جیهانبینی پیاوانه‌، و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵناسی

وتار

لاخوازی و لایه‌نگری پیاوانه‌ وه‌ها كاریگه‌ریه‌كی به‌ هێزی خستۆته‌ سه‌ر پێكهاته‌ی زانستی كۆمه‌ڵناسی كه‌ له‌ به‌ رچاو نه‌گرتنی رۆڵی ژن و كاریگه‌رییه‌كانی له‌ ئاستی كۆمه‌ڵگه‌دا ، نه‌ ته‌نیا نوقسانیه‌كی بچوك نیه‌ به‌ڵكو پادایمێكی پیاوانه‌یه‌ كه‌ سێبه‌ر ی خستۆته‌ سه‌ر هه‌موو به‌شه‌كانی ئه‌م زانسته‌ و هه‌موو پێناسه‌كان، لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌ چاو وفیكری پیاوانه‌وه‌ پێناسه‌كراوه‌ و له‌م نێوانه‌شدا ژنان خراوه‌نه‌ته‌ په‌راوێزه‌وه‌. كۆمه‌ڵناسیش وه‌ك زۆر له‌ زانسته‌كانیتر له‌ ژێر ركێفی پیاواندایه‌ و ئه‌م راستییه‌ش له‌ تیۆرییه‌كان ، مێتۆده‌كان و لێكۆڵینه‌وه‌و سیستمی په‌ره‌وه‌رده‌یی ئه‌م زانسته‌ واتا و فۆنكسیۆنێكی بنگه‌هی هه‌بووه‌ .

سه‌ره‌رِای زۆر ره‌خنه‌ و گوشاری بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌ ئاست جیهانیدا له‌ سه‌ر پارادایمی پیاوانه‌ی زاڵ له‌ كۆمه‌ڵناسیدا به‌لاَم هێشتا گۆرِانكارییه‌كی گشتی و جه‌وهه‌ری له‌ سه‌ر شێوه‌ی پیاوانه‌ی پێكهاته‌ی ئه‌م زانسته‌ دروست نه‌بووه‌.

هه‌ر چه‌ند ژماره‌ی خوێندكاران و لێكۆڵه‌رانی ژن له‌ نێو زانستی كۆمه‌ڵناسی زۆرن و له‌ زۆر شوێنیشدا زۆرتر له‌ پیاوانن ، به‌لاَم هێشا ژنان رۆڵی كه‌میان له‌ ئاسته‌ بالاَ و كلیدیه‌كان هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵناسیه‌كی پیاوانه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن و به‌تایبه‌ت به‌ پاساو دانه‌وه‌ی جیاوازی ژن و پیاو به‌ شتێكی سروشتی و له‌ هه‌ندێك شوێنیش بیۆلۆژیكی، ره‌وشی بنده‌ستی ژنیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ پته‌وتر كردووه‌.

له‌ خه‌بات و چالاكی ژنان له‌ نێو گۆرِه‌پانه‌ ئاكادێمیكییه‌كان به‌تایبه‌ت له‌ رۆژئاوادا، هه‌ندێك گۆرِانكاری كه‌ به‌ نیسبه‌ت هه‌ستیار بوونی زانسته‌كه‌ زۆر له‌ ئاستێكی نزمیشدا بێت، رووی داوه‌.

كۆمه‌ڵناسان وه‌كوو پێشتر ئیدی ناتوانن و نابێت كه‌ رۆڵی ژنان و دابه‌شكردنه‌ ره‌گه‌زیه‌كان له‌ به‌رچاو نه‌گرن و هه‌موو شتێك به‌ زینییه‌ت و پارادایمی پیاوانه‌وه‌ پێناسه‌ بكه‌ن. به‌لاَم هێشتا چ له‌ ئاستی رۆژئاوا و به‌تایبه‌ت له‌ ئاستی ولاَتانی جیهانی سێهه‌م، لێكۆڵینه‌وه‌ كۆمه‌ڵناسیه‌كان فاكته‌ر و مۆركی پیاوانی له‌ سه‌ره‌ و پیاوان وه‌ك نموونه‌ی گشتی كۆمه‌ڵگه‌ باسیان لێوه‌ ده‌كرێت. كۆمه‌ڵناسی پیاوانه‌ كه‌ ئیدی ناتوانێت روانگه‌ی ژنان له‌ نێو ئه‌م زانسته‌ له‌ به‌رچاو نه‌گرێت هه‌وڵ ده‌دات هه‌میشه‌ ئه‌م روانگه‌یه‌ بخاته‌ په‌راوێزه‌وه‌، هه‌ر چه‌ند كه‌ كۆمه‌ڵناسی زانستێكه‌ بۆ تێگه‌یشتنی په‌یوه‌ندی نێوان تایبه‌تمه‌ندی و ئه‌زموونی تاكه‌كان له‌ نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كه‌ تێیدا ژیان ده‌كه‌ن.

به‌لاَم به‌ داخه‌وه‌ كه‌ ئه‌م زانسته‌ چونكو پێكهاته‌یه‌كی پیاوانه‌ و ته‌ك روانگه‌یی بووه‌ قه‌ت نه‌یتوانیوه‌ ژیان و ئه‌زموونی ژنان له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا ئۆبژه‌كتیڤ پێناسه‌ بكات و لێكۆڵینه‌وه‌كانیشی هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ ژیان و ئه‌زموونی ژنانه‌وه‌ نه‌بووه‌ ، چونكوو كۆمه‌ڵناسی به‌ جیهانبینیه‌كی پیاوانه‌ و له‌ په‌نجه‌ری چاوی پیاوانه‌وه‌ فۆرمی گرتووه‌ و هه‌ر بۆیه‌ كۆمه‌ڵناسی به‌رامبه‌ر به‌ كێشه‌ی ژنان ، تێگه‌یشتنێكی زۆر لاواز و بێگیانی بووه‌ و نه‌یتوانیوه‌ به‌ روانگه‌یه‌كی بێلایه‌نه‌ بابه‌تی ره‌گه‌ز پێناسه‌ بكات و ئه‌زموون و بابه‌ته‌كانی سه‌باره‌ت به‌ ژنان گرنگی نه‌دراوه‌ته‌ سه‌ر و ته‌نانه‌ت به‌ بابه‌تێكی سۆبژه‌كیڤ و تاكی چاوی لێكردووه‌ و هه‌میشه‌ ژنانی به‌ چاوی پیاوانه‌وه‌ سه‌یر كردووه‌، نه‌ك ژنان وه‌ك خوه‌یان و ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ن و تایبه‌تمه‌ندییه‌ ژنانه‌كانی خوه‌یان و ته‌نانه‌ت رۆڵێكی زۆر به‌چاو و گرینگیشی بووه‌ له‌ پته‌و كردنی پێگه‌ی ژێرده‌ستی ژنان و ده‌سه‌لاَتدارێتی پیاوان له‌ كۆمه‌ڵگه‌كاندا. ئه‌م زانسته‌ كه‌ هه‌میشه‌ دروشمی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ پارادایمێكی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نی به‌رامبه‌ر به‌ راستییه‌كان هه‌یه‌، به‌لاَم به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ پراكتیكدا هه‌موو كاتێك راستییه‌كانی به‌ چاوی پیاوانه‌وه‌ سه‌یر كردووه‌.

“كه‌ واته‌ كۆمه‌ڵناسی له‌ باشترین حاڵه‌تی خوه‌یدا كوێره‌ ره‌گه‌ز و له‌ خراپترین حاڵه‌تیشدا ره‌گه‌ز په‌ره‌سته‌” له‌ باشترین حاڵه‌تیدا ئه‌وه‌ی جیاناكاته‌وه‌ كه‌ پێكهاته‌ی كۆمه‌لاَیه‌تی و ئه‌زموونه‌كانی ژن و پیاو وه‌ك یه‌ك نیه‌ن و له‌ سه‌ر ئه‌و جیا نه‌كردنه‌وه‌ش پرسی ره‌گه‌ز له‌ به‌ر چاو ناگرێت. له‌ حاڵه‌ته‌ خراپه‌كه‌شیدا ئه‌زموونی ژنان به‌ لارێدا ده‌بات یان هه‌ر له‌ به‌رچاو ناگرێت و ده‌سه‌لاَتداری و زوڵمی پیاوانیش له‌ ژنان پشت گوێ ده‌خات یان به‌ بابه‌تێكی سروشتی له‌ قه‌ڵه‌می داوه‌.

هه‌ر بۆیه‌ له‌ پێواژووی نوێی جیهانیی له‌م سه‌ده‌یه‌دا كه‌ ئه‌بێت هه‌موو زانسته‌كان و گۆرِپانه‌ چاره‌نووس سازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی پێناسه‌ی نوێ بۆ خوه‌یان دابنێن ، پێناسه‌یه‌ك كه‌ ماف و رۆڵی هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و چین و ره‌گه‌ز و ره‌نگێكی تێدا بپارێزریت و له‌ به‌رچاو بگیرێت و گرنگی پێبدرێت. كه‌واته‌ زانستی كۆمه‌ڵناسیش كه‌ هه‌تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌ و تیۆریه‌كانی به‌ زۆری له‌ سه‌ر نیوه‌یه‌ك له‌ نفوسی مرۆڤه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ بووه‌ پێگه‌ و رۆڵی ئه‌و نیوه‌كه‌یتر پشت گوێ خراوه‌ و گرنگی نه‌دراوه‌ته‌ سه‌ر، ئه‌بێت پارادایمی خوه‌ی له‌ سه‌ر پێكهاته‌كه‌ی بگۆرِێت و فۆندانسیۆنی خۆی له‌ سه‌ر پێناسه‌ نوێكانی دیموكراسی و مافی به‌رامبه‌ری مرۆڤه‌كان دروست كات و له‌ پاڵ چین، نژاد، نه‌ته‌وه‌، و ته‌مه‌ن بۆ پرسی ره‌گه‌زیش لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی وئۆبژه‌كتیڤ بكات و له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ سه‌ر له‌ نوێ خوه‌ی تیۆریزه‌ بكات.

له‌ ده‌نگی ژن وه‌رگیراوه‌