ژنێکی کورد لە وڵاتی سوید لەپێناو پاراستنی ژیانی لە سەنتەری نینا بۆ داڵدەدانی ژنان دەژی!

68

خەندە: “سەنتەری نینا لە مردن رزگاریان کردم ئێستاش نازانم دەژیم یان دەکوژرێم”
“پیاوی کورد لە سوید پێشەکەوتنەکەیان تەنها قسەیە و زۆر خراپترن لەو پیاوانەی کە لە کوردستان بەخراپیان دەزانین”

هەڵاڵە رافع:
“ئێستا لەهەوڵی ئەوەداین لەگەڵ پۆلیس و دائیرەی هیجرە چارەیەک بۆ کێشەی خەندە بدۆزینەوە”

رزگار رەزا چوچانی / سوید
www.civilmag.com
نەفسیەن ژنێکی داڕوخاوم، بەهەڵە تێگەشتنم لە ئاستی تێگەشتن و رۆشنبیری پیاوانی کورد لە ئەوروپا تێکەوتم، ژیان و ئایندەی خۆمم لەدەستدا، هەموو جوانیەکانی خۆمم بۆ پیاوێکی کورد لە ئەوروپا کوشت و ماڵی باوک و کەسوکار وهاوڕێکانم لەدەستدا و بونە دوژمنم، سەنتەری نینا و رێکخراوی ئاسودە لە مردن رزگاریان کردم. ئێستاش نازانم دەژیم یان دەکوژرێم، ئەوە قسەی ئەو ژنە کوردەیە کە بۆ گۆڕینی ژیان هاوسەری لەگەڵ کوڕەکوردێک لە سوید دەکات و ئێستاش لەوڵاتێکی ئازادی وەک سوید کە بە وڵاتی ژن ناو دەبرێت لە سەنتەرێکی داڵدەدان دەژی.

خەندە بەئامانجی دروستکردنی ژیانێکی نوێ لەگەڵ پێشەوتنەکانی ئەوروپاو زیاتر گرنگی دان بەخوێندن ژیانی هاوسەری لەگەڵ کوڕەکودێکی سوید پێک دەهێنێت بەڵام لەدووەم هەفتەی هاوسەرگیریەکەی دەکەوێتە کێشە، وەک خۆی دەڵی ئەم ژیانە هاوسەرییەو ئەم کوڕە کوردەی ئەروپا ژیانی دەخاتە مەترسییەوە بۆیە بۆ پاراستنی ژیانی پەنا دەباتە بەر سەنتەری نینا بۆ پاراستن و داڵدەدانی ژنان لەسوید تا چارەیەک بۆ کێشەکانی بدۆزنەوە و لە کوشتن رزگاری بکەن، ئەو کچەکوردە وتی مێرەدەکەی بەناوی ئەوەوە بەتەزویر واژۆی جیابونەوەکەی کردووە،  “تۆمەتگەلێکی بۆ دروستکردم تا لەگەڵ ماڵی باوکم و خزمەکانم کێشەم بۆ دروست بێ و مەترسی کوشتنم لەسەر بێت بۆیە پەنام بۆ سەنتەری نینیا برد تا رزگارم بکەن”.

هەڵاڵە رافع بەرپرسی سەنتەری نینا بۆ پاراستن و داڵدەدانی ژنان لەسوید لەسەر ئەو کەیسە دەڵێت: “ئەو کچە لەکوردستانەوە پەیوەندی بەئێمەوە کرد کە ژیانی لە مەترسیدایەو کێشەی هەیە لەگەڵ باوک و براو کەسووکاری لە دوای ئەوەی کە مێردەکەی تەڵاقنامەی بۆ ناردوەتەوە، ئێمەش لێرەوە پەیوەندیمان بە ڕێکخراوی ئاسودەوە کرد تا لەوێ کۆمەکی بکەن، دواتر کارمان کرد تا گەیاندمانەوە سوید و ئێستا لەهەوڵی چارەکردنی کێشەکەداین”.

خەندە کە ئێستا لەناو ئازادییەکانی سوید لە سەنتەری نینا بۆ داڵدەدانی ژنان دەژی و مەترسی لەسەر ژیانی خۆی دەبینێ چیرۆکی ناسین و هاوسەرگیری خۆی لەگەڵ هاوسەرەکەی بۆ سڤیل دەگێڕێتەوەو دەڵێت: “بەسودفە لەڕێگای ناسراوو هاوڕێیەکی خۆمەوە ئەوم بینی، داوای منی کردو دوای ماوەیەکی کەم لەبیرکردنەوە رازی بوم هاوسەرگیری لەگەڵ بکەم، ئەو ماوەی مانەوەکەی لە کودستان زۆر کەم مابوو دەبوو بگەڕێتەوە سوید بۆیە زوو شوم پێکرد و هاتمە سوید. بەڵام هەڵە بووم، من لە کوردستانەوە تیگەشتنێکی ترم هەبوو بۆ پیاوی کورد لە سوید و ئەورپا، دەموت کرانەوەو تێگەشتنی ئەوێ کاری تێکردوون و رەنگە گۆڕابن، بەڵام تا نەچوومە ژیان لەگەڵ یەکێک لە پیاوانی کورد لە سوید نەمزانی پیاوی کورد لە سوید پێشەکەوتنەکەیان تەنها قسەیە و بە حەقیقەت هیچ نەگۆڕان و زۆریش خراپترن لەو پیاوانەی کە ئێمە لەکوردستان بەخراپیان دەزانین”.
ئەو ژنە کوردە زیاتر نیگەرانی خۆی دەربڕی و وای باسکرد کە “پیاوی کورد پێشەکەوتنی بە لایەنە خراپ و لارەکە وەرگرتووە”.

خەندە ئامانجەکانی خۆی لەم هاوسەرگیرییە و کێشەکانی لەگەڵ هاوسەرەکەی ئاشکرا کرد و وتی: پیاوانی کورد کە ژن لەکوردستان دەهێنن لێرە بەهەموو شێوەیەک ڕێگا دەگرن لە کرانەوەو تێگەیشتن لەم وڵاتانە، من بۆ ئەوە هاتمە سوید بخوێنم و کار بکەم و هاوکاری هاوسەرەکەم بکەم و حەیاتێکی تازە دروست بکەم و لە ئازادی و ئینسان بوون بەهرەمەند بم، هاوسەرەکەم لەسەرەتاوە بەڵێنی هاوکاری دەدا و دواتریش نەیهێشت هیچ ببینم، کەهاتمە ئێرە ماوەیەک بۆ زمان خوێندنم، بەڵام ئەوەندە قسەی ناخۆشی بەرانبەر دەکردم و ئەتواری ناشیرینی ئەنواند نەمتوانی سود وەربگرم، کاتێک دەچومە مەکتەب دوام ئەکەوت، ئەوە لەلاچەپترین جێی دنیاش نەماوە کەدوای ژنەکەت بکەوی، بەڵام ئەو دوام ئەکەوت و مراقەبەی ئەکردم بزانێ لەم غەریبییە کە هیچ کەس ناناسم قسە لەگەڵ کێ دەکەم، کێ ئەبینم، وای لێکردبووم رقم لەمەکتەبەکەش بوو و رقم لەخۆشم بوو”.

ئەو ژنە کە هەست بەڕوخاوی خۆی دەکات و بەهۆی کێشەکانییەوە لە دۆخێکی نەفسی خراپدا دەژی، زیاتریش وتی “هەر لەسەرەتای ژیانمانەوە لەدوای دوو هەفتەی یەکەم مێردەکەم کردی بە مەشاکیل لەگەڵم، من ئێستا دەزانم هەموو پیاوێک کەژن دەهێنێ ماوەیەک پشو وەردەگرێت لەسوید، بەڵام ئەم پیاوە یەکەم شەویش کەمن گەشتمە سوید هەر چوو بۆ کاری خۆی و لای من نەمایەوە. بەڕاستی ژیانم زۆر ناخۆش و پڕ لەکێشە بوو لەگەڵیدا، لەم وڵاتە کە جێیەکم نەبوو ڕوی تێبکەم، لێی دەدام و ئەیکردمە دەرەوە سەعات ٢ ی شەو، قسەی ناخۆش و سوکایەتی دنیای پێدەکردم و بەسەر منەوە خەریکی ڕابواردن بوو لەگەڵ خەڵکی تر، زۆر شتی ناشیرینی لەگەڵ کردم، هاوسەرەکەم لەناخەوە پیاوێکی پیس بوو، خەریکی خیانەت و شتی تر بوو بەسەرمندا، وای دەزانی کە منیش وام”.

ئەو ژنە کوردە خۆی بەهەڵە دەزانێ کە بەرلەوەی بەباشی هاوسەرەکەی بناسێت ژیانی لەگەڵ پێک هێناوە، بەپێویستی دەبینێ ژن و پیاو باش لەیەکتر بگەن، بەر لە هاوسەرگیری، بەڵام بەداخەوە ئەو دەرفەتە بۆ ژنی کورد ناڕەخسێت، زۆر بەداخەوە پیاوی کورد لەم بێ دەرفەتییەی ژنی کورد کەڵک وەردەگرن و لەکاتی خۆ ناساندنیان مومەسیلێکی باشن و ئەتوانن چۆنیان بوێ ئاوا تەمسیل بکەن، هەموو درۆیەک دەکەن و وەک فریشتە خۆیان پیشان دەدەن، بەڵام کاتێک بەعەمەلی و بەحەقیقەت لەگەڵیان دەژیت، هەست دەکەیت ئەمە ئەو کەسە نەبووە کە لە قسەکانیەوە بینیوتە و ناسیوتە”.
خەندە چۆنیەتی جیابونەوەی لە هاوسەرەکەی بەم شێوەیە گێڕایەوە “کە وێڕای خراپی هاوسەرەکەم خیانەتەکانی و ئەزیەت دان و کردنە دەرەوەم لەماڵەکەمدا کە جێیەک نەبوو روی تێبکەم بەڵام هەر هەوڵم ئەدا تێی بگەیەنم کە من ئەو کەسەنیم شایەن بەو ئازارو ناخۆشییە نیم، ئەو هەر خراپتر دەبوو، ئەمزانی شایەن بەوە نییە لەگەڵی بژیم، بەڵام لای ئێمە ناشیرینە چەند مانگێک شوتکردبێت و جیابیتەوە. پێش ماوەیەک هاوسەرەکەم بەزۆر ناردمیەوە بۆ کوردستان، دەیوت ئەگەر نەڕۆیتەوە بەشەق ئەتنێرمەوە، یان ئەتکوژم، یان پۆلیس دێنمە سەرت، منیش نەمدەزانی پۆلیس لێرە ئەوە دەکات بۆ ئەو یان نا؟ چونکە وەک وتم هیچ لەبارەی سویدەوە فێر نەبووم و رێگای پێنەدەدام هیچ بزانم، زۆری لێدام دەیوت هەر دەبێت برۆیتەوە بۆ کوردستان، منیش دەموت بۆ بڕۆمەوە؟ دەیوت بەسەردان بڕۆرەوە، من کارم هەیە و نابێ تۆش لێرەبیت، خۆم دێم بەدواتا و پێکەوە دەگەڕێینەوە سوید، بەڵام درۆیەکی زۆر گەورەی لەگەڵ کردم، منی ناردەوە بۆ کوردستان و دوای چەند مانگێک هیچ دەنگی نەبوو، دواتر پەیوەندی بەماڵی باوکمەوە کردبوو، زۆر قسەی ناشیرینی خستبووە پەنام وتبوی کچەکەتان خیانەتی لێکردووم، بەسەر مندا لەگەڵ خەڵکی تر بووە، درۆی لەگەڵ کردووم، خاڵ و ماڵی باوک و مامەکانمی هەمووی لەمن تیژکردبوەوە، کە بەقسەی ئەو من بۆ شتی ناشیرین هاتومە سوید، نەک بۆ هاوسەری و خیانەتم کردووە، ئەمەش لەخانەوادەی من قبوڵ نەکراوە، بەداخەوە بڕوایان پێ کردبوو بۆیە ئەو کاتەی کە لەماڵی باوکم بووم هەموو رۆژ لەکێشەدابووم، هەمیشە لەوە ئەترسام کە بمکوژن، چەندین جار هەڵهاتومە دەرەوەی ماڵ لەدەستیان و بەناچاری گەڕاومەتەوە ماڵەوە، شەوڕۆژ نەم ئەوێرا بخەوم چونکە ئەترسام بم کوژن، براو باوک و مام و خاڵ و کەسوکار هەموو کۆک بون لەسەر ئەوە، چونکە بەقسەی مێردەکەم من هاتومەتە ئەوروپا بۆ رابوردن نەک بۆ هاوسەرگیری، خیانەتم لە هاوسەرەکەم کردووە، هاوسەرەکەم ئەوەندە تۆمەتی دروستکردبوو کە مەجالی قسەکردنم لەگەڵ ماڵی باوکم نەمابوو تا تێیان بگەیەنم”.

وەک خەندە دەڵێت ” ئەو بەوەش نەوەستاوە کە ژیانی منی خستۆتە بەردەم کوشتن لەماڵی باوکم، تەڵاقنامەی بۆ ناردومەتەوە بۆ کوردستان، ناخۆشتر لەوەش بەناوی منەوە لەسوید وەرەقەی بەتەزویر ئیمزا کردووە بۆ جیابونەوەکە کە گوایە من داوای جیابونەوەم لەمێردەکەم کردووە، دواتریش بۆ عەزابی نەفسی من بە ئیمەیل وەرەقەکانی بۆ ناردووم ئەڵێ ئەها بەناوی تۆوە جیابونەوەکەم ئیمزا کردووە، بەڕاستی ئەو پیاوێکی نەخۆش بوو”.

دوای ئەوەی ژیانی دەکەوێتە مەترسی ئەو ژنە وەک خۆی وتی لەکوردستان لەماڵی باوکی هەڵدێت و دەچێتە ماڵی هاوڕێیەکی و هاوڕێکەی پەیوەندی بەسەنتەری نینا بۆ پاراستنی ژنان لە سوید دەکات وتێی گەیاندن کە من لە سویدەوە هاتومەتەوە و ئێستا ژیانم لە مەترسیدایە. سوپاسی سەنتەری نینا و خاتو هەڵاڵە دەکەم پەیوەندیان بە رێکخراوی ئاسودەوە کردوو منیان ناردە ئەوێ، دواتریش کارییان کرد بۆ گەڕانەوەم و ئێستا لە سوید لە سەنتەری نینا داڵدەدراوم. من سوپاسی سەنتەری نینای سوید و سوپاسی رێکخراوی ئاسودە دەکەم و سوپاسی ئەو هاوڕێیەم دەکەم کە رزگاریان کردم، دڵنیام ئەوان نەبونایە باوک و براکانم بەهۆی تۆمەتەکانی مێردەکەم ئەیان کوشتم و لەژیان نەدەمام، ئێستاش بێت و حکومەتی سوید من بنێرێتەوە بێگومانم کە دەمکوژن و لێرەش دیسان نازانم چۆن بژیم؟ چونکە مێردەکەشم ئەتوانێ بمکوژێ، ئەو بەرلەوەی بڕۆمەوە کوردستان پێی وتبوم لەسوید ئەگەر بیەوێ ئەتوانێ بمکوژێ، ئەزانم ئەگەر بزانێ لەکوێم هەڕەشە دەبێ بۆ سەر ژیانم، بەراستی نازانم، نازانم ئایندەشم چۆن دەبێت”.
خەندە ئێستا خۆی ئینسانێکی داڕوخاو دەبینێت “من نەفسیەن و رۆحیەن ژنێکی داڕوخاوم بەهەڵە تێگەشتنم لە ئاستی تێگەشتن و رۆشنبیری پیاوانی کورد لە ئەوروپا تێکەوتم، ژیان و ئایندەی خۆمم لەدەستدا، هەموو جوانیەکانی خۆمم بۆ پیاوێکی کورد لە ئەوروپا کوشت و ماڵی باوک و کەسوکار وهاوڕێکانم لەدەستدا و بونە دوژمنم. سەنتەری نیناو رێکخراوی ئاسودە لەمردن رزگاریانکردم، ئێستاش نازانم دەژیم یان دەکوژرێم. بەهۆی قسەکانی مێردەکەم، بەهۆی ئەوەی لە دوای ماوەیەکی کورت لە ئەوروپاوە نێردرامەوە کوردستان و تەڵاقیان بۆ ناردمەوە بەبێ هۆیەکی خراپەی من، دەوروبەرو کۆمەڵگە بەچاوێکی تر سەیری منیان دەکرد، لەسویدیش ئەوەتا لە سەنتەرێکی داڵدەدان دەژیم بۆیە بەڕاستی ئینسانێکی داڕوخاوم “.

هەڵاڵە رافع بەرپرسی سەنتەری نینا بۆ پاراستن و داڵدەدانی ژنان لە سوید لەبارەی وەرگرتنی کەیسی خەندەو بەدەمەوە چونیان بۆ کەیسەکە وتی”ئێمە لێرە سەنتەری داڵدەدانی ژنان و رێکخراومان هەیە، بۆیە کاتێک گەڕاوەتەوە کوردستان و کێشەکەی بۆ دروستبووە لەڕێگای کەسێکی ترەوە زانی بووی ئێمە ئەو کارانە دەکەین، لەوێوە تەلەفۆنی بۆکردین و کێشەکەی خۆی باسکرد، ئێمەش سەیری حاڵەتەکەی ئەوو یاسای ئێرەمان کرد کە ئایا دەتوانین چی بۆ بکەین؟. لێرە لەسوید ئەگەر ژنێک بەزەواج هاتبێت و پێش دوو ساڵ جیا بێتەوە لە مێردەکەی ئیقامەکەی لیدەسەنرێتەوە، ئەویش ئەو ماوەی دوو ساڵەی تەواو نەکردوە لەگەڵ مێردەکەی، بۆیە زانیمان کاتێک جیابۆتەوە لە مێردەکەی ئۆتۆماتیکیەن لە دائیرەی هیجرە ئیقامەکەی لێ سەندراوەتەوە، بەڵام لەسەر ڤیزاکەی ئیقامەکەی چەند ڕۆژیکی تێدا مابوو، ئێمەش هەوڵماندا کەسود لەو ماوە کەمە وەربگرین کە لەسەر ڤیزاکەی ماویەتی و بەپەلە پلیتێک بکڕێت و بێتەوە بۆ ئێرە بۆ ئەوەی لێرە کێشەکەی حەلبکات، بەڵام کاتێک پەیوەندی کرد دەبوو لەوێش شوێنێکی بۆ بدۆزینەوە، کە لەگەڵ ماڵی باوکی و خێزانەکەیدا کێشەی بۆ دروست نەبێت و پارێزگاری لێبکەن تاوەکو ئێمە کۆمەکی هاتنەوەی دەکەین بۆیە ناردمانە لای ڕێکخراوی ئاسودە تا کۆمەکی هاتنەوەیمان بۆ سوید کرد”.
بەرپرسی سەنتەری نینا ئەوەشی راگەیاند کە “ئێستا لەهەوڵی ئەوەداین لەگەڵ پۆلیس و دائیرەی هیجرە چارەیەک بۆ کێشەی خەندە بدۆزینەوە کە هەم پارێزراو بێت و هەمیش نەیگەڕێننەوە بۆ وڵاتی خۆی، لێرە ئەوان دیکۆمێنتیان لایە کە پیاوەکەی زوڵمی لێکردووە بێ پرسی خۆی جیابۆتەوە لێی، رەنگە بەهۆی ئەمە پیاوەکەی سزا بدرێت. هەروەها ئەم ژنە ئیقامەکەشی سەحبکراوەتەوە لە دائیرەی هیجرەو لەولاش کێشەی بۆ دروست بووە لەگەڵ خیزانەکەی و هەم ئێمە و هەمیش رێکخراوی ئاسودە ئاگاداری کێشەکەین، بۆیە کەیسەکەی بەجدی وەردەگیرێت، رەنگە پشتیوانی ئێمە بکرێت لای ئێمە بمێنێتەوە، یان پۆلیس جێگایەکی تری بۆ دابنێن کە ئەدرەسەکەی مەخفی بێت و پاسەوانی بکرێت”.

لەباری ئەو هەڕەشانەی کە لە وڵاتی سوید لەسەر ئەو ژنە کوردەیە کە سەنتەری نینا گێڕاویەتەوە سویدو داڵدەیان داوە هەڵاڵە رافع دەڵێ” ئێمە پشت بەقسەی خۆی دەبەستین. چونکە ناکرێ ئێمە بڕیار بدەین وایە یان وا نییە، ژنێك هەڕەشەی لەسەر نەبێت داوا ناکات لە سەنتەرێکی داڵدەدان داڵدەی بدەن، زۆرکات حاڵەت هەبووە وتویەتی هەڕەشەم لەسەرە گوێی پێنەدراوە و دواتر هەڕەشەکە بووە بەڕاست. لەباری چەوسانەوەو رێگریەکانی ژیانی لە سوید ئەزانین کە راستدەکات، بۆ نمونە کچێکی گەنج کە ٦ مانگێک لەسوید ژیا بێت و بۆخۆی خاوەنی شەهادەبێت، بێگومان زۆر شت فێردەبێت، بەڵام تۆ دەبینی ئەم کچە شتە سەرەتاییەکانیش نازانێ چییە، نازانێ لە سوید مافی ئینسان چییە، کە نامەی تەڵاقەکەی بۆ ناردووە، نەیزانیوە بەپێی یاسای ئێرە ئەتوانێ ئیستنافی بکات، لێرە ئێمە پێمان وتووە ئەگەر زوو بت ناردایەتەوە ئەتتوانی لەماوەی ٣ هەفتە شکات بکەی یان ئستئنافی بکەیتەوە، بەڵام ئەم ئەوەی نەزانیووە و درەنگ ناردویەتی، یان کە مێردەکەی وتویەتی بەپۆلیس ئەتنێرمەوە ئاگای لەوە نەبووە پۆلیسی سوید ناتوانێ بەبێ هۆ ئەو بنێرێتەوە، بەوە تێکەوتووە کە دەبینێ پەنابەر بەزۆر دەنێرنەوە، یان کاتێک لەگەڵ ئێمە دێتە دەرەوە دەیبەیتە خواردنگەیەک بەروخساریا هەستی پێ دەکەی کە ئەم شوێن و شتە سادانەشی نەدیوە، کەلێی دەپرسی بۆ؟ ئەڵێ هەرگیز ئەم جێگایانەم نەدیوە، کە ئەوە شتی زۆر سەرەتایین، بەڵام مانای زۆر گەورە دەدەن بەتۆ لەباری ئەوەی رێگای هاتنە دەرەوەی نەبووە، نە بۆخۆی و نەلەگەڵ خودی هاوسەرەکەشی”.

print