خەباتی ژنانی کۆبانی‌و بزوتنەوەی ژنان لەکوردستان!

95

بەهار مونزیر
هەڵسوراوی بزوتنەوەی ژنان/ دەرچووی زانستە سیاسیەکان و جێندەر لەوڵاتی نەرویج

ئایا ژنانی کوردستان چ دەسکەوتێکیان دەبێت لە خەبات و خۆڕاگری و جێگەو رێگەی ژنان!

کۆبانێ؟ ئایا دەتوانین ئازایەتی و خۆراگری ژنانی کۆبانی وەك خاڵێكی وەرچەرخان لە جێگاورێگای ژنان لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا هەڵسەنگێنین؟
بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە ئاوڕێك لە زیاتر لە دوو دەهەی بارودۆخی بزوتنەوەی ژنان لە هەرێمی کوردستان بدەینەوە! تاکو بتوانین خەبات و هەوڵی ژنان هەڵسەنگێنین و باس لە خاڵە لاوازەکان و ڕێگریەکانی بەردەم ئەم بزووتنەوەیە بکەین.

دەسپێكی ئەم باسە بەسەرنجدانێکی خێرا لە مێژووی ئەم بزوتنەوەیە دەکەینەوەو دەست دەخەینە سەر هەوڵ و کۆششی ژنانێك کە خەباتیان کردوە بۆ یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو بە شیوازی جۆراو جۆر. بە جیا لەوەی دەتوانین بلێن لەگەل ئەوەی ژنانیک نوینەرایەتی پیاوسالارییان کردوە بە ئەجەندای پیاوانەوە کاریان کردەوە، بەڵام ژنانێك هەبوون و هەن کە بەرادەیەك توانیویانە بەو هەموو کەم کوڕیەوە ڕووبەڕی هیزی کۆنەپەرستان ببنەوە لە هەریمی کوردستان !

یەکێك لە خاڵە لاوازەکانی ئەم بزوتنەوەیەی بەناوی بزوتنەوەی ژنانەوە لە کوردستان باسی دەکرێت، بە تایبەتی بالا دەستی بۆچون و لێکدانەوەی پیاوسالاری‌‌و زاڵبوونی دەوری پیاوانە تێیدا‌و نەبوونی کلتوریكە کە ژنان هاو شانی پیاوان ڕیگەیان پیدرابیت و ژنان هەست بە کەسایەتی خۆیان بکەن و وەك کەسانیکی سەربەخۆ کە جیگەو ڕیگەیان توندوتۆل بیت .یان بەشێکی زۆری هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان خۆیان بونەتە پاریزەری کلتوری پیاوانەو پیاوسالاری… مەسەلەیەکی دیکە ئەو کلتورە کۆنەپەرستانەیە کە دوو دەهەیە بەسەر ژنان‌و کۆمەڵگادا زاڵدەکرێتەوەو هەولی کۆیلە کردنی ژنان دەدات و بە کاوەخۆ و راستەوخۆ کاریگەیە نەرینیەکانی بۆ سەر ئەم بزوتنەوەیە زۆر بەرجەستە دەکاتەوە.

لەگەڵ هاتنی حزبە بالادەستەکانی کوردستان و بە هیزبوونی کلتوری پیاو سالاری و سەرهەلدانی ئەو ڕەوتە ئیسلامیانەی کە لە بەرامبەر ماف و ئازادیەکانی ژنان وەستانەوەوە بە بەرنامەی تۆکمەوە کەوتنە کارکردن لەسەر پوکانەوەی ئەو هەلو و کۆششەی کە بەشێك لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان سالانیك خەباتیان بۆ کرد .

داخوازیەکانی ژنان لە داخوازی ڕاستەقینەی ژنانەوە لەسەر مەسەلەی جۆراوجۆری سیاسی و ئابوری‌و کۆمەلایتیەوە کورت بوەوە لە ڕووبەرووبونەوەی توندو تیژی و کوشتنی ژنان . ئەمانە بوە هۆی ئەوەی کە خواستی کار و بیمەی بیکاری بۆ ژنان و کردنەوەی دایەنگا و ئازادی پۆشین و کۆمەلایەتی کردنەوەی کاری ناو مال و هه‌ندێك داخوازی تر بەرە بەرە ببرێتە دواوە‌.

لەگەل هەموو کەم کوریەکان دا ژنانی یەکسانیخواز کەم تا زۆر لە بۆنەو کاتە جیاوازەکانادا داخوازی خۆیان خستوەتە روو، بەلام هەوڵ و کۆششەکان بە شیوەیەکی لاواز دەردەکەویت. ئەم هەولانە نەیانتوانیوە یەکسان بن بە دروست بوونی بزوتنەوەیەکی تۆکمە‌و فراوانی ژنان کە لەسەرمافە بنەرەتیەکانی ژنان‌‌ و یەکسانی جەندەری لە کۆمەلگا دا یەخەی دەسەڵات بگرێت‌، بەلکو خواستەکان هەر لە بازنەیەک دا دێن و دەچن کە زیاتر دروست کردنی فشاری بچوکە لە سەر دەسەلاتداران وەك پەرلەمان و حکومەت ، کە ئەمەش دەچیتە خانەی کاری ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی نەك دروستکردنی بزوتنەوەیەکی فراوان کە ژنان خۆیان تیادا نوینەرایەتی خواستەکانیان بکەن‌‌و هەنگاو بەهەنگاو ئەو ماف و خواستانەیان بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنن‌و لەئاستی کۆمەڵگادا جێگیری بکەن.

بەداخەوە، هێشتا ئەوەی ئێستا لەئارا دا نیە بزوتنەوەیە کە کەهەزاران ژن لە دەوری خۆی‌و بە ئامانج‌و خواستی و یەکسانیخوازانەو ئازادیخوازانەی ژنان کۆبکاتەوە .
ئەمانەی لە سەرەوە باسمان کرد و بەکورتی ئاماژەمان پیدان هەندی خالن کە دەتوانن میژووی بزوتنەوەی ژنانمان پی نیشان بدەن‌ کە چۆن بوە و گرفتەکانی چین ؟
دوای ئەم لێکدانەوەیە دەربارەی گرفتەکانی بزوتنەوەی ژنان لە کوردستان دێینە سەر باسی ژنانی کۆبانی و کاریگەریەکانی لەسەر خەباتی ژنانی کوردسستان لە هەرێم :

لە دوای ‌هێرشە کانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە ( داعش) و هێرشەکانی بۆ سەر شاری موصل و دواتر کاولکاری لە شەنگال و کوشتن و دەستبەسەرکردنی هەزارن ژنی ئیزیدی و مەسیحی‌، مندال و لاقەکردنیان، نیکاحی جیهاد ئەمانە هە موو ‌بارودۆخی ژنان بەرەو کارەسات‌ برد و نیگەرانی‌و دڵەراوکێی لەناو ژنان‌و کۆمەڵگادا دروست کردبوو.

بەڵام دوای هیرشەکانیان بۆسەر کانتۆنی کۆبانی و بەشداری جدی ژنان لە شەری کۆبانی‌و بەرەنگاربونەوەی داعشدا بەجۆرێك کە خۆراگرییان سەرجەم خەڵكی کوردستان و ناوچەکەو جیهانی سەرسام کرد، بەو راوەستاوی‌و کارە مەزنەیان ژنانی کۆبانی سەلماندیان کە ژنان دەتوانن بەگری لە مرۆڤایەتی بکەن و ڕووبەڕوی زەبەلاح ترین گرۆپی تیرۆریستی ببننەوە . ئەمە کاردانەوەی زۆری لیکەوتەوە . دەبینین لە میدیاکانی وولاتانی دونیا باس لە لیهاتووی و خۆراگری و دەوری ئەو ژنانە دەکریت کە بونەتە سیمبولی بەرگری هەموو دونیا!

ئایا ئەم بوون بە سیمبوول و ئەم ئازایەتیەی ژنانی کوبانی دەتوانێت چ کاریگەریەك دروست بکات لەسەر لە ژنانی هەریمی کوردستان‌و جێگاورێگایان لەناو کۆمەڵگادا ؟ ئایا تیروانینیکی لاواز کە بۆ ژن هەیە لە جێی خۆی دەمێنێتەوە!؟ لیرەدا من دەمەویت چەند خالێك بخەمە ڕوو :

ئەوەی کە گرنگە ژنانی کوردستان لە هەریم دەتوانن لەم کاتەدا باشترین سود بە بزوتنەوەکەیان بگەینن بەوە کە هەوڵی کاڵكردنەوەو فڕیدانی ئەو بۆچونە لەسەر ژنانی کوردستان دوای ئەو نمونەیەی ژنانی کوبانی نیشانیاندا، ئەوە بێت کە .. ژنانی کوردستان خۆیان بۆچونیان لەسەر خۆیان بگۆڕیت کە قبوڵی دەوری پلەدویی نەکەن.. قبوڵی ئەوە نەکەن کۆمەڵگاو یاساو شەرع پێیان دەڵێ کەسانی پلە دوو یان زەعیفە ..

دەبێ شەڕی فکری لەگەڵ کەلتوری بەکەم سەیرکردنی ژناندا بکەن… دەبێ ئەوانیش قەناعەتیان بەوە هەبێ کە وەکو ژنانی کوبانی سەیری خۆیان بکەن واتە کەسانی خاوەن ئیرادە و پشتی بە خۆ بەستوە نەك هەمیشە لەدوای پیاوەوە بن و بە پیاوەوە پێیان وابێت خۆیان هەن.. واتە سەرەتا دەبێ تیروانینی ژن لەسەر خۆی بگۆڕیت و هەوڵ بدات دوای ئەوە هی کۆمەڵگا بگۆڕیت..

بەشێکی کە وتوەتە سەر ژنانی هۆشیارو نوسەرو یەکسانیخوازو چالاک کە بتوانیت کاریگەری دروست بکەن ، بەشێکی تر بە چالاکی جەماوەری… بەشداری ژنان لە چالاکیەکانی بەرگری لە کوبانی.. ئامادەیی ژنان بۆ بەرگری لەخۆیان وکۆمەڵگا، ئەوە بیجگە لەوەی کە دەبێ ژنان ئەوە بکەنە دەسکەوتێك بۆ خۆیان بۆئەوەی لە ئاستی کۆمەڵگاو دەسەڵات‌و یاسادا مافەکانیان بەدەست بهێننو بە بێمافی‌و پلە دووی خۆیان رازی نەبن و جموجوڵی گەورەی بۆ بەرێبخەن .

خالێکی تر پشتوانی مادی و مەعنەوی ژنانی کۆبانی کە هەموو ژنانی کوردستان دەبوو زۆر ژیاتر پشتوانیان دیار و بەرجەستە بوایە.. شەقامەکانی کوردستان بە دروشمی ژنانی ئەم هەریمە بتەندرایە .. نەك بەشداریەکی لاواز لە نیوان سەد ژن بیت و بچیت . ئستاش پیم وایە کە گرنگە ژنان لە شوینی کار و کارگە و فەرمانگەکان لە ناو شەقامەکان ئەم پشتیوانیە بکەن بۆ ژنانی کۆبانی، کە بتوانی کاریگەری تەواو دروست بکەن لەسەر لابردنی زاراوەی ( لاوازی ژن ) ئەمەش تەنها کاریگەری ئەرینی نیە بۆ هەریمی کوردستان بۆ پرسی ژن بەلکۆ لە هەموو ناوجەکەوە جیهانیش دەتوانیت کاریگەری هەبیت .

print