چەند سەرنجێکی کورت لەسەر گروپی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق و شام!

24

ئه‌م گروپه‌ چۆن هاتوون و کێیان له‌پشته‌و هه‌موو لێکدانه‌وه‌کانی تر، زۆری له‌سه‌ر وتراوه‌و به‌رده‌وام قسه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت.

به‌ڵام سه‌ره‌نجام، ئه‌م گروپه‌ تیرۆریستیەو یه‌کێکه‌ له‌ ‌ده‌رهاوێشته‌کانی ئه‌و هه‌موو سات و سه‌ودایه‌ی که‌ به‌ ژیانی ئینسانه‌وه‌ ده‌کرێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتداری کوردی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سیاسەتی جیهانیەوە!

ئه‌وه‌ی که‌ بۆ من و زۆربه‌ی خه‌ڵک گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌:

– ئه‌م گروپه‌ مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌ی بۆسه‌ر ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک له‌ عێراق و کوردستان و ناوچه‌که‌ دروست کردوه‌. هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا ڕاسته‌وخۆ نه‌هاتونه‌ته‌ ناو شاره‌کانی کوردستانه‌وه‌، وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ تا ئێستا هێرشیان نه‌کردوه‌ته‌ سه‌ر کوردستان پێوه‌ری ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ مه‌ترسی نابن بۆ کوردستان یان نه‌بونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی نائارامی ناوچه‌که‌. ‌

– له‌ هه‌رشوێنێکی ئه‌م دنیایه‌دا که‌ به‌و شێوه‌یه‌ ببنه‌ مه‌ترسی بۆسه‌ر کۆمه‌ڵگا ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌یان له‌به‌رامبه‌ردا بگێردرێت و پلانی سیاسی جدی ده‌وێت بۆ وه‌ستانه‌وه‌یان.

– ئینسان له‌دیدی ئه‌م گروپه‌و له‌ هێرشه‌ به‌ربه‌ریه‌کانیانه‌وه‌، هیچ نرخێکی بۆ دانانرێت و پیرۆزیه‌کی نیه‌.

– هێرشی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و تا ترۆپک دڕندانه‌ بۆسه‌ر ژنان، کاتێک له‌ موسڵ بانگه‌واز بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌‌، که‌ ئه‌و خێزانانه‌ی کچه‌کانیان بوون به‌ 14 ساڵ با ناونوس بکرێن بۆ نیکاح له‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕیاندا!!
ئه‌مه‌ هیچ یاسایه‌کی زه‌مینی و ئاسمانی نایگرێته‌وه‌و، ووشه‌ی نامرۆڤانه‌ ناتوانێ گوزارشت له‌م دیارده‌یه‌ بکات.

– پێشوازی لێکردنیان له‌ هه‌ندێک ناوچه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌که‌وه‌، ده‌کرێت به‌ دووجۆر ته‌فسیر بکرێت، یان له‌ ترسی گیانی خۆیان، وه‌یان هه‌واداربوون به‌و هێرشه‌ توندووتیژه‌وه‌، که‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌و مانایه‌ ده‌گه‌یه‌نێ که‌ ئه‌م دڕنده‌ییه‌ له‌گه‌ڵ سایکۆلۆجیه‌تی خه‌ڵکی ئه‌م ناوچانه‌دا دێته‌وه‌.

– خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ له‌ دژی سیاسه‌تێک بێت که‌ له‌به‌رامبه‌ر سوننه‌کاندا به‌ڕێوه‌چووه‌ له‌ دوای ڕوخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری به‌عسی، ئه‌وه‌ش‌ به‌هیچ پێوه‌رێک له‌ ژێر هیچ ناوێکدا جێگای قبوڵ نیه‌ که‌ به‌م شێوه‌ دڕندانه‌یه‌ وه‌ڵامی سیاسه‌تێکی نا ئینسانی بدرێته‌وه‌! خودی ئەم تیرۆریزمە دووبارەبونەوە و زیندووکردنەوە و بەردەوامیدانی زیاترە بە گروپە توندڕە و ئیسلامیەکان و ململانە مەزهەبی و خێڵەکیەکان.

– ڕاسته‌ ده‌بێت ئه‌منیه‌تی کۆمه‌ڵگا له‌ شه‌ڕو کوشتار بپارێزرێت، که‌ ئه‌مه‌ش کاری هێزه‌ ئه‌منیه‌کانی هه‌ر وولات و ناوچه‌یه‌که‌. به‌ڵام کێشه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ خودی ئه‌حزابی ده‌سه‌لاتداری عەشرەتی و مەزهەبی کوردی و حکومەتی تایفەگەری عێراقی و دەسەڵاتی مالیکی لە کاتێکدا کە خۆیان هۆکاری مه‌ترسی و شه‌ڕو کوشتار و ئاواره‌یی بوون بۆسه‌ر ژیانی خه‌ڵک، که‌چی لەم کاتانەدا ئەم هەلە دەقۆزنەوەو لە ڕیگای جوڵاندنی هەستی کۆمەڵگاوە و ناونوسی خەڵک و ڕاپێجکردنیان بۆ بەرەی شەڕێکی ناشەرعی کە ئەوەندەی تر کۆمەڵگا بەرەو نەهامەتی دەبات، پەلەقاژێی ئەوەیانە شەرعیەت بە خۆیان بدەنەوە بۆ درێژەپێدانی دەسەڵاتێک کە ساڵەهایە کۆمەڵگای عێراق و کوردستان خه‌بات ده‌کات بۆ وه‌لانانی.

گه‌ر سه‌یری ئه‌فغانستان بکه‌ین خۆ تاله‌بانه‌کان هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بوون، تا بوون به‌و هێزه‌ی که‌ ده‌سه‌لاتیان گرت و هه‌موو بنه‌ما ئینسانیه‌کانیان تیادا خاپورکرد.

– بۆیه‌، ئه‌م گروپانه‌ ده‌بێت به‌جدی وه‌رگیرێن و به‌ پلانی سیاسی و تا له‌توانادا بێت به‌دوور له‌ زه‌ره‌ری گیانیی ئینسان له‌ ناوچه‌که‌دا ڕێگایان لێبگیرێت. تاکه‌ ڕێگاش هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ دووباره‌ خه‌ڵک له‌دژی ئه‌م بەربەریەتی ئەم گروپانە و سات و سەودای دەسەڵاتەکان بوه‌ستێت، چونکه‌ به‌ڕاستی خه‌ڵکی کوردستان پێم وا نیه‌ ئیتر به‌رگه‌ی چه‌ند شه‌ڕێکی تری ماڵوێرانکه‌ر بگرێت که‌ کۆمه‌ڵگا 1400 ساڵی تر بباته‌‌ دواوه‌.

هه‌لاڵه‌ ڕافع
2014-06-19