فوکۆ و فێمینیزم!

409

سەعید شەمس

له‌ سەرجەمی کارەکان و هزری میشێل فۆکۆ، فیلسووف فرانسەیی، بە دەگمەن باسی
‏ژنان و مافی ژنان کراوە، بەڵام لە هەمانکاتدا، بۆچوون و تئۆری فۆکۆ کارگەرێکی ‏دیاریکراوی لە سەر پەرەسەندنی تئۆری فێمێنیستی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم ‏بەوڵاوە هەبووە. کەیت سووپر ‏ فیلسووفی فێمینیستی بریتانیایی لە سەر ئەو بارەیە کە ‏بەدەر لە تێکەڵاوی زۆر کەمی فۆکۆ لەگەڵ جووڵانەوەی ژنان، لە بەراوەرد لەگەڵ دەریدا ‏و لاکان کە زۆریان لە سەر ژن نووسیەوە، کارەکانی فۆکۆ “زۆر کەمتر هەڵگری بۆچوونی ‏ئۆبژێکتیوی پیاومەدارانەیە”. ‏

چۆن دەکرێ کارگەری بۆچوون و هزری فۆکۆ لە سەر تئۆری فێمینیستی باس بکردرێ؟ ‏یەکەم، لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستەم، کۆمەڵێک لە بیرمەندانی فێمینیستی و مافی ‏ژنان ئانالۆژی فۆکۆ لە کێتیبەکانی ‘دیسیلین و سزادان” و بەرگی یەکەمی “مێژوویی ‏سێکسیوالیتە”، وەک سەر چاوەیەکی باش و مێتۆدێکی گونجاو بۆ پەرەپێدانی تئۆری ‏فێمینیستی نرخاند و کەڵکیان لێ وەرگرت.‏ ‏ ‏

کتێبی ‘دیسیپلین و سەزادان’ وەک دەزانین سەرەتا بە گێرانەوەی وردەکاریییەکانی ‏سزادانی تواوانبارێک بە شێوازیەکی ئآشکرا و لە بەرەمی کۆمەڵانی خەلک لە ساڵی ‏‏١٧٥٧ لە پاریس دەست پێدەکا. فۆکۆ هەوڵدەدا لە رەوایەتی دوبارەی ئەو رووداوە، ‏دەرفەتێک پێکبێنێ بۆ بەراوەردکردن لە نێوان شێوازی سزادانی نەریتی و سیستمی ‏مێتۆدیکی سزادان و زیندانی کردنی سەردەمی مۆدێرن. لە رەوایەتێکی مێژووییدا، فۆکۆ ‏دەڵێت کە شێوازی سزادانی و ئەشکەنجەکردنی ئاشکرایی پێش مۆدێرن جێگایی خۆیی ‏داوە بە سیستمی شاراوەی سزادان و زیندانی کردن سەردەمی مۆدێرن کە گۆیا ئامانجی ‏نەک توڵەکردەنەوە لە تاوانباران بەلکوو دووبارە پەروەردەکردنی و بە هاووڵاتیکردنی ‏تاوانباارانە. هەر بۆیەش ئەو تێڕوانینە قەناعەتێکی لە نێو رایی گشتی ساز کردووە کە ‏سیستمی تازە زۆرتر مرۆڤوانتر و کەمتر ستەمکارانەیە. بەڵام فۆکۆ پێچەوانەکەی ‏دەسەلمێنێ. لە روانگەی فۆکۆوە، کۆمەڵگایی مۆدێرن و شێوازی هەلسووکەوتی ‏دیسیپلینی کەشف کراوی ‏ سەرەمی مۆدێرنیتە راستە زۆرتر شاراوەیە، بەڵام کارگەرێکی ‏بێ سنووری هەیە لە سەر مرۆڤ و ئازادی شارومەند. بە باوەری فۆکۆ ئەو شێوازە لە ‏کۆنتێڕۆل کردنی لەش و مێشک تەنیا لە زیندان پەیرەو ناکرێ، بەلکوو سەرتاسەری ‏بەشەکانی کۆمەڵگایی وەک: سەربازخانە، قوتابخانە، کارخانە و ناوەندەکانیتر کارکردن، ‏تەنیوەتەوە. فۆکۆ لە سەر ئەو باوەرەیە کە هەڵسووکەوتی دیسیپلینی کۆمەڵگایی مۆدێرن ‏لە رەوتێکی مێژوویدا زاڵ دەبێ و بەهاکانی دەبن بە نۆرمی دەروونی شارومەندان، ‏هەربۆیەش شارومەندان خۆیان وەک پولیس بەردەوام چاوەدێری خۆیان دەکەن. ‏

لە مێژووی سێکسیوالیتە- بەرگی یەکەم، فۆکۆ باس لەوە دەکا کە چۆن لە کۆمەڵگایی پێش ‏مۆدێرن و نەریتی، خزمایەتی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی دیارکەری هاوسەرکردن و ‏سازکردنی بنەماڵە بوون. بە واتایەکتر هاوسەری کردنی لە سەر بنەمای خزمایەتی، ‏پەیوەنی قەومی و عەشیرییەتییە دروست دەبوو. مەبەست و فۆنکسێۆنی هاوسەریکردن ‏و بنەماڵە دروستکردن لە نێو چین و تۆێژەکانی دەستەڵاتدار زۆرتر پاراستنی نێوو ‏سەروەت و سامان بنەماڵە، و مالێکییەت بوو. بەڵام لە سەدەی هەژدەدا بەئەولاوە ‏ئاپاراتێکی تازە هەنگاو بە هەنگاو خۆی ئاوێتەی ئەو سیستەمە کۆنە دەکا. فۆکۆ ئەو ‏ئاپاراتە وەک “پەرەسەندنی سێکسیوالیتە” ناوزەدە دەکا. فۆکۆ پێی وایە کە هاوسەری ‏تاکژنی ‏ و هیترۆسێکواڵ کە گۆیا دەبێ لە سەر دوو کۆڵەکەی ‘ئەوین’ و ‘خۆشەویستی’ ‏وێنا بکردرێ، دەبێتە سەرچاوەی شیوازێکی تازەتری چاوەدێریکردنی مرۆڤەکان. ئەو ‏شێواز لە هاوسەری و سازدانی بنەماڵە کە لە سەدەی ١٨ بەئەوڵاوە دەبێ بە نۆرمی زاڵ ‏بە گوتەی فۆکۆ خۆیی بەرهەمی زاڵ بوونی گوتاری سێکسیواڵیەیە. ئەو شێوازە لە ‏بنەماڵە لە سەرەتا لە نێو چینی بۆرژوازی رەچاو دەکرێ، بەڵام دواتر چینی کریکاریش ‏هەنگاو بە هەنگاو پەیرەوی دەکەن. ‏

بە کورتی، فۆکۆ دەڵێت ئەو گۆرانکارییە لە سەدەی ١٨ و ١٩ لە رۆژئاوا سەریەڵدا و بۆ ‏بە نۆرمی سەرەکی، ئەنجامێکی بنەرەتی و چاوەروانەکراوی بۆ کۆمەڵگایی مرۆڤوایەتی ‏لێکەوتەوە و بەشێک لە ئاکامەکانی ئەو پەرەسەندە چاوەرواننەکراو بوون. بۆ وێنە ‏بنەماڵەی مۆدێرن کە لە سەرەتا هیوای ئەوە هەبوو کە بە پێچەوانەی بنەماڵەی پێش ‏مۆدێرن لە تەنیا سەر بناغەی ئەوین و خۆشەویستی دوو مرۆڤ سازبکردرێ، بەڵام ‏دەرکەوت کە شان و باهۆی بنەماڵەی مۆدێرن تاقەتی هەڵگرتنی ئەو بار و ئەرکانە کە لە ‏سەردەمی مۆدێرنیتە بۆ دیاری کرابوو، نییە. هەر بۆیەش، دەرگای بنەماڵەی دەکرێتەوە ‏بۆ چاوەدێری کۆمەڵێک پسپۆری کۆمەڵایەتی وەک دەروونانس، قەشە، دوکتر خێزانی و ‏هتا. و لە ناکاو کۆمەڵیک دیاردەی ‘نانۆرماڵی’ کۆمەڵایەتی کەشف و پێناسە دەکردرێن و ‏پسپۆرانی کۆمەڵایەتی وەکاردەکەون بۆ یارمەتیدانی مرۆڤە نانۆرماڵەکان تا ئەوان بێنەوە ‏سەر خەتی راست و نۆرماڵ. چەمک و دەستەواژەکانی دوو فاقەیی وەک: نۆرمال-‏نانۆرماڵ، یاسایی-نایاسایی، ساخ-نەخۆش، ئاقڵ-شێت، نێرینە-مێیەنە، هتا جێگایەکی ‏دیاریکراویان لە گۆتارەکانی سەردەمدا پێدرا. ‏

لە لایەکیتروە، دەستەیەکتر لە بیرمەندانی فێمینیست، زۆرتر جەخت دەکەن لە سەر چەمکی ‏‏’تێکنۆلۆژیەکانی بوون’‏ ‏ ی فۆکۆ. فۆکۆ لە سەرەتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو تا ‏کۆچی دوایی کردنی کەمتر باسی لە فۆرمی زاڵبووی دەستەڵات و تێکنۆلۆژی دەستەڵاتی ‏دەکرد و تا بتوانێ سرنجی خۆی بۆ چەمکی دیفیوزی دەستەڵات تەرخان بەکا. ئەو چەمکە ‏زۆرتر سرنجمان بۆ چۆنایەتی بەرهەم هێنانی دەستەڵاتی لە رەوتی هەڵسووکەوتەکانی ‏کولتوری و کۆمەڵایەتی رادەکێشی. ئەو چەمکەی دەستەڵات ئەوە دەسەلمێنی کە مرۆڤ و ‏یان تاک تا رادەیەک هەڵگری ئۆتۆنۆمییە لە ژیانی رۆژانەدا. خەلک کۆمەڵێک ‏هەلسووکەوتی تایبەت و دیارکراو لە سەرجەمی نەریتە کولتوری و کۆمەڵایەتییەکان ‏ژینگەی خۆیان ‌هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی بۆ قازانج و بەرژەوەندی رۆحی و مادی خۆیان ‏بێانگۆرن، بۆ ئەوەی ” ژیانی خۆیان لە چوارچێوەیەکدا بەرێوە بەرن کە کۆمەڵێک بەهای ‏جوانناسانە (ئێستێتیک) رووبەرووی کۆمەڵێک پێوەری ستایلی دیاریکراو دەبن.”‏ ‏ ‏

لۆیس مەکنای دەڵێت کە بیری تێکنۆلۆژی بوون چەمکێکی یارمەتیدەرە بۆ سیاسەتی ‏جێوازی فێمینیستی بۆ ئەوەی کە رێگر بێ لە سەیرکردن ژنان وەک “قوربانیانی بێ ‏دەستەڵات و بێ گۆناحی سترۆکتۆری کۆمەڵایەتی باوکسالاری”.‏ ‏ ‏

بەگشتی دەکرێ بەڵێن کە چۆن مارکسیزم دوەری گیراو کە گواستنەوەی لە شەپۆلی یەکەم ‏بۆ شەپۆلی دووەم لە مێژووی بیری فێمینیستی کاتێ تئۆری فێمینیستی رووبەرووی ئەو ‏گۆگرانکارییە بەبووە کە چیتر خۆی لە چوارچێوەی تئۆری ماف قەتیسماو رانگرێ، بە ‏هەمان پێوەر فۆکۆ کە ڕوانگەیەکی زۆر جێوازی لە مارکسیزم و سایکۆئانالیزم لە پێناسەی ‏مۆدێرنیتە فۆرمولە کرد، دەوری هەبووە و هەیە لە پەرەرسەندنی ئەو دواییانەی تئۆری ‏فێمینیستی. چونکە تئۆری فێمنیستی تا رادەیەکی بەرچاو لە سەر ئیپیستیمەی ئەو دوو ‏قۆتابخانەیە، مارکسیزم و سایکۆئانالیزم، لە نیوەی ئەوەلی سەدەدی بیسستەم پەرەی ‏سەندەبوو. هزری فۆکۆ یارمەتیدەری فێمینیزم بۆ لە خۆی لە دێتیرمینیزمی ئابووری و ‏ئەزموونی مندالی رزگار بەکا. ‏

ئەڵبەت، لێرە و لەوێ شێوازێک لە دژبەری لە نێوان روانگەی فۆکۆ و هیندێک لە ‏بیرمەندانی فێمینیست دەبیندرێ، و ناتوانین بەڵێن کە هەموو کارەکانی فۆکۆ لە لایەن ‏فێمینیستەکانوە بە ئەرینی بەراوەرد دەکرێ. بۆ وێنە نانسی فێرەیزەر ئاماژە بە ناروونی و ‏لێڵی چەند لایەنی لە چەمکی دەستەڵاتی فۆکۆ دەکا و دەڵێت کاتێ فۆکۆ جەخت دەکاتە سەر ‏ئەو راستییە کە پەیوەندییەکانی دەستەڵاتی هەموو تاروپوودی ژیانی کۆمەڵایەتیان ‏تەنیوەتەوە، ئەو ناراستەوخۆ ” زانست، هەڵسەووکەوتی کۆمەڵایەتی و کولتوری ئازاد لە ‏دەستەلات بە نامومکن دەبینێ”.‏ ‏ و یان کەیت سووپێر، هاوکات لە گەڵ بەرز نرخاندنی ‏دەوری ئەرینی تئۆری فۆکۆ، دەڵیت کە فۆکۆ لە مێژووی سێکسیوالیتە بە تەوایی ‏‏”تێروانینێکی تاکی و خۆشیفتە لە چەمکی رزگاری وێنا دەکا” کە بە ئاسانی لەگەڵ ناکرێ ‏هاوتەریب بێ لە گەڵ چەمکی رزگاری فێمینیستی، بەلکوو شێوازێکترە لە رەوایەتی ‏‏”ناسراو و بە تاک ماوەی تئۆری لیبڕاڵ”.‏ ‏ ‏

بەڵام بەدەر لەو رەخنانە کە ناکرێ بە گرینگێان نەزانین، لە باری ئەرینێ وە دەتوانین ‏هاودەنگی فۆکۆ و تئۆری فێمینیستی کۆتایی سەدەی بیستەمدا لە ئەو چەند تەوەری ‏خوارەوە دەست نیشان بکەین:‏

‏١) لە روانگەی تئۆری هەر دوو بۆچوون لەشی مرۆڤ دەکرێ وەک بوارێکی دەستەڵات ‏بەبیندرێ، بوارێک کە تێیدا پەیوەندییەکانی باڵادەستی وێنا و ژێردەستی تێیدا پەیرەو ‏دەکرێ؛

‏٢) هەر دوو بۆچوون، بە تۆکمەیی ئاماژە بە ئۆپراسیۆنی دەستەڵات لە همەوو ‏بوارەکانی ژیان وەک بنەماڵە، ئابوور، یاسا، ئەدەبیاتو هتا، دەکەن، بەڵام لەهەمانکاتدا، ‏سرنجی سەرەکی خۆیان بۆ پێناسەی دەستەڵات لە سەربنەمایی بەشەکانی ماکرۆیی ‏دەستەڵات وەک دەوڵەت و سەرمایە تەرخان دەکەن؛

‏٣) هەر دوو ترادیسێۆن باس لە دەوری سەرەکی گوتار لە پرۆسەی وێناکردنی دەستەڵاتی ‏هێژمۆنیک دەکەن و هەروەها بایەخیکی گرینگ دەدەن بە هێزی ئۆپۆزیسیۆنی لە ریزی ‏تۆیژەکانی کۆمەڵایەتی پەراوێزە و بەشێکی هێزی فکری خۆیان بۆ پێناسەی ئەو هێزە ‏تەرخان دەکەن.‏

سەرچاوەکان

‎‎1.‎ Soper, Kate (1993) “Productive Contradiction,” in Ramazanglu, 29-50‎‏ ‏
‎2.‎ ‎ Bartky 1990; Bordo 1988; Deveaux 1994; Sawicki 1988; Heckman 1990; Butler 19990.‎
‎3.‎ The invented discipline ‎
‎4.‎ Monogamous ‎
‎5.‎ The technologies of Self
‎6.‎ Foucault, M (1985) The History of Sexuality, vol. 2 The Use of Pleasure, Trans. Robert Hurley, ‎Vintage,. 10-11 ‎
‎7.‎ McNay, Lois (1992) Foucault and Feminism: Power, Gender, and the Self, Cambridge: Polity Press, ‎
‎8.‎ Fraser, Nancy (1989) Unruly Practices: Power, Discourse, and Gender in Contemporary Social ‎Theory, 29 ‎
‎9.‎ Soper, Kate, ‎هەمان سەر چاوە، ل

سه‌رچاوه‌:تریبونی فێمینیستانی کورد