سەنتەری نینا هۆکاری رەتکردنەوەی پەنابەری ژنانی کورد لەسوید ئاشکرا دەکات و داوای هەڵوێست لەمرۆڤ دۆستان دەکات!

سەنتەری نینا, وتار

نینا / گۆڤاری سڤیل
رزگار رەزا چوچانی / سوید
لەم چەند ساڵەی دوایدا، زۆربەی ئەو کوردانەی روویان لە وڵاتی سوید کردووە لە هەرێمی کوردستانەوە و داوای مافی پەنابەرییان کردووە، لەلایەن حکومەتی سویدەوە داواکەیان رەتکراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی سویدیەکان پێیان وایە کوردستان لەباری ئەمنیەوە جیاوازترە لەبەشەکانی تری عێراق. ئەو کەیسانەی زیاتر چانسی قبوڵکردنیان هەبوو، کەیسی ئەو ژنانەبوو کە کێشەی کۆمەڵایەتیان هەبووە، مەترسیان لەسەر ژیانی خۆیان دەبینی، لەم یەک دوو ساڵەدا زۆرێک لەو کەیسانەش رەتدەکرێنەوە و بەدەگمەن قبوڵ دەکرێن.

هەڵاڵە رافع لێپرسراوی سەنتەری نینا لە وڵاتی سوید کە سەنتەرەکە تایبەتە بە داڵدەدانی ژنان، لەبارەی هۆکاری رەتکردنەوەی ژنانی باشوری کوردستان لە سوید تایبەت بەگۆڤاری سڤیل دەڵێت”ئێمە لەم ماوەیەدا کەیسی ئەو ژنانەمان زۆر بووە کەکێشەی کۆمەڵایەتیان هەبووە، لەگەڵ ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە لەوڵاتی خۆیان بەڵام لەسوید رەفزدەکرێن و زۆر کەمیان قبوڵ دەکرێن. دیارە چەند هۆکارێک هەیە، یەکێک لە هۆکارە ئەساسیەکان سیاسەتی وەزارەتی هیجرەو کاروباری پەنابەری خۆیەتی، کە وەرگرتنی پەنابەری زۆر سنوردارکردوەو هەوڵ دەدات لە بچوکترین هۆکار بگەڕێت تا ئەو کەیسانە رەتبکاتەوە، دەبێت ئەو کەسە بیسەلمێنێ کە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە تا قبوڵ بکرێ، بۆ ئەو مەبەستە تەحقیقاتی خۆی دەکات تا هۆکاری رەتکردنەوەکە ئامادە بکات، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، کەلەم چەند ساڵەدا بەدواداچونی خۆی کردووە. بێگومان دەوڵەتی سوید کاتێ لێکۆڵینەوە دەکات سەرچاوەی سەرەکی زانیاریەکانی دامودەزگا حکومیەکانی کوردستانە، ئەوەش زەربەی گەورە لەکەیسی ژن دەدات، چونکە بێگومان هیچ دەسەڵاتێک باس لە دۆخی خراپ ناکات لەوڵاتەکەی خۆیدا. دەبوو دەوڵەتی سوید لەگەڵ رێکخراوەکانی دەرەوەی حکومەتیش لێکۆڵینەوەی لەپرسی ژن بکردایە لەکوردستان، تا بزانی دۆخی ژنان چۆنە؟ بزانێ ئەو ژنانەی کێشەی کۆمەڵایەتیان هەیە مافی رەتکردنەوەیان هەیە؟ یان قبوڵکردن؟ بۆ ئەو مەبەستە ئێمە رەخنەی خۆمان گرتووەو رەخنەش دەگرین”.

بەرپرسی ئەو سەنتەرەی داڵدەدانی ژنان لە سوید، وردەکاری هۆکاری رەتکردنەوەی ژنانی کورد لە سوید ئاشکرا دەکات و دەڵێت” ئێمە داکۆکی لەو ژنانە دەکەین کە مافی پەناهەندەییان نادرێتێ و دەیانەوێ بەزۆر بیاننێرنەوە کوردستان، بۆیە چ بە شێوەی شاهید یان بە نوسراو پشتیوانیان لێدەکەین لەلای وەزارەتی هیجرە، بەڵام لەم ماوەیەی دوایدا لە چەند کەیسێکدا لەگەڵ بڕیاری رەتکردنەوەکەدا دائیرەی هیجرە راپۆرتێک بۆ ئێمە دەنێرێت و دەڵێت دۆخی ژن لەکوردستان باشە و پشت پێ دەبەستێت، بەقسەکانی بەڕێزان ئاری رەفیق و هودا زەنگەنە، لە بەڕێوەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، کە لەگەڵ وەزارەتی هیجرەی سوید دانیشوون، ئەوان لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٩ هاتونەتە سوید، قسەیان لەسەر دەزگاکەی خۆیان و دۆخی ژنان کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەوان لەو بوارەدا کاریان کردوەو ئامارو بەدواداچونیان هەیەو لە هەندێ لایەندا رەنگە چاکسازیان کردبێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە زۆر لایەندا وێنەیەکی تا ڕادەیەک خەیاڵیان داوە لەسەر وەزعی ژنان لە کوردستان، کە ئەگەر یەکێک بیخوێنێتەوە پێیوانیە ئەوە کوردستان بێت. بێگومان ئێمە قسەمان لەسەر ئەوە نیە کە هەمو ژنێک لەویوە دێت خەتەری لەسەرە یان تەهدید کراوە، بەڵام لەو حاڵەتانەش کەم نین ئەو ژنانەی کە ڕودەکەنە ئێمە، ئێمەش پاش لێکۆڵینەوەی خۆمان لە ڕاستی ودروستی کەیسەکان پشتیوانیان دەکەین، هەرچەند پێمان وایە هەموو ئەو ژنانە پێویستیان بە پشتیوانیە.
ئەو شتانەی کە ئەو بەڕێزانە باسیانکردوە وتیویانە دەوڵەت لەکوردستان ئێستا دەتوانێ سوڵح بکات، لەنێوان ژنە کێشەدارەکان و خێزانەکانیاندا، ئەوەش وا دەکات ژنان بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بمێننەوە لەکوردستان، پۆلیس ژیانی ئەو ژنانە دەپارێزێت کاتێک کە ڕێککەوتن نامە لە نێوان خێزان و پۆلیسدا ئیمزا دەکرێ، سەبارەت بەو ژنانەی پەنا دەبەنە بەر پۆلیس، کچەکە دەبێت خۆی قبوڵی بکات بچێتەوە بۆ ماڵەوە یان لای دەوڵەت بمێنێتەوە، ئەگینا ماڵە مێردو ماڵە باوک ناتوانن بەزۆر بیبەنەوە، هەروەها لە حاڵەتێکدا ئەگەر بڕواتەوە لەگەڵیاندا دەبێت کچ یان ژنەکە مافی ئەوەی هەبێ کە تەلەفۆنی هەبێ، هەرکات ئەزییەتیان کرد، بتوانێ پەیوەندی بە بۆ پۆلیەسەوە بکات، هەروەها دەبێ دوو جار لەمانگێکدا خێزانەکە لەگەڵ کچەکەیاندا بچن بۆ پۆلیس ئمیزا بکەن، کە هیچ ئەزیەتێکی کچە یان ژنەکەیان نەکردووە. بەم قسانەشەوە نەوەستاون و وتوشیانە ئەگەر ژنان کێشەشیان لەگەڵ خێزانەکانیان هەبێت دەتوانن بەتەنیا بژین و ماڵی جیایان هەبێ و خۆیان بەڕێوە ببەن، لەڕێگای بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئەوانەوە دەگوازرێنەوە شارێکی ترو لەوێ بەتەنیا دەژین و کاریان بۆ دەدۆزنەوە کە پێی بژین و ماڵی باوکیشیان ناتوانن بیاندۆزنەوەو دەستیان پێیان ڕابگات. لە ڕاپۆرتەکەشدا هاتووە کە وتویانە رۆژانە لەلایەن پۆلیسەوە ئاماری ئەو ژنانەی کە ئەکوژرێن و توندوتیژیان لە بەرانبەر دەکرێت یەکسەر دەگاتە دەستی دەزگاکەیان.
هەر لەو ڕاپۆرتەدا باسیان لەوە کردوە، کە توندوتیژی و کوشتنی ژنان کەم بۆتەوە، لەکاتێدا کە تەنها کوشتنی ڕاستەوخۆ نیە کە ڕەچاو ئەکرێ بەڵکو ئەو توندوتیژیە شێوەی تری بەخۆیەوە گرتوە کە خۆسوتاندن و خۆکوشتنە، ئەوانەش هەر ئەچنە خانەی کوشتنی ژنانەوە لەبەر ئەوەی ژنان ناچار دەکرێن بەو کردارە، هەروەها خەتەنە کە زیادی کردوە شێوەیەکە لە شێوەکانی توندوتیژی”.

هەڵاڵە رافع رای خۆی لەسەر قسەکانی بەڕێز ئاری رەفیق لەوەزارەتی هیجرەی سوید دەخاتە ڕوو دەڵێت: “بەڕێوەبەرایەتیەکەی ئەوان ئەگەر بە واقیعی کار بۆ ژن دەکات، من دەستخۆشیان لێ دەکەم، بەڵام لەسوید کێشەیان بۆ چەندەها ژن خوڵقاندووە، بە هۆی ئەوەی کە لەبەردەم دائیرەی هیجرە ئەگەر بەهەشتێکی تەواو نەبێ نیمچە بەهەشتێکیان بۆ ژنان وەسف کردوە لەکوردستان، لە کاتێکدا ئەو ژنانە کە ناتوانن بچنەوە وڵاتی خۆیان و مەترسیان لەسەرە، کاک ئاری و بەڕێوەبەرایەتیەکەشیان هەمان ئەو بێ مافییە ئەسەپێنن کە خێزانەکانی خۆیان بەسەر ئەو ژنانەیاندا سەپاندوە. چەندین ژن هەیە بەهۆی قسەکانی ئەوانەوە ئێستا لە سوید هیچ دەرەتانێکی نیە و ناتوانێ بە ئاشکرا بژی، ئەو قسانەی ئەوان سیاسەتی ئەم وڵاتانەشی چەواشەکردووە”. هەروەها وتیشی” کاتێک راپۆرتەکە ئەخوێنیتەوە سەیرت دێت، لەو وێنەیەی کە داویانە!، ئایا بەڕاست خێزانی کورد ئامادەیە دوو جار لەمانگێکدا بچێتە پۆلیس بڵێت کچەکەم ئەزیەت نەکردووە؟، کچێک ئەتوانی بەئارەزوی خۆی تەلەفۆن بکات بۆ پۆلیس، بڵێت من دایک و باوکم یان مێردەکەم ئەزیەتم ئەکەن؟، ژنانی پەنابەر لەم وڵاتە ئازادەشدا ناتوانن ئەوە بکەن، بەڕاست چۆنە لەکوردستان ئەوە دەکرێت؟ ئەوان باسی سوڵح دەکەن، زۆر رەهایانە بەچارەیان زانیوە لەکاتێکدا زۆر کەیس هەیە لەم سویدەش لەدوای ئەوەش کە دامو دەزگاکان سوڵحیان لەگەڵ خێزانەکاندا کردوە کوژراون!! کاتێک لەگەڵ ماڵەباوکەکەدا رێککەوتن دەکرێ، هیچ کاتێک دڵنیانین لەوەی کە ئەگەر کچەکە بگەڕێتەوە نایکوژن، یان ئازاری نادەن، لەبەر ئەوە شێوازی ڕێکەوتن بەدەگمەن بەکاردێت، ئەوان چۆنە لەکوردستان بەو دڵنیاییە کار دەکەن؟”.

هەڵاڵە قسەکانی ئاری و هودا زەنگەنە بۆ وەزارەتی هیجرە، بە موبالەغە دەزانێت و بە بەبەڵگە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت” ئەوان وادەڵێن کە ئەوە دۆخی ژنانە، بەڵام ئەگەر سەیری راپۆرتی تر بکەی کە لەکوردستان دەرچووە، شتێکی تر دەڵێت، بۆ نمونە راپۆرتی هاریکاری یاسایی ژنان باسی ئەوە دەکات، کە چەندین ژن چ لەناو شەڵتەرەکان و چی لەدەرەوەی شەڵتەرەکان، تەقەیان لێکراوەو کوژراون، لەدواین بابەتیش لەوبارەوە (بەیان رەفیق) توێژەری دەرونی لەماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو لەهەولێر، بۆ گۆڤاری سڤیل دەڵێت ٤ ژن بە بڕیاری دادوەر لای ئێمە چونەتە دەرەوەو کوژراون، هەروەها ئێوارەی 10/3/2011 لە گەڕەكی بەهار لە هەولێر ژنێكی تەمەن 25 ساڵ کە دایكی پێنج منداڵە، لەلایەن براكەی كوژراوەو تائێستا بکوژەکەی دەستگیر نەکراوە، چەند مانگێکە دوو خوشک لەچەمچەماڵ کوژراون تا ئێستا لێکۆڵینەوەکانیان نەگەیاندۆتە ئەنجام و چەندین نمونەیەکی تریش کە بەڵگەن بۆ رەتکردنەوەی ئەو قسانەی کاک ئاری و هودا خان”.

لێپرسراوی ئەو سەنتەرەی داڵدەدانی ژنان لەسوید وتیشی” ئەوەی کە لە دەمی بەڕێزان ئاری رەفیق و هودا زەنگەنەوە باسکراوە بۆ سوید، وەک ئەوە وایە بەهەشتێکیان بۆ ژنان دروستکردبێ لە کوردستان، باشە ئەگەر ژنان کێشەیان نییە لەکوردستان بۆچی دێنە دەرەوە؟ من باس لەوە ناکەم کە لەسەتا سەتی ئەو ژنانە کێشەیان هەیە، بەڵام ڕێژەیەکی زۆر لەوانە کێشەیان هەیە. سەیرە ئەوان هەندێ بە موتڵەقی قسەیان کردووە، گوایە ئەگەر ژنان کێشەیان هەبێت دەوڵەت خۆی بەبەرپرس دەزانێت لەبەرانبەر کێشەکانیان، بۆیان چارەسەر دەکات، ئەوان باسی سوڵح ئەکەن، راستە سوڵحی عەشایەری دەکەن، بەڵام سوڵح لەسەر ئازادی و مافی ژنان نەکراوە، ئەوەی ئێمە بیستومانە لە کوردستان زۆربەی ئەو سوڵحانە کەکراوە لەدوای کوشتنی ژنان بووە، لەنێوان ئەو خێزانەی ژنەکەیان کوشتووە لەگەڵ بەرانبەرەکەیان، ئایا بەپارە یان بەوەی کە ژنێکی تر بدرێت بەو ماڵەی کە کچەکەیان لێکوژراوە، بۆ ئەوەی کێشەی تری لێنەکەوێتەوە.
بەڕاستی ئەوەی کە ئەو دوو بەڕێزە دەیڵێن کە ژنان ئەتوانن بەتەنیا بژین و ئەوان هاوکاریان دەکەن، تا چەنێک باوەڕ پێکراوە!! بەڵام هەموو کەس دەزانێت کە لە کوردستان پیاویش بەتەنها لەگەڕەکێکدا بژی، ئەبێتە پرسیارو گێرمەو کێشە بۆ گەڕەکەکە و بۆخۆشی، نەک ژنێک بەتەنیا بژی، بۆیە شتێکی سەیرە ئەو قسەیە بکرێت کە ژنان لەکوردستان دەتوانن بەتها ماڵیان هەبێت و بەتەنها بژین”.

هەڵاڵە ئەوەش دەڵێت کە “هەر دامودەزگایەک ئەگەر بیەوێ بەدڵ کار لەسەر مەسەلەی ژنان بکات، پیویستە وێنەیەکی راستی و واقیعی لەسەر مەسەلەی ژن بدات، وێنەیەک بدات کە بەواقیعی ژنان زیانی لێنەکەن، ئێمە خۆشحاڵ نین بەوەی ئەو هەموو ژنە رابکات لەکوردستان، بێنە ئێرەو داوای پەناهەندەیی بکەن، ئاواتەخوازین ئەو ژنانە کێشەکانیان لەوڵات حەلبێت، خوازیاری ئەوەین دامودزەگاو ڕێکخراو هەبێت پارێزگاری لەژیانیان بکات و کێشەکانیان چارەسەر بکات، بەڵام لەحاڵەتێکدا ئەگەر ئەوەش ناکرێ، پێویست ناکات ئەم ڕاپۆرتە فەنتاسیانە “خەیاڵی” بخەنەڕوو کە تەنانەت لە سویدیش دۆخی ژن بەو شێوە باش نیە کە ئەوان دەڵێن، ئەوان بەم ڕاپۆرتە ویستویانە، دەسەڵاتی کوردستان روو سپی بکەن، لەسەر حسابی ژیانی چەندەها ژن، دەبوو ئەوان فوکوسیان لەسەر پرس و دۆخی ژن بوایە نەک دەسەڵاتێک کە بەعەمەلی هیچی نەکردووە بۆ چارەکردنی کێشەی ژنان”.

هەڵاڵە ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە ئەو قسانەی بەڕێزان ئاری رەفیق و هودا زەنگەنە بۆتە هۆی کێشە بۆ زۆرێک لە ژنانی کورد، بۆیە کاری خۆیان دەکەن و وتی”ئێمە بەردەوام لەهەوڵی ئەوەداین کە واقیعیەتی ئەو بارودۆخەو ئەو راپۆرتەش کە دراوەو راستی دۆخی ژنان بخەینە ڕوو، لەهەوڵی ئەوەداین وێنە واقیعەکە پیشانی سویدیەکان بدەین، وەک خۆی نەک موبالەغە. من لێرەوە بانگەوازی هەموو ڕێکخراوێک و هەڵسوڕاوێکی مافی مرۆڤ و بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان دەکەم، کەبەخەمی ئەم کێشانەوەیە، کەبەخەمی مافەکانی ژنان و کۆمەڵگەیەکی بەرابەرەوەیە، با قسەیان هەبێت، لەسەر ئەو ڕاپۆرتانەی لەوێوە دێت، تا بزانین ئایا کوردستان بووە بەو بەهەشتە بۆ ژن؟ دەبێت ڕێکخراوەکانی ژنان قسەیان هەبێ ڕاپۆرتیان هەبێ، بە ئامارەوە بێنە وەڵام، بۆ ئەوەی تەنها دەنگی دامودەزگایەک نەگاتە وڵاتانی دەرەوە، کە سەر بە دەسەڵاتە، دەبێت دەنگی کۆمەڵگە دەنگی رێکخراوەکانی ژنان بێتە ناو ئەم ڕاپۆرتانەو داکۆکی بکەن لەو ژنانەی کە بەهۆی مەترسی و کێشەوە روو دەکەنە ئەم وڵاتانە، ئێمە لەگەڵ سەرجەم رێکخراوو کەسایەتی و دۆستانی مافەکانی ژنان، بەجدی کار لەسەر ئەو پرسە دەکەین”.