ژنان یاداشتیان هەیە!

چالاکی

ژمارەیەك رێكخراو لە سەر قەبری ژنێك كۆ دبنەوە!

بەبۆنەی رۆژی توندووتیژی دژ بەژنان رێكخراوی راگەیاندنو رووناكبیری ژنان چەند رێكخراوێكی تری ژنانو چەند كەسایەتیەك لەسەر قەبری ژنێكی كوژراو كۆبونەوەو لەوێدا یاداشتێكیان ئارستەی هەردو سەرۆكایەتی حكومەت و هەرێم كرد.

ئەمڕۆ 20/11/2013 كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی بەمەبەستی بەرز راگرتنی رۆژی بەرەنگار بوونەوەی توندووتیژی دژی ژنان، رێكخراوی راگەیاندنو رووناكبیری ژنان بەهاوكاری كۆمەڵێك لەرێكخراوەكانی تری ژنان و ئافرەتان و چەند كەسایەتیەك چالاكیەكانیان دەستپێكردو لەیەكەم چالاكیشیاندا كۆبونەوەیەكیان لە قەبری یەكێك لەو ژنانەی كوژراون و جەستەیان فرێدراوە كۆبونەوەولەوێوە یاداشتێكیان ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆ كایەتی حكومەت كرد كە لە یاداشتەكەدا هاتوە: یاداشتی ژنانی رێكخەری چالاكییەكە بۆ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان
هەر قسەكردنێك لە دادی كۆمەڵایەتیدا بەبێ گەڕانەوەی كەرامەتی مرۆڤایەتی بۆ ئافرەتان بەتاڵە

بۆ بەڕێزان/ سەرۆكی هەرێمی كوردستان
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
سەرجەم دەزگا پەیوەندیدارەكان
وەك روون و ئاشكرایە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا رێكخراوەكانی ژنانو ژمارەیەك لە كەسانی داكۆكیكار لە بواری ژناندا زۆرترین هەوڵیانداوە بۆ رووبەڕوبونەوەی ئەو توندووتیژیانەی بەرامبەر ئافرەتان دەكرێت،

بۆچەسپاندنی مافە یاساییەكانمان چەندین هەنگاومان لەم بوارەدا ناوەو هیوای ئەوەمان هەبووە لەساڵانی ئایندەدا هەنگاوەكانمان خێراترودەستكەوتەكانمان زیاتر ببێت، بەڵام ئەم دۆخەی ئەمڕۆ كەدروست بووە، بەهۆی تەنگەژەی سیاسیو گرفتەكانی ناوپڕۆسەی سیاسی كوردستانو سازشی هێزە سیاسیەكان لەگەڵ سونەتو نەریت، سنوری تایبەتمەندی ژنانو مافەكانیانی خستوەتە بەردەم مەترسی. لە ئەمڕۆشدا هێزو لایەنی سیاسی ئەوتۆ هاتونەتە مەیدان كە سەنگیئەم سازشكردنەیان زیاتر كردووەو لەم نێوەندەشدا مافەكانی ژنان ئاسانترین مەسەلەیە بۆمامەڵەكردن لەسەریو پەیامێكی ترسناكە بۆ ئایندە كە ئەگەری ئەوە هەیە بەناوی پیرۆزیو دەست گرتن بەسەوابتەوە ئەو دەستكەوتانەی بەدەستمان هێناوە لەدەستی بدەینو ئەو یاسایانەی لەبەرژەوەندی تاك دەرچوە جێبەجێنەكرێتو هەڵبپەسێردرێن.

ئەمڕۆ ئێمە لەسەر گۆڕی یەكێك لەو جەستە فرێدراوانە راوەستاوین كە بەناهەقو بەپاساوی شەرەف پارێزی كوژراوەو جەستەكەشی فرێدراوە، ئەم چالاكیەشمان لە دەستپێكی چالاكیەكانی (25)ی نۆڤەمبەرو هەفتەی رووبەڕوبونەوەی توندووتیژیدایە، نارەزای توندی ئێمەیە دژی كوشتنی ژنانو فرێدانی جەستەكانیان،

ئەم جەستە بێناسنامانەی ئافرەتانیش راستی پلەدووی ژنان دووپات دەكاتەوەو پێمان دەڵێت”هەر قسەكردنێك لە دادی كۆمەڵایەتیدا بەبێ گەڕانەوەی كەرامەتی مرۆڤایەتی بۆ ئافرەتان بەتاڵە”.

بۆیە ئێمەی ژنانو ئافرەتان بە بێ جیاوازی بیروبۆچونەكانمان دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی یەكو داوا لە حكومەتو لایەنە پەیوەندیدارەكانو پارێزەرانی مافی گشتی دەكەین كە توندووتیژی بەرامبەر بەئافرەتان بەمەسەلەیەكی هەستیار دایبنێن وپشتیوانی بەهێزی مافەكانمان بن لەرێگەی بەكردەیكردنی سەروەری یاسا.

ژنانی رێكخەری چالاكیەكە

له‌رێوانه‌وه‌