا بەتاڵییەکی زۆری بۆ دروستبوو بە دوای شتێکدا دەگەڕا کە تێیدا هەست بەبوونی خۆی بکات و بەتاڵییەکانی ژیانی پێ پڕبکاتەوە هاوکات ئەزموونی ژیانی ئەو وەک ژنێکی زەحمەتکێش لە کوردستان وای کردبوو کە باوەر به‌وه‌ بێنێ کە دەبێ ئەو ئەزموون وژیانه‌ی ئەو هەیبووە بە شێوەیەک لە شێوەکان بیگەیه‌نێ بە ژنانی تر و لەوبوارەدا چالاک بێت. بۆیە لە ٢٠٠٧ بەدواوە ئیدی راستەوخۆ دێتە ناو سەنتەرەکەو بەشێک لە کاروباری ناوخۆی سەنتەرەکە هەڵدەسوڕێنێ.
نەجات خان باس لە بەشمەینەتیەکانی خۆی دەکات لە کورستان و دەڵێت: “بەهۆی ئەوەی کە ژن بووم و لە کۆمەڵگایەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژیام کێشە و چەرمەسەری زۆرم بۆ هاتۆتە پێش و هیچ کات لە مەرحەلەکانی ژیانمدا وەک کەسێکی ئاسایی نەژیاوم”.
لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا ژنان و کچانی وڵاتی ئێمە ئێستاش وەک ئەو کە بۆتە قوربانی سەردەمێک و کێشەی زۆر بووە و توندوتیژی دەرهە‌ق کراوە، ئایا ئێستاش ژنان لەو نالەباری و نایەکسانیانەدا دەژین. نەجات خان لە وەڵامی ئەوەدا دەڵێت کە جاران گیروگرفتەکان کەمتر بوون لە ئێستا و بەهۆی ئەوەی کە ئاڵوگۆری گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هاتوونە پێش و بەهۆی ته‌کنه‌لۆجیاوه‌ ئامرازەکانی پەیوەندی خەڵک بەگشتی و زانیاریان لەسەر ژیانی خەڵکانی تر ئاسانتر و خێراتر دەستدەکەوێت ئەمەش وایکردوە کە ژنانی ئێمەش خۆیان لەگەڵ ژنان لە کۆمەڵگە جیاوازەکانی جیهاندا بەراورد بکەن و بەمەش داواکاریان زۆرتر دەبێت و ووشیاریان لەسەر مافەکانی خۆیان زیاتر دەبێت، ئەمەش وا دەکات کە شەڕ بکەوێتە نێوان نۆرمە دواکەوتووەکان و نۆرمە تازەکانی ژیانکردنی تاکەکان بەتایبەت کاتێ ژن کە بەردەوام هەوڵدراوە لەناو نۆرم و تابۆکاندا زیندانی بکرێن. ئەم شەڕەش کە لە نێوان تازە و کۆن دا دروست دەبێت تراژیدیایی زۆر گەورە دەخوڵقێنی و کوشتن و خۆسووتاندن و ترساندنی ژنان بۆتە دیاردەیەکی بەرچاو لە ئەمڕۆی کوردستان دا.

لەوەڵامی ئەوەی کە چۆن چۆنی ژنان هاوکاریان دەکرێ و چۆن ئەو سەنتەرە دەتوانێت ژیانی ئەوان باشتر بکات نەجات خان دەڵێت: ” ئەو سەنتەرە جێگایەکە کە لە پرۆسەیەکی درێژخایەندا دەتوانێت کاریگەری لەسەر ژیان و کرداری ئەو ژنانە دانێت و ووشیاریان دەکەنەوە بە مافەکانی خۆیان و فێری ئەوەیان دەکەن کە چۆن بەرگری لە مافەکانی خۆیان بکەن و بوێرن ئازادیەکانی خۆیان بپارێزن. بە ووتەی نەجات ئەمین زۆر گرنگە کە ئەو ژن و کچانەی روو لەسەنتەرەکه‌یان دەکەن بۆ داڵدەدان دەبێ خۆیان بزانن بۆچی هاتن و دەیانەوێت چیان بۆ بکرێت، لەبەر ئەوەی لەدەست زوڵم زۆرییەک هەڵدێن دەبێ باش لە هۆکارەکانی ئەو زوڵم و زۆرانە ئاگاداربکرێنەوە کە لێیانکراوە و بۆ ژیانی داهاتوویان ئەوەندە ئاگادار و ووشیار بن لەسەر مافەکانیان کە ئیدی جارێکی تر رێگا نەدەن هیچ پیاوێک بە بیانووی جۆراوجۆر تووندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام بدات.
نەجات خان باسی ئەوەشی کرد کە ئەو لە رێگای باسکردنی ئەزموونەکانی خۆی بۆ ئەو ژنانەی کە تووشی کێشە دەبن دەیەوێت هاوکارێک بێت بۆ ئەو قوربانیانەی کە باوەڕبەخۆبوونیان نییه و کەسایەتیەکی بێهێزیان هەیە، ئەو لەوباوەڕەدایە کە ئەم شێوە گێڕانەوانەی ئەویش بۆخۆی دەتوانێت ئیرادەی ژنان بەهێزبکاتەوە. جگە لەوەش نەجات ئەمین پێی وایە ئەگەر ئاستی زانیاری و تێگەیشتنی ژنان بچێتەسەر و ژنان خاوەن بڕوانامەی زانکۆ بن ئیدی دەتوانن ووشیاریش ببنەوە بە مافەکانی خۆیان، ئەوەش وا دەکات کە رێگا نەدەن تووندوتیژیان بەرامبەر بکرێت. ئەو پێی وایە ئەگەر مرۆڤ بە زانیاریی و تێگەیشتنەوە ژیان پکات زیاتر چێژ لە ژیان وەردەگرێت.

لەوەڵامی پرسیارێکی ئێمەدا سەبارەت بەوەی کە ژنان لە کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە کاریش دەکەن لە دەرەوەی ماڵ کەچی هێشتا خاوەنی کەسایەتی و جەستە و چارەنووسی خۆیان نین بە گشتی و ئێستاش ژن ئیرادەی بێهێزە و هەموو هەڵسوکەوتنەکانی لەلایەن باوک، برا، مێرد و زۆر جار پیاوانی تری سەر بە خێزانەکانیان سانسۆر و سنووردار دەکرێت، نەجات ئەمین پێی وایە لەگەڵ ئەوەی کە ژنان بەشداری ژیانی ئابووری خێزان دەکەن و دەرۆنە دەرەوەی ماڵەکانیان بۆ ئیشکردن کەچی هێشتا و بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو بێ حورمەتی بە کەرامەت و ئازادیەکان و مافەکانی ژن دەکرێت لەبەر ئەوەی کارکردن بۆ ووشیاری کۆمەڵایەتی و زانیاری بڵاوکردنەوە لەسەر مافەکانی ژن کەمە لەوێ و ئەو ژنانە زۆرن کە سەرەرای ئەوەی لە دەرەوەی ماڵەکانیان کار دەکەن کەچی هێشتا ئاشنا نین بە مافەکانیان و ئەمەش وا دەکات کە نەتوانن بەرگری لە خۆیان و لە مافەکانیان بکەن.
بەشداری کەم و زۆری ژنان لەو کۆبوونەوانەی کە سەنتەرەکە بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی رەوشی ژنانی پەنابەر لە سوێد دەیکا و لەو رێگایەوە بە ووتەی نەجات خان دەتوانرێت کۆمەڵێک ئەزموون و بیروبۆچوونی جیاواز لەسەر ژیان و کێشەکانی ژنی پەنابەر لە سوێد بە دەست بخرێت، ئەمەش وا دەکات کە ژنەکان ئاشنا بن بە کێشە و ئەزموونە هاوبەشەکانی یەکتر و لە رێگای ئەم ئاشنابوونەش هەوڵدەدەن کە بەرێگای باسوخواسەکان رێگایەک بدۆزرێتەوە کە ببێتە چارەسەر و رێگر لەبەردەم کێشە هاوبەشەکانیان.
بە باوەری نەجات خان ژنان کاتێ دادەنیشن بەیەکەوە و باسی کێشە و ژیانی تایبەتی و ئەزموونە تایبەتیەکانی خۆیان دەکەن ئیدی زۆر ئاسانتر دەتوانرێت رێگا چارە بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە. نەجات خان ووتی کە ژنان بەپێی توانایان هاوکاری دەکەن و جار جاریش کەمێک لە کاروبارەکانی ئێمە رادەپەڕێنن. نەجات خان لەبەر ئەوەی خۆی یەکێک لە بەڕیوەبەر و رێکخەرانی بۆنەکانی سەنتەرەکەیە، باس لەوە دەکات کە چۆن بۆ نموونە جەژنی هەشتی مارس پیرۆز دەکرێ، باس لە کاری هاوبەش و کاری هاوبەشی رێکخراو و گروپە جیاوازەکانی ژنان دەکات کە بەیەکەوە کار دەکەن لەو بۆنانە دا و ئەم یادکردنەوانەش وەک بیانوویەک دەبینێت بۆ ئەوەی ژنان لە نزیکەوە یەکتر ببین و ئەزموون و بیروبۆچونەکانیان لەسەر رەوشی ژنان بۆ یەکتر باس بکەن.

لە وەڵامی پرسی ئەوەی کە ئایا گرنگە کە لە وڵاتدا سەنتەری وەک نینا و ئیشکردنی مرۆڤی بەئەزموونی وەک تۆ هەبێت کە بتوانێت کاریگەری درێژخایەنی هەبێ لەسەر ژیانی ژن. نەجات خان ووتی : ” ئەگەر رێکخراوێکی لەو شێوەیە هەبێت بێگومان بێ هیچ ترس و دوودڵییەک ئیش دەکەم و هەموو تواناکانی خۆم بەکاردێنم بۆ ئەوەی بتوانم کاریگەرییەکی ئەرێنیم هەبێت” ، ئەو ووتی لە پرۆسەی ئیشکردنیشی دا سڵ لە هیچ قسەیەک ناکاتەوە و بێ باکانە کار دەکات. نەجات خان ووتی کە پێشتر بەهۆی ئەوەی کە خۆی لەگەڵ دین یەکلا نەکردبۆوە و دینیش وەک رێگرێک دەدیت لەبەردەم کار و چالاکیەکانی خۆی، بۆیە ووتی کە دوای ئەوەی کە خۆی لە دین جیاکردەوە باوەڕی بەوە هێنا کە دەبێ کار بکات. بە بۆچوونی نەجات ئەمین دین و بەرگری کردن لە مافەکان ژن یەکترناگرنە و بە ووتەی ئەو ناکرێ باوڕت بە یاسا و نۆرمەکانی دین بێت و باس لە مافەکانی ژنیش بکەیت. بۆ نەجات خان ئەمەش بەو مانایە نیە کە لە کۆمەڵگەیەکدا کە بەشی زۆرینەی موسوڵمانە دژی ئەم دینە بووەستێتەوە بە بیانووی ئەوەی ئیش بۆ ژن دەکات، ئەو پێی وایە کە دەبێ لە رێگای خۆی و بە ئارامی و بەئاگاییەوە کار بۆ مەسەلەی ژن بکرێت و پێویستیش ناکات کە بۆ کارکردن بۆ ژن هێرش بکرێتە سەر دین.

نەجات خان بۆ خۆی ژنێکە کە سەرپۆشی نیە و جلوبەرگێکی ئاسایی لەبەرە، باوەریشی بە دین نیە، بەڵام باوەرێک لای نەجات خان هەیە کە تێیدا باس لەوە دەکات کە نابێ ژن وا بکات کە لە رێگای جەستەی رووتیەوە چێژ بدات بە پیاو و ئەوە هیچ پەیوەندی بە ئازادییەوە نیە بە ووتەی ئەو. کاتێک کە پرسیم کە ئێستا بیرکردنەوەیەکی ئەوتۆ هەیە کە باس لەو چێژە دەکات کە پیاوان هەیانە بۆ ئەوەی بزانن ئەوەی لەپشت داپۆشینەوە هەیە بیبین و کەشفی بکەن. نەجات خان زۆر بە ڕاشکاوانە و بێ دوو دڵی ووتی کە ” با پیاوان بە حەسرەتی ئەم دیتتنەوە بمرن”.

ویستم باسەکەمان بە ئەزموونی ژیانی تایبەتی خۆی کۆتایی پێبێنم بۆیە لە فرسەت کەڵکم وەرگرتوو وتم پیاو لە ژیانی تۆدا چەندە حزوری هەبووە و چۆن، نەجات خان لە وەڵامی ئەو پرسیارە ووتی کە ئەو بیرەوەرییەکی خۆشی نیە لەگەڵ پیاو و زۆر جاران ئازاری چێشتووە بە دەست پیاوەوە، بۆیەش کاتێک مێردەکەی کۆچی دوایی دەکات ئەو هەرچەند گەنجیش دەبێت کەچی بڕیار دەدات کە ژیانی هاوبەش لەگەڵ پیاوێک دروستنەکاتەوە و دەست دەکات بە بەخێوکردنی دوو کوڕەکانی و هەموو ژیانی بۆ ئەوان تەرخان دەکات و پەشیمانیش نیە لەوە. نەجات خان ووتی کە لەو ژیانەی خۆی زۆر ڕازییە و ئازادیەکانی خۆی و مافەکانی زۆر بۆ گرنگترە تا ژیانکردن لەگەڵ پیاوێک، ئەو پێی وایە کە ژیانکردن لەگەڵ کەسێک بەرپرسایەتی زۆرە ئەو تاقەتی ئەو بەرپرسایەتییەی نیە.