سەنتەری نینا و چالاکی کلتوری

52

نمایشی شانۆگەری تابلۆیەک لە خۆڵەمێش
لە نوسینی ‌هارۆڵد پنتەر
وەرگێڕان: بەکر حەسەن
دەرهێنان و سینۆگرافی: بەکر ڕەشید
ی. دەرهێنان: میران عەلی
نواندنی: شادە عومەر، مەریوان کەمال
جلو بەرگ: نینا قادر
سپۆنسەر: سەنتەری نینا

ڕۆژی شەممە ٢١ی سێپتامبەر لە یەکێک لە هۆڵە شانۆییەکانی ستۆکهۆڵمدا بە ئامادەبونی بینەرێکی بەرچاو نمایشەکە پێشکەش کرا.

سەنتەری نینا وەک بنکەیەک بۆ ڕێنوێنی و یارمەتیدان و پارێزگاری ڕوبەڕوبوانی توندوتیژی بەگشتی و ژنان و گەنجان بەتایبەتی لە ناو خیزان و دەرەوەی خیزان، بۆ ماوەی نزیکەی ١٥ ساڵە کار و چالاکی هەیە. بۆ بەسەرنجامگەیاندنی کارەکانی لە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ دامودەزگا فەرمی و رێکخراوەکانی تری هاوشێوەی خۆی لە سوید.

بێگومان پرسە کۆمەڵایەتیەکان هەمو کەسێک و توێژێکی کۆمەڵگا دەگرێتەوە، بۆیە هەمیشە بەپێی پێشکەوتن لە شێوە و مێتودی کاردا چالاکی و هاوکاریەکان هەمەلایەنەتر دەبن، بەشێوەیەک کە هەمو مەیدانێکی کلتوری و فەرهەنگی بگرێتەوە، وە پێچەوانەکەشی هەمان شتە کە هەمو تاکێک لە ژیانی ڕۆژانەیدا لەگەڵ هونەرو ئەدەب و کاری فەرهەنگیدا دەژی.

دەکرێت لە ڕێگای نمایشێکەوەواقیعی کۆمەڵگا بخەینە ڕو، وە لەگەڵ توێژێک لەخەڵک تێکەڵ بین، لەڕێگای موزیک لەگەڵ جۆێکیتر و بەهەمان شێوە بۆ هەمو مەیدانەکانیتریش. بۆیە پێویستمان بەوەیە توانا و مەیدانە جیاوازکان لە شوێنێکدا پێکەوە گرێبدەین و ببنە تەواوکەری یەکتر تا کار لەنگ نەبێت.

تائێستا جگە لە کارە سەرەکیەکەی خۆمان، کە بەشێکی کاری هەنوکەیی ڕێنوێنی و یارمەتیدانە، لایەنەکەی تری ڕاکێشانی ڕای گشتی و هوشیارکردنەوە لە ڕێگای سیمینار، کۆنفرانس و خول … . لەهەمان کاتدا بەپێی توانامان دەستمان بردوە بۆ چالاکی هونەری و کولتوری بەمەبەستی: گەیاندنی واقعیەتی کۆمەڵگا بە شێوازی جۆراوجۆر، تێکەڵاوبون لەگەڵ زۆرترین توێژی کۆمەڵگا و سودوەرگرتن لە تواناکانی یەکتر، لەلایەکیترەوە بە تێپەڕبونی کات بۆمان دەرکەوتوە کە خەڵک ماندو بێت لە قسە و گفتوگۆی بەردەوام و پێویستی بە شێوازی ترە بۆ دەربڕینی پەیام و چارەسەرکردنی گرفتەکان، بۆیە پێمان وایە کارکردن لە ڕێگای چالاکی هونەری و کلتوریەوە شێواز و گەیەنەرێکی هەمەلایەنە و باشە بۆ هەمو کۆمەڵگا نەک تەنها بۆ توێژێک.

هەر بۆیە لەو جۆرە چالاکیانەشدا کەسانێکی زۆر لە هەمو چین و تویژێک بەشداری دەکەن، وەک لەم شانۆنامەیەدا بینیمان کە زۆر دەمێک بو خەڵکانیکی وا بەو شێوەیە لە هۆڵێکدا کۆنەبوبوەوە، جگە لە بۆنە حیزبیەکاندا.
نمایشەکە گفتوگۆیەکی باشی بەدوای خۆیدا هێنا لە سەرنج و ڕەخنە و تێبینی جیاواز وجۆراوجۆر. ئەمەش ئەوەدەگەیەنێ کە لەلایەکەوە بینەر تامەزرۆی کاری کلتوری و فەرهەنگیە وە لەلایەکی ترەوە نمایشەکە بە شێوەی جیاوازلای بینەر جێگای خۆی گرتوە.

وەک شێوەکارێکی تایبەت، ڕاستەوخۆ بەدوای نمایشەکەشدا گفتوگۆکە بە ئامادەبونی چەند ئەکتەرو هونەرمەند و بینەرێک لە سەنتەری نینا بەڕێوەچو، کە بەدڵنیاییەوە دەبێتە مایەی هاوکاری، پشتیوانی و دڵگەرمی زیاتر بۆ دەرهێنەر و ئەکتەر، سەنتەری نینا و ستافی شانۆنامەکە بۆ بەرهەمی باشترو زیاتر.

پێزانینی زۆرمان بۆ دەرهێنەرو ئەکتەران کە بۆ ماوەیەکی دورودرێژ بە هەموتوانایانەوە کاریان کرد بۆ بەرهەمهێنانی ئەم نمایشە، بە هیوای ماندونەبونیتان.
سوپاسی تایبەت بۆ هاوکاران: بەناز مەستی، نازەنین مستەفا، گەشاو عەلی، پەخشان مستەفا، هەڵمەت محمەمەد، تارا عەلی، نەجات ئەمین، بژێو جەلیل، ئەڤین سەلام، راوێژ جەلیل، باوان بەرزنجی
سوپاس بۆ ئامادەبوان و بەشداربوانی گفتوگۆکان

بەهیوای کار و هاوکاری زیاتر
سەنتەری نینا
٢٠١٩/٩/٢٣