هەڵاڵە رافع: لەسوید لە % ٨٠ خێزانی کورد کێشەیان لەگەڵ ئازادی گەنج و ئازادی مناڵەکانیان هەیە!

35

هەڵاڵە رافع بەرپرسی سەنتەری نینا بۆ پاراستنی ژنان لە سویدەوە بۆ سڤیل:
پیاوی کورد بۆیە ژن لە کوردستانەوە دەهێنن، کە ژنێک بێ چاوی نەکردبێتەوە بزانێت دەبێ چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت!
رزگار رەزا چوچانی / سوید
www.civilmag.com
هەڵاڵە رافیع ژنە چالاکوانێکی کوردە لەسوید، ئەو وێڕای ئەوەی لە ولاتی خۆیشی لەسەر پرسەکانی ژن کاری کردووە، لێرەش بەردەوامی بەبواری چالاکی خۆیداوە، ئێستا پەنایەکە، بۆ ئەو ژنە پەنابەرانەی لە سوید دەژین و کێشەیان هەیە.
هەڵاڵە دوای ئەوەی کەدێتە سوید لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی چالاکوانی تر لەساڵی ١٩٩٤رێکخراوێک دادەمەزرێنن وەک خۆی وتی “کۆمەڵێک ژن بوین کە لەکوردستانی عیراقەوە هاتبوین و پێشتریش هەر لەوێ ئیشمان لەسەر مەسەلەی ژنان کردبوو، بۆیە لیرەش بیرمان کردوە ریکخراوێک دروست بکەین, کە بتوانین بارودۆخی ژنان لە عێراق و وڵاتانی شەرق بخەینە بەر سەرەنجی گشتی لە ئەوروپا و قسەو کاری لەسەر بکەین و بەشێوەیەک بناسێنین بە کۆمەڵگەی ئەوروپی”.
ئێستا هەڵالە جیالەوەی بەرپرسی ڕێخراوێکی ژنانە لەسوید، بەرپرسی سەنتەرێکیشە کە بۆ پارێزگاری ئەو ژنانە دامەزراوە هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە، دامەزراندنی ئەو سەنتەرەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە “لە ئەزمونی کار بۆمان دەرکەوت تەنها کارکردن بۆ ناساندنی پرسەکە چارەسەری کێشەکە ناکات، چونکە دوای ئەوەی کە ژنان ڕیکخراوەکەی ئێمەیان ناسی پەنایان بۆ دەهێناین لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانیان، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە لەپەنای کاری رۆ‌شنبیری کۆمەڵایەتی کاری عەمەلیش بکەین، تا کۆمەک و پشتیوانیمان هەبێت، بۆ ئەو خیزانانەی کە کێشەی کۆمەڵاتیان هەیە، ئەویش دوای ساڵانێک لە ژیانکردنمان لێرە، بۆمان دەرکەوت کە لیرەش ژنان پیویستیان بە کۆمەکی عەمەلی ڕێکخراوەکانی ژنان هەیە، بەتایبەت ژنانی پەنابەر، کەلەم وڵاتانە دەژین و تایبەتتر ژنانی کوردوعەرەب کە ئێمە نزیکی و شارەزاییمان لەم زمانانە یان ئەو دوو ناوچانەدا هەیە، بۆیە لەساڵی ٢٠٠٦ ئەوسەنەتەرەمان بەشێوەیەکی بەرفرەوانتر کردەوە، کە رۆژانە چەند کەسێکی شارەزا لەوبوارە کاری تیا ئەکەن.
کاتێک ئەم سەنتەرەش کرایەوە ژنان و کچان ئەوانەی کە کێشەیان هەیە رویان تێکرد، کە چ لەڕێگای شەخسی خۆیانەوە ئەم سەنتەرەیان ناسی یان لەڕیگای دامودەزگا حکومەتییەکانەوە، چ لەڕێگەی سۆسیال یان پۆلیس یان مەکتەبەکان، کە ئەوان کەیسی ئەوژنانەمان بۆ دەنێرن، بۆیە جگە لەڕێکخراو ئێمە خانەیەکی داڵدەدانمان هەیە، بۆ ئەو حاڵەتە تایبەتیانەی کە پیویستیان بە داڵدەدانە و هەڕەشەیان لەسەرە، دەوڵەتیش هاوکاری ئەم پرۆژەی کرد کە دەیان بینی ئێمە بە عەمەلی چوینەتە ناو ئەو بوارەوە کاری لەسەر دەکەین و پسپۆڕی و شارەزایمان هەیە چ لە ناحیەی ئەزمونی کارو ژیانمان چ لەباری کۆمەڵایەتیەوە، بۆنمونە پاریزەرو توێژەری کۆمەڵایەتیمان هەیە ،بۆیەش پشتیوانی دەوڵەتمان بەدەست هێناوە”.
ئەم ژنە چالاکوانە کوردە، لەڕێژەی ئەو ژنانە دوا کە پەنا بۆ سەنتەرکەیان دەهێنن و لە بارەی مەیدانی کاری ڕێکخراوەیی و سەنتەرەکەی کە بۆ پارێزگاری ژنانە دەڵیت” ئێمە لەکۆمۆنێک کاردەکەین، بەڵام ژنان لە سەرتاسەری ستۆکهۆڵم و سوید وەردەگرین، چونکە کاتێک ژنێک کێشەی کۆمەڵایەتی هەبێ، کێشەی کەلتوری و زمانیشی دەبێت، بۆیە ئەو کێشانە بۆشێڵتەرە ئاساییەکان سەختتر چارەسەر ئەکرێ، ئەوەش وای کردووە، لە شارەکانی تریشەوە ژنان بنێرنە شێڵتەرەکەی ئێمە، ساڵانە رێژەی ئەو ژنانەی پیویستیان بەکۆمەک بێ و روودەکەنە شێڵتەرەکەی ئێمە لە ١٥٠ تێپەڕ دەکات”.
رافیع ئەو لەشێوازی کەیسەکان قسەی کرد، کە پێوستیان بەوەیە ڕێکخراوەکەی کاریان لەسەر بکات و وتی” کێشەکان هەربریتین لەو ژنانەی کە توندوتیژیان بەرانبەر دەکرێت، یان ئازادییەکانیان لێ زەوتکراوە، وەک ئەوەی ژن هەیە رەنگە ١٠ ساڵ لێرە ژیا بێت، رێگە نەدرابێت بچێتە قوتابخانە، زمان فێرنەبوبێت و شارەزای ئەم کۆمەڵگەیە نەبوبێت، دوای چەند ساڵێک چاو ئەکاتەوە ئەبێتە کێشەو ناکۆکی لەگەڵ مێردەکەی، ئەوەش وادەکات کێشە دروستبکا لەو خیزانەدا، بۆیە پەنا ئەبەنە بەر ئەوەی یان جیا دەبنەوە، یان کێشەکانیان گەورەبێ و بچێتە ناو دامۆدەزگای دەوڵەتەوە، وەک پۆلیس سۆسیال و دواتریش بێتە لای ئێمە. ئەوانەی کەدێنە لای ئێمە بەشێکی خۆیان پەیوەندیمان پێوە دەکەن و بەشێکی لەسۆسیالەوە پەیوەندیمان پێوە دەکەن، تا بزانین ئەم کێشانە چۆن چارەسەر دەکەین، کە لەهەندێ حاڵەتدا رەنگە بەچەند کۆبونەوەیەک لەگەڵ ژنەکە یان لەگەڵ پیاوەکە، بەگوێ گرتن لەهەردوولای کێشەکە چارەسەر دەکەین و، جاری واش هەیە چارەسەر ناکرێ و دەگەنە حالەتی جیا بوونەوە، لەو کاتەدا دەبێت کۆمەک بە ژنەکە بکەیت و بزانێ ڕێگا یاساییەکانی چین ئەو کارەی پێ بکات.
بەشێکی تری کێشەکان ئەوەیە ژنانێکن کە بەزەواج دێنە ئێرە، هۆکاری ئەو حاڵەتەش ئەوەیە پیاوێک کە چەندین ساڵ لێرە ژیابێت، کەسێک لەکوردستانەوە دێنێت با هەردوکیان کوردیش بن، بەڵام ئێستا دوو کەلتوری جیاوازیان هەیە، کەلتوری ئێرە تائسیری لەسەر لایەکیان هەیە و رەنگە بەشێوەیەکی تر بیر بکاتەوە و نەتوانن بگونجێن پێکەوە، ئاسایی وەک هەر ژن و مێردێکی تر دەبێتە کێشەیان و جیا ئەبنەوە، بەشێکی تریش لە پیاوانی کورد بۆیە ژن لە کوردستانەوە دەهێنن، کە ژنێک بێ چاوی نەکردبێتەوە تا بزانێت دەبێ چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئەو ئازادی و ئیمکانیەتەی بۆ ژن لەم وڵاتەدا هەیە نەخرێتە بەردەستی و لێی بەهرەمەند نەبێت، دوای چاوکردنەوەی ژنەکە دەبێتە کێشە بۆیان و لێک جیا دەبنەوە، لەهەردوو حاڵەتەکەدا کێشەیەک هەیە، وە ئەگەر ئەو ژنە ٢ ساڵ کەمتر لێرە ژیا بێت، ئەوە ئیقامەکەی لێدەسەنرێتەوە، لەوکاتەش دەبێتە کێشە بۆ کچەکە، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بۆیە ئێمە ئەگەر پێمان بکرێت کێشەکە لە نیوان دوو لایەنی کێشەکە چارەسەر دەکەین، ئەگەر نەشکرا، دەبێت کۆمەکی بکەین و هەوڵبدەین کە نەینێرنەوە کوردستان و دائیرەی هیجرە بهێنینە بڕوا کە ئەگەر ئەم کچە بگەڕێتەوە کوردستان دۆخێکی نا لەباری دەبێت، وەک ئەوەی کە هەتا لێرەش تەنانەت ئەگەر ژنێک لە مێردەکەی جیا دەبێتەوە، ئەنواع تۆمەت و قسەی دەخەنە پاڵ، رەنگە لە کۆمەڵگەی خۆشی گۆشەگیر ببێت نەتوانێ جارێکی تر شوبکاتەوە و کێشەی کۆمەڵایەتی زۆر تری بۆ دروست ببێ، بەم شێوەیە دەبێت هەوڵ بدەین بروا بە دائیرەی هیجرە بهێنین، کە ئەو ژنەی جیاش دەبیتەوە، دەبێت لەم ولاتە وەربگیرێت.
کەیسی تریشمان هەیە کە کچی گەنجن ئەو کچانەی کە چەند ساڵێکە، لێرە دەژین هەشیانە هەر لێرە گەورەبون کێشەی ئازادییان هەیە، ئەو کەیسانەمان زیاتر لەڕێی قوتابخانەکانەوە بۆ دێت چونکە دەگەڕێین بەسەر هەندێ قوتابخانەدا، کە زانیاریان بدەینێ سەبارەت بەسەنتەرەکەو ئەو کارو بارانەی کە ئێمە دەیکەین و ئەو کۆمەکانەی کە پێشکەشی دەکەین، بۆیە چ قوتابخانەکان یان چ ئەو کچانە خۆیان دوای ئەوەی کە ئێمە دەناسن، پەیوەندی ئەکەن، ئەگەر مشکیلەیان هەبوبێ لەگەڵ دایک و باوکیان، بۆ نمونە کچی کوردی وا هەیە تائێستاش ناتوانێ بچێتە کۆرسی مەلە، ناتوانێ دوای دەوامەکەی سەعاتێک لەگەڵ هاوڕێیەکی لەدەرەوە بێت، یان لەناو مەکتەب بمێنێتەوە، ناتوانێ بچێتە عیدمیلادی رەفیقێکی، بەهەر حاڵ هەر لە پۆشینی جل و بەرگەوە تا هەموو ئەو خۆشیانەی کە گەنجێکی ئەم وڵاتانە دەیکات، ئەوان لێی بەهرەمەند نین، بۆیە دەبێتە هۆی کێشە لەنیوان دایک و باوک و گەنجەکان، بەتایبەت کچەکان، ئەم کێشەیەش قەتیس ئەمێنێت لەنێوان قوتابخانەو کچەکەدا، کچ ئەترسێ باسی بکات، کێشەکەی گەورەتر بێت لەگەڵ خیزانەکەی، بۆیە زۆر کات پەیوەندی بە ئێمەوە دەکەن چونکە لە زمانی خێزانەکان دەزانین، زمان مەبەست قسەکردن نا، بەڵکو شێوەی بیرکردنەوەو کەلتور و بۆچۆنیان بۆ ئەو مەسەلانە دەزانین و هەوڵی چارەسەری دەدەین، ئەم کێشەیە لێرە زۆرە، زۆر کات مەکتەبەکان ناچارن ڕێیەکی تر بۆ چارەسەر بگرنە بەر، بۆ نمونە ئەگەر دەوام و خوێندنەکە تا سەعات ٥ بێت، ئەوان جەدوەلێک ئەنێرن بۆ دایک و باوکی کچەکە کە تا ٦ نوسرابێت، تا سەعاتێک بدەن بە کچەکە بۆ کاتی ئازادی خۆی، تا ماڵی باوکی وابزانن کە دەرسیان هەیە، ئێمەش پێمان وایە بەوە حەلناکرێت، بەدوای چارەسەرێکی ئەساسی دەگەڕێین و دانیشتنیان لەگەڵ دەکەین، هەموو ئەم کەیسانەش کە من باسم کرد حاڵەتی وایان هەیە دەگاتە تەهدید و مەترسی کوشتن، بۆیە ئەگەر بەحیوار چارە نەبوو ئەو شەڵتەرەمان هەیە کە دەیان بەینە ئەوێ تا کێشەکان چارەسەر دەکەین”.

لەناو پەنابەرانی کورد لەوڵاتی سوید کێشەی نێوان دایک و باوک و گەنجەکان لەڕێژەیەکی بەرزدایە، هەڵاڵەش دەڵێت” ئەگەر کەمم نەوتبێ لە % ٨٠ خیزانی کورد کێشەیان لەگەڵ ئازادی گەنج و ئازادی مناڵەکانیان هەیە”.
وەک ئەم ژنە چالاکوانەی کورد باسی دەکات هۆکاری کێشەی نێوان گەنجی کوردو دایک و باوکەکانیان لەم وڵاتە “چەند لایەنەیە وەک باوک و دایکێک ٣٠ ساڵی تەمەنیان لە کۆمەڵگەیەکی داخراو بەسەر بردووە، کاتیان دەوێ تا دەکرێنەوە لێرە، بەڵام من پێم وایە نابێ بوەستین لەسەر ئەوکاتەو، دەبێت کاری بۆ بکەین دەبێت کاتێک دێنە ئێرە بزانن راستەوخۆ هاتونەتە جێگاو جەوێکی جیاوازتر و گۆرانکارییەکان قبوڵبکەن، هەندێ خێزان دەڵێن، ناکرێ لە شەوو رۆژێکدا ئەم گۆرانکاریانە بکرێت و کچ ناتوانێ ئەو ئازادیەی هەبێت کە کچێکی سویدی هەیەتی، بەڵام ئەمە هەڵەیە، بڕۆ سەیری کچێکی سویدیش بکە کەس نەیوتوە کچی سویدی ٢٤ سەعات لەسەر جادە کەوتوە، ئەوانیش ئیلتیزامی خۆیان و ژیانێکی نۆرماڵیان هەیە و بێگومان بێ سەروبەرە ناژین، بۆیە داخراوی ئەو جێگای لێ دەژین و هەڵە تێگەشتینیان لەژیانی ئیرە هۆکارێکە، هۆکارێکی تر ئەوەیە کاتێک باوک یان پیاوێکی کورد دێتە ئیرە، بەهۆی ئەوەی کە بەهەر هۆیەک بێ بێکار دەبێت و ئەو سەرقاڵییەی نامێنێت، ئەو وجودو مەعنایەی کەلەوێ هەی بووە لێرە لەدەستی ئەدا، لێرە ئەو شەخسیەت و ئیعتیبارەی نابێت کە لەوڵاتی خۆی هەیبووە، ئەمەش وایلێدەکات تەعەسوبی لەبەرانبەر شتە کۆمەڵایەتیەکانی ئێرە زۆر خراپتر دەبێت و تائسیر دەکاتە سەر مناڵەکانیشی، زیاتر پارێزگاری لە بۆچون و عەقڵیەت و تەسەروفاتی خۆی دەکات، ئەوەی کە لەو وڵاتەوە هێناویەتی، دەڵێ من ئەمەم و من ئەوەم کە لەو وڵاتەوە هاتووم، ئەوەش بۆ ئەوەی وەڵامی ئەوەی پی بداتەوە کە لەبارەکانی ترەوە نەیتوانیوە خۆی دورست بکا، شتێک فێربێت و شتێک وەربگرێت، و تێکەڵاوی کۆمەڵگە بێت”.

لەسوید جیاواز لەکوردستان بە ئاگادارکردنەوەی رێکخراوەکانی ژنان یان پۆلیس و سۆسیال لەلایەن هەر ژنێکەوە لە بچوکترین هەرەشە لەسەری ئەو دەزگایانە دەستبەکار دەبن بۆ گرتنە بەری ڕێ و شوێنی پێویست، کە زۆرکات ئاشکرا دەبێت ئەو هەرەشەی کەژنی پەیوەندیکار باسی کردوە هێندە گەورە نەبووە کاری لەسەر بکرێت، هەڵاڵە رافیع ئەم خێرا بە تەنگەوە چونە، بە پێویست ناو دەبات ئەگەر هەرەشەکە جدیش نەبێت”زۆربەی ئەو کچ و ژنانەی کە کوژراون، سەرەتا کە پۆلیس و دامو دەزگاکانی ئێرە بەهەرەشەکەیان زانیووە، وایان زانییوە شتێکی عادی کلتورییە، بۆ نمونە لای ئێمە کە قسە لەگەڵ مناڵ ئەکەی ئەڵێی ئەتکوژم وامەکە، بۆیە پێیان وابووە ژنێک کە دەڵێ وتویانە ئەتکوژم، ئەو نەوعی قسەکردنە بووە و زۆر ئیهتیمامی پێ نەدراوە، تا وای لێهاتووە کوژراوە، بۆیە هەندێ جار رەنگە حاڵەتەکە جدی نەبێت بەڵام دەبێت بەجدی وەریبگریت، چونکە ئێمە وەزیفەمان ئەوەیە کەناتوانین ژیانی ئەو کەسانە لەونێوانە بهێڵینەوە نەک جدی نەبێ یان جدی بێت، چونکە ئەگەر جدیش نەبوو تۆ بەدەم کێشەکەوە بچی خۆ زیان ناکەی، بەڵام ئەگەر جدی بوو لەترسی ئەوەی نەک جدی نەبێت نەچوی بەدەمیەوە و کوژرا ئەو کات چی؟ ئەوکات دەبێ بڵێ ئەبوو ئاوامان بکردایەو ئاوا نەکرایە، تازە ئەوەش بێ سودە، بۆیە هەر حاڵەتێک بێ ئێمە ئێمە سەرەتا بەدەمیەوە دەچین، دواتر لێی دەکۆڵینەوە تا بزانین رادەی جدی و ناجدی چەندە، بەڵام من پێم وایە ژنێک نەگاتە تینی ئەوە ناکات، پەنا بۆ حکومەت یان شەڵتەرەکان ببات، لە چوار دیواری شەڵتەرێکدا دا بنیشێ، کە ژنی وا هەیە ساڵێک دوو ساڵ دا ئەنیشی، ئەگەر بەجدی نەبێت ئەو هەرەشەیە ئەوە ناکات بەخۆی، لە ولاتێکی ئەوروپیدا لە چوار دیواری ماڵێکدا دابنیشێت، بەڵام لەدوای لیکۆڵینەوە لەهەر کەیسێک ئێمە رادەی جدی و ناجدی کەیسەکە دیاری دەکەین”.

لایەنێکی تر کەلەم وڵاتە زۆر جێی تێڕامان و جیاواز لە کوردستان بێت، ئەوەیە وێڕای بەهێزی دەزگاو ئالیەتە ئەمنیەکان، بەهیچ شێوەیەک جێگای سەنتەرەکانی پاراستنی ژنان ئاشکرا نین، کەس نازانێ لەکوێدان ئەو جێگایانە و کەسیش بۆی نییە سەردانیان بکات، تەنانەت سەردانی ئەو جێگایانە بۆ دەزگا حکومیەکانیش سنوردارە، بۆیە ئەوە بۆ ئێمە جێی پرسیار بوو، هەڵاڵەش لەوەلام وتی”ئێمە دوو جێمان هەیە جێیەک کە ئاشکرایەو خەڵک سەردانمان دەکات، جێیەکیش کە شەلتەرەکەیە و شاراوەیە، پرسیارەکە لەجێی خۆیەتی، منیش کاتێک هاتمە ئەم وڵاتە، ئەم وت باشە لێرە بۆ وایە، بەڵام لێرەش مەترسی هەیە نەک هەر لەناو پەنابەر ژینی سویدیش هەیە لەناو شەڵتەردا دەژی و مەترسی لەسەرە، بۆیە لێرە بیر لەوە دەکەنەوە ئەگەر جێگەکە دیاری کراو بێت، رەنگە پیاوەکە بەقسەی خۆش ژنەکە رازی بکات و بیباتە دەرەوە کاری خۆی بکا لەدژی، بەتایبەت بۆ کەسانێکی شەرقیش کە مەترسی توندوتیژیان لێ دەکرێت، بۆیە شەڵتەرەکان زۆر شارەوەن و هەتا دامودەزگای حکومیش زۆر بەکەمی ئەتوانن سەردانی ئەو شوێنانە بکەن، کەسانی زۆر تایبەت دەتوانن سەردانی ئەو جێگایانە بکەن، نەک هەموو دەزگاو کەسێکی حکومی، لەبەر ئەوەی ئاشکرا نەبێت و مەترسی لەسەر ئەو ژنانە نەبێت”.

print