“گۆران باباعه‌لی”
ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی په‌رچه‌كردارێكی لۆژیكیه به‌رامبه‌ر بێخه‌می حكومه‌تێك كه له زه‌لكاوی گه‌نده‌ڵیدا چه‌قیوه‌و ده‌سته‌وه‌ستانه له‌به‌رده‌م كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیه گه‌وره‌كاندا، هه‌نگاوێكی گرنگیشه به‌ره‌و چاره‌سه‌ری دیارده‌ی ژنكوشتن. گروپێكی تایبه‌ت به رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و به‌دواداچوونی ئه‌م دیارده‌یه، له‌پاڵ هه‌موو ئه‌و رێكخراوانه‌دا كه خۆیان بۆ پاراستنی مافه‌كانی ئافره‌تان ته‌رخانكردووه، ده‌توانێت زۆر كاریگه‌رانه‌تر كاربكات له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه وه‌ك له‌وه‌ی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دیارده‌ی ژنكوشتنیش وه‌ك به‌شێك له هه‌موو كێشه‌كانی تری ئافره‌تان و نایه‌كسانیی كۆمه‌ڵایه‌تی و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافره‌تان بكات. چونكه هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاسانتر ده‌كات.
ره‌نگه باشترین رێگا جه‌ختكردن بێت له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كوشتنی ئافره‌ت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی شه‌ره‌ف وه‌ك هه‌ر جۆرێكی تری كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست. چونكه گه‌ر یاسا واز له كۆنسێپتی شه‌ره‌ف نه‌هێنێت، ئه‌وا ده‌بێت ته‌ماشای مۆتیڤ و بڕوبیانوهكانی تۆمه‌تباریش بكات. ئه‌مه‌ش واده‌كات ئه‌م جۆره تاوانه هێشتا هه‌ر وه‌ك به‌شێك له دابونه‌ریت سه‌یربكرێت و ئه‌و جۆره تێگه‌یشتنه‌ی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه ده‌رباره‌ی ئه‌و بڕوبیانوانه، هه‌میشه بمێنێته‌وه.
ده‌شێت ئه‌م جۆره مامه‌ڵه‌كردنه‌ی تاوانه‌كه، واته وه‌ك هه‌ر تاوانێكی تر، ببێته هۆی كاڵبوونه‌وه‌و بێكاریگهربوونی لایه‌نه ترسێنه‌ره‌كه‌ی سزادان. ئه‌گه‌ر تاوانبارانی كوشتنی ئافره‌ت وه‌ك هه‌ر تاوانبارێكی تر سزابدرێن و زیندانی بكرێن، ره‌نگه هیچ كاریگه‌رییه‌كی هۆشداركردنهوهو تۆقێنه‌ری بۆ كۆمهڵگاو به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و خێزان و كه‌سانه نه‌بێت كه ده‌شێت رۆژێك له‌ڕۆژان به‌ره‌و رووی ئه‌و كێشانه‌و رێگاچاره‌ی كوشتن ببنه‌وه. به‌ڵام لێره‌دا رێكخراوه تایبه‌ته‌كان به‌م كێشه‌یه‌و به‌تایبه‌تی میدیا، ده‌توانن ئه‌و رۆڵه ببینن. میدیا‌و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مەده‌نی ده‌توانن یه‌ك به یه‌كی كه‌یسه‌كان بخه‌نه‌ڕوو، قسه‌یان له‌سه‌ر بكه‌ن، گفتوگۆیان بكه‌ن و خه‌ڵك و به‌تایبه‌تی حكومه‌ت و لایه‌نه لێپرسراوه‌كانی وه‌ك پۆلیس و ئاسایشی رووبه‌ڕوو بكه‌نه‌وه. به‌واتایه‌كی تر كه‌یسه‌كان گهورهبكهنهوه و هه‌ڵای له‌سه‌ر بنێنه‌وه تا هه‌روا تێنه‌په‌ڕن. بۆنمونه ده‌شێت خستنه‌به‌رچاوی به‌رده‌وامی ژماره‌و ئاماره‌كانی سزادراوان كاریگه‌ریی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سان به‌رده‌وام له‌بیریان بێت گه‌ر ئه‌و تاوانه ئه‌نجامبده‌ن سزایه‌كی گه‌وره چاوه‌ڕوانیانه و كۆمه‌ڵگا لێی بێده‌نگ نابێت.
هه‌رچه‌نده ده‌شێت به‌دواداچوون و سزادانی تاوانباران یه‌كێك بێت له رێگاكانی پێشپێگرتنی ئه‌م تاوانه، به‌ڵام بنه‌بڕكردنی یه‌كێكه له ته‌حه‌دا گه‌وره‌كان و سه‌ختترین ئه‌رك و فه‌رمان بۆ كۆمه‌ڵگا. به‌تایبه‌تی گه‌ر وه‌ك به‌شێكی له كولتوور سه‌یربكرێت. له‌دونیای ئێستادا ناكرێت له كوشتن به‌بیانوی شه‌ره‌ف وه‌ك كرده‌وه‌و هه‌ڵسوكه‌وتێكی به‌ڵگه‌نه‌ویست و لۆژیكی بڕوانین كه ریشه‌ی له ئایین و كولتوور‌و دابونه‌ریتدا هه‌یه، به‌ڵكو باشتر وایه زیاتر وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین. راسته كوشتن به‌بیانوی شه‌ره‌ف له زۆر كۆنه‌وه له‌كۆمه‌ڵگای كوردیدا هه‌یه، به‌ڵام مامه‌ڵه لهگهڵكردنی وه‌ك دابونه‌ریت نه‌ك وه‌ك دیارده، وایكردووه ببێته كێشه‌یه‌كی هێنده ئاڵۆز‌و به‌شێوه‌یه‌ك به ستروكتووری كۆمه‌ڵایه‌تیدا بڵاوببێته‌وه كه چاره‌سه‌ركردنی زه‌حمه‌ت بێتهپێشچاو. حكومه‌ت و لایه‌نه بهرپرسیارهكانیش ده‌توانن به‌ئاسانی ئه‌مه بكه‌نه پاساوی كه‌مته‌رخه‌مییان.
ئه‌وه‌ی گروپێكی وه‌ك «شه‌ره‌فی سور» ده‌توانێت له‌مه‌ودای كورتدا به‌ده‌ستیبهێنێت ئه‌وه‌یه فشار بخاته سه‌ر حكومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان تا چاره‌سه‌ری خێرا‌و یاسا‌و ئیجرائاتی ده‌ستبه‌جێ (ئادهۆك) بگرنه‌به‌ر بۆ پاراستنی قوربانیانی ئه‌م دیارده‌یه و به‌دواداچوون و سزادانی تاوانباران، به‌ڵام بۆ رێگاگرتن و بنه‌بڕكردنی، پلانێكی هه‌مه‌لایه‌نه پێویسته. سه‌ره‌تاش، پێش هه‌موو شتێك، لێكۆڵینه‌وه‌ی پسپۆڕانه له هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌م دیارده‌یه تا له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌وه هه‌م لێكۆڵه‌ره‌وان و هه‌م چالاكوان و رێكخراوه تایبه‌تیه‌كان بزانن چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن و هه‌م ده‌زگاكانی پۆلیس و ئاسایش رابهێنرێن چۆن له‌كاتی پێویستدا ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌ك به‌ره‌نگاری ببنه‌وه كه تا ده‌توانن رێگای پێبگرن. قه‌ناعه‌تكردن به حكومه‌ت و داموده‌زگا به‌رپرسیاره‌كان بواری كاری دوورمه‌وداتری رێكخراوه‌كان و به‌تایبه‌تی گروپه تایبه‌ته‌كانی وه‌ك «گروپی شه‌ره‌فی سور»ه.
لهڕێوانهوه وه‌رگیراوه