Arabic English
سه‌ره‌کی| ده‌رباره‌ی ڕێکخراو| سه‌نته‌ری نینا| ستاف| په‌یوه‌ندی| وێنه‌


بیروڕاو دیدار
avatar

ئیسلامی توندڕەو یان سیاسه‌ت و پەلەقاژێی ده‌سه‌ڵات!

به‌پێی کارو کرده‌وه‌کانی گروپه‌ ئیسلامیه‌کان له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابوردو، وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌م ماوا...
avatar

هه‌موومان به‌رپرسیارین، هه‌نگاوێک بۆ پێشه‌‌وه‌!

به‌ده‌ر له‌وه‌ی که‌ ‌ مه‌سه‌له‌ی ژن وه‌ک پرسێکی سیاسی ده‌بێت له‌ کۆنسێپتی تایبه‌تی خۆیدا به‌ڕۆشنی با...
avatar

8 ی مارس! ‌ هه‌ندێک له‌ خاڵه‌ لاوازه‌کانی بزوتنه‌وه‌کانی ژنان له‌ سه‌ر ئاستی جیهان و ناوچه‌یی

- هه‌ژمونی ده‌سه‌ڵاتی ڕاستڕه‌و.
- به‌هێز بوونی ڕاسیزم و لیبرالیزم و ئیسلامی سیاسی له‌سه‌ره‌نجامی بێهێزی...
ئایا پێت وایه‌ که‌ ده‌بێت دین له‌ ده‌وڵه‌ت و یاسا جیا بکرێته‌وه؟
بەڵێ
نەخێر
بۆم گرینگ نیە
Contact RSS Facebook Youtube

رۆڵی ژن له بزووتنه وه ی رزگاری خوازی نه ته وه یی دا


9 Jan 2013
لێکۆڵینەوەی فێمێنیستی له سەر ناسێۆنالیزم و ژن بوارێکی نوێیه که دەست پێکردنی دەگەڕێتەوه بۆ ساڵانی دوای ١٩٨٠کان. لەم بواره دا فێمێنزم هەوڵی داوه که له روانگەی خۆیەوه نەقش و کاریگەری ناسێۆنالیزم له سەر ژن پێناس بکات. هەر چەند زۆربەی ئەم لێکۆڵینەوانه پەیوەندی راسته وخۆی به وڵاتانی رۆژ ئاوا و تایبەتمەندیەکانی ئەم وڵاتانەوه هەیه، به ڵام هاو کات وەک دەبینین(لەم بانەتەدا) له سەر وڵاتانی دیکەش بەهەمان شێوه کاریگەری وەک یەک چووی هەبووه. به وتەیکی دیکه، ئەگەر چی ناسێۆنالیزم به پێ شوێن ومێژووی تایبەتی خۆی پرۆژه و دیسکۆرسی تایبەتی خۆی به رامبه ر به ژن هەیه، بەڵام هاو کات خاڵێ هەره هاوبه شیشی هەیه.

بۆ نموونه ، له روانگەی فێمێنیزمه وه، ناسێۆنالیزم له پرۆژه و دیسکۆرسەکانی خۆیدا رۆڵی ژن له گۆمەڵگا و بنەماڵەدا به جێندەر دەکات(رۆڵی ژنانه و پیاوانه)، و پەیوەندی نایەکسان له نێوانی ژن و پیاودا دادەڕێژێ. به گشتی پرۆژه و دیسکۆرسەکانی ناسێۆنالیزم به پێچەوانەی به رژەوەندی ژنه، که تەنیا ژن به قازانجی بنەمای پیاوسالاری و نەتەوه به کار دەهێنێ و شەرعیەت دەدات به ژێر دەستیان.

به پێ ی ئەم روانگەیه ، ناسێۆنالیزم که له قووڵایی پرۆژەی مودێڕنیەت سەرچاوه ی گرتووه، نەتەوەی به گشتی به دوو بەش دابەش کردووه: به شی 'گشتی' و بەشی 'خسووسی'. له ژێر ئەم پێناسەدا پیاو ئەرکی بەشی گشتی پێسپێردراوه (که بریته له سیاسەت، لۆژیک، بواری گشتی و دەرەوەی ماڵ به گشتی)ژنیش ئەرکی بواری خسووسی پێسپێردراوه (که له چوارچێوه ی سروشت دا کاروباری خسووسیy بنه ماڵی پێ سپێردراوه). ژن لەم چوارچێوەدا وەک بەرهەم هێنه ری بایه لۆژی و کەلتووری نەتەوه چاوی لێ کراوه و ئەرکەکانی لەم چوارچێوەدا پێناس کراوه.

رەخنەگری فێمێنیست ئاماژه بەوه دەکات که کاتێ ژن له چوارچێوەی ئەم قاڵبەدا پێناس کرا، ئیتر نەتەنیا جەستەی ئەو، به ڵکوو ته واوی بوونی ژن دەخرێتە ژێر کونتڕۆل و ژێر پێناسی ناسیۆنالیزم. ناسیۆنالیزم به پێی پڕۆژەکانی خۆی منداڵبوون، پێشگیری له منداڵبوون، شێوه ی جل و بەرگ پۆشین، هەڵسوو کەوتی رۆژانه و زۆر شتی دیکەی بۆ ژن پێناس کرد و بەسەریدا سەپاند. به وتەیەکی دیکه، پرۆژه و دیسکۆرسه جیاوازەکانی ناسێۆنالیزم، له بەشه جیاوازه کانی جیهاندا ژنی ناچار کردووه که جەسته و رەفتاری خۆی به پێی ویستی ناسێۆنالیزم بگۆڕێ و بگونجێنێ.

ژن و ناسێۆنالیزم له جیهانی سێهه م
ئەم پێناسەی ناسێۆنالیزم بووه هۆی ئەوەی که ژنانی وڵاتانی جیهانی سێهەم بڕواننه پڕۆژه و دیسکۆرسی ناسێۆنالیزمەکانی خۆیان و روخساری راسته قینە یان بخەنه روو. لێکۆڵینەوەکانی فێمێنیزم له جیهانی سێهەمدا ئاگادارمان دەکەنەوه که چۆن پڕۆژه و دیسکۆرسی ' کێشەی ژن' هاته ناوەندی پرۆژەی ناسێۆنالیستیی وڵاتانی وەک ئێرا ن و تورکیه (له سەراتاکانی سەدەی ٢٠دا) ،بۆ نموونه. هاوکات ئەم لێكۆڵینەوانه ئاگادارمان دەکەن که ئەم پرۆژانه به هیچ شێوەیک له سەر قازنج و بۆ رزگاری ژن دانەمەزرابوون (به پێچه وانەی ئیدیعای دامەزرێنەرەکانیان)، به ڵکوو 'کێشەی ژن' پرۆژەیکی روونی بۆرژوازی تازه پێگەیشتووی ئەم وڵاتانه بوو که دەیویست ژن به کار بهێنێ بۆ سوودمەندی نەتەوه و له چوارچێوه ی بیری پیاو سالاریدا داڕێژرابوون. ئەم لێکٶڵینەوانه له ئاکامدا بۆمان دەردەخەن که چۆن ژن به هۆی ئەم پڕۆژانەوه له ژێر دەسەڵاتی پیاو سالاری کۆن و سونەتی 'رزگار 'کرا و خرایه ژێر دەستی دەسەڵاتی پیاو سالاری و بنەماڵەی نوێ، که بناغە که ی به پێ ی خەون و ئارەزووی پیاوانەی ئەم جیله تازه پێگەیشتووه دارێژرابوو.

لێکۆڵینەوه فێمێنیستیەکان ئەوەمان بۆ دەردەخەن که 'کەشفی حیجابی' ره زا شا و مافی دەنگ دانی گشتی ئەتا تورک پەیوەدنێکی نەبوو به رزگاری و ئازادی ژن ،بەڵکوو بەرنامەیکی داڕێژراو بوو کە له لایەن بۆرژوازی تازه پێگەیشتوو له پێناوی گەیاندنی نەتەوه ساواکەیان به 'پێشکەوتنی' رۆژئاویی و کردنەوەی بازاڕی سەرمایەداری دارێژرابوو. به پێ بۆ چوونی ئەو جیله، رۆژئاو ا بۆیه به پێشکه وتن گەیشتبوو چونکه ژنەکانیان پێشکەتوو بوون، هەر بۆیه دەبوایه به پەله رابردووی فیۆدالی به هەموو چوارچێوه گشتی و خسووسیەکانیەوه (وه ک بنەماڵه ) تێک بشکێندرێ و له سەر شێوه ی رۆژ ئاوایی گۆمەڵگایکی نوێ که دوور بێت له 'تاریکی و تەوه حوشی رابردوو' دابمه زرێ. به کورتی به رنامه بەر تەسک و رواڵەتیه کانی' کێشەی ژن له م چه ند خاڵه ی ژێرەوه تێپەڕ نه دەبوون: لابردنی حیجاب، ده نگ دان، دامەزرانی خوێنده واری، هاندانی ژن بۆ کار و پیشه، و لابردنی هەندێ داب و نەریت وەک فره ژنی و شتی له و بابەته- که به کورتی کەم و کوڕیەکانیان باس دەکرێ.
هەر وەک ئاماژەی پێ کرا ئەم پرۆژانه هەندێکیان تەنیا رەواڵەتی ببوون به ڵام هەندێکیشیان به ته واوی رۆڵی ژنی به پێ ی پێوانه ی پیاوسالاری له کۆمەڵگه و بنەماڵه دا گۆڕی و به جێندەری کرد. بۆ نموونه لابردنی له چکه بۆ دوو مەبەست بوو؛ یەکەم ، بوو به نیشاندەری روخساری 'شارستانی و هاوچەرخیانەی' نەته وەی تازه پێ گەیشتوو و دووهەم ،له خزمەت ئاسان کاری بۆ پرۆژەی موده ڕنیەتدا بوو. به هەمان شێوه خوێندەواریش له پێناو هەندێ پرۆژەی تایبەتدا بوو. بۆ نموونه خوێنده واری دەیتوانی که ژنی 'نوێ' بار بێنێت که بتوانێ ماڵدار، منداڵداری و مێرداری به شێوەیکی 'زانستی' بکات و تایبەتمەندیکانی 'ره سەنی نەته وەیی' که له قوتابخانەی نەتەودا فێر دەبوو بۆ جیلی داهاتوو رابگویزێت و هاوکاتیش ژن له چوارچێوه ی پیاو سالاری فیودالی رزگار بکات و بینخاته ناو بازاره هەرزانەکانی کارەوه.

هاوکات لێکۆڵینەوه فێمێنیستەکان ئاگادارمان دەکەن که چۆن پرۆژه و دیسکۆرسی 'کێشەی ژن' له گشت پەیوەندیەکانی دیکەی ژندا کاریگەری بەرجەستەی هەبوو. بۆ نمونه 'ژنی نوێ' دەبوایه نەک تەنیا هه ڵگر و راگوێزەری تایبەتمەندیه مودێڕنەکان بێت، بەڵکوو هاو کات دەبوایه هەڵگری تایبەتمەندیه ' رەسەنیەکانی کەلتووری' نەتەوەیی بێ،واته هەم 'مودیڕن' بێت و هەم 'سونەتی'. به وتەیکی دیکه هەرچه ند نەتەوی 'نوێ' داوای له 'ژنی نوێ ' دەکرد که خوێندەوار و خاوەنی پیشه بێت، به ڵام دەبوایه ئەم خوێندەواری و پیشەیه له چوارچێوەی ئەخلاق و رەفتاری نەتەوەیی تێبەپەڕ نەبێ و مەترسی نەخاته سەر 'ژنایەتی' ژن . هاو کات دەبوایه 'ژنی نوێ' جل پۆشینی، نان خواردن، چوونەده ر، و گشت رەفتاری رۆژانەی بە پێ پێناسی 'نەتەوەیی ' دابڕێژێ. ئەم پێناسه نوێیه ی ژن که بریتی بوو له: داوێن پاکی و نەجیبی، خۆ بەخت کەری و خوێندەواری، کەم قسەیی و پاسیڤ بوون، تایبەتمەندیکانی ژنی 'نوێ 'بوون. ئەم ژنه بێ گومان دەبوایه له گەل 'ژنی کۆن' که بریتی بوو له' نەخوێندەوار، ناهوشیار، نەزان، بوختان کەر، شەرانی، زۆربڵه، دەنگ بەرز، بێ حورمەت، له باری سێکسیەوه بێ بەند وبار 'جیا بێتەوه. له ڕاستیدا ئەمه فشارێکی بێ وێنه و پرۆژەیکی بێ هاوتا بوو.

سەرەڕای داسەپاندنی ئەم رەفتاره بەرتەسکانه بۆ ژن، 'بنەماڵەی نوێش' که به مۆدێلی بنەماڵی رۆژئاویی 'یەک ژنی' پێک هاتبوو، تایبەتمەندیکەکانی به ته واوی دژه ژن و له سه ر کۆنتڕٶلی ته واوی جنسی ژن دامه زرابوو. به م شێوه یه بۆرژوازی ناسێۆنالیستی ئه م وڵاته تازە پێگەیشتوانه 'دواکەوتوویی' خۆیان له چاوی 'دواکەوتووی ' ژنەکانیاندا دەدی وه دەیانویست به ژنەکانیان قه رەبووی بکەنه وه.

به کورتی پرۆژەی ناسیۆنالیزمی نوێ بۆ 'ژنی نوێ'، پرۆژ ەیکی به دوور له چوارچێوەی فێمینیستی بوو. لەم پرۆژه دا به هیچ شێوەیک باس له گۆڕانکاری ژێر دەستی ژن له بنەماڵه و كۆمەڵدا نەکرا، یا خود گۆڕنکاری له پێوەندیه نایەکسانەکانی نێوان ژن و پیاو دا نەکرا. ئه گه ر چی هەندێ ژن له چینەکانی سه رەوه ی کۆمەڵگا توانیان له پرۆژەکانی 'کێشەی ژن' قازانج بکەن، بەڵام زۆر به ی زۆری ژن له چینەکانی خوا رەوه و ژنانی سەر بە نەتەوه ژێر دەستەکانی ئه م وڵاتانەوه وه ک کورد هیچ سوودێکیان نەبرد، به ڵکوو به بەردەوامی وه ک 'دواکەوتوو' و ئه وانی تر چاویان لێ دەکراو تاوانی ئه وەیان ده خسته سەر شانیان کەبوونەته هۆی دواکەوتووی گشت نەته وەکه .

ژن و بزووتنەوه ی رزگاری خوازی نەتەوه ژێر دەستەكان
لێره دا چه ند پرسیار دێته پێش، یەکەم ئەوەی که بۆ ژنان که ئەم روخساره ی ناسیۆنالیزم دەبینن بەشداری ئەم جووڵانه دەکەن؟ دووهەم، ئایا گشت ناسێۆنالیزمەکان پرۆژه و دیسکۆرسی وەک یەکچوویان هەیه بۆ ژن؟ و سێهەم ئایا مۆدێلێک هەیه که ژن بتوانێ هەم فێمێنیست بێت و هەم له بزووتنەوەی رزگاری خواز خۆی دا بەشدار بێت؟

له وڵامی پرسیاری یەکەم دا، به پێچەوانه ی ژنی رۆژئاویی، ناسیۆنالیزم و جووڵانەوەی نەتەوە یی دایمه په یوه ندی و گرنگی راسته و خۆی به ژنی نه ته وه ژێر ده ستەکان (وه ک کورد) بووه. ئەزموونی تاڵی ژێر ده ستی، هێرشی بەرفەراوانی سەربازی، دەسەڵاتی دیکتاتۆری رژیمه داگیر کەرەکانی کورد و ستەم وجەنایەته بێ وێنەکانیان، ژنانی له هەموو چینه کۆمەڵایەتیەکان هان داوه که داکۆکی له بزووتنەوەی رزگاری خوازی نەتەوەکەیان بکەن و بەشداری بن.

له وەڵامی پرسیاری دووهەمدا ،هەروەک ئەم وتاره به وردی ئامژەی پێ دەکات، ناسێۆنالیزم دیسکۆرس و پرۆژه ی جیاوازی هەیه، بۆ نموونه هەر له کوردستانی رۆژهەڵاتدا جیاوزیکی فره له نێوان دوو حیزبی سه رەکی کۆمەڵه و حیزبی دیموکڕاتدا بەرامبەر به ژن بەدی دەکرێ . ئەم جیاوازیانه له راستیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی که ئه و جووڵانەوەیه له سەر چ بنەمایک پێک هاتبێ و له چوارچێوه ی چ دیسکۆرسێکدا خۆی پێناس دەکات. بۆ نموونه ئەو رێکخراوانەی که به تایبەت سەبارەت به رۆڵی ژن کارگەری دیسکۆرسی چەپ و شۆڕشی ئۆکۆتبریان له سەر بوو(بەر له ستالێنیزم کەمەسەلەی ژن گۆڕاو قوربانی کرا بۆ گەیشتن به برۆکراسی راشناڵێزمی سۆشیالیستی) رەنگدانه وەیکی رزگاری خوازانەی بەرامبەر به ژن تێیدا بەدی ده کرا. ئەم مۆدیله به شێوەیکی به رفراوانتر باسی له سه ر رزگاری ژن دەکرد. هه روەها ئەم مۆدیله کەمتر له سه ر جیاوازیه رۆڵیه (جنده ره کانی) ژن و پیاو جەختی ده کرد. بەڵام، دیسانیش ئه م مۆدیله له بیری فێمێنیسیتی به دوور بوو و کەم وکوڕێ تایبەت به خۆی هەبوو( به و هیوای که له داهاتوو دا بتواندرێ که ڵێکۆڵینه وەیکی روون له سه ر کۆمەڵه و حیزبی دیموکڕات بکرێت).

به ڵام مۆدیلی دووهەم، که زۆرتر له سیاسەت و دیسکۆرسی حیزبی دموکڕاتد(بۆ نموونه ) رەنگی داوەتەوه، به تەواوی رۆڵی ژنی له چوارچێوەی خزمەت به نەتەوه دا پێناس کردووه و به ته واوی له سه ر رۆڵی جیاوازی پیاو و ژن له سیاسەت و کو مەڵدا دامەزراوه. سەرەڕای بەشداری بەرفەروانی ژنان لەم حیزبەدا و خۆشەویستیان بەرامبەری، حیزبی دیموکڕات هەم له دیسکۆرس و هەم له پڕۆژەکانیدا کەم کاری بێ وێنەی بەرامبەر به ژن نیشان داوه. سەرەڕای ئەم جیاوازیەی که باس کرا، به گشتی هەموو جووڵانەوه رزگاری خوازەکانی نەتەوه ژێر ده سته کان هه ندێ خاڵی هاوبەشیان هەیه، که له خوارەوه دەخرێته بەر چاو.

لێکۆڵینەوه فێمێنیستیەکان ئاگادارمان دەکەن که به گشتی ئەم جووڵانەوانه پێویستی یەکجار سەرەکیان هەیه به بەشداری ژنان، به بێ هۆ نیه که له دروشمی حیزبی دیموکڕاتدا هێشتاش باس لەوه دەکرێ که 'بێ
بەشداری ژنان سەرکەوتن وه دی نایەت' (ئەم بەشداریه له ژێر مەرجی پیاو سالاریدا پێناس کراوه). هاوکات ژنانیش لەم کۆمەڵگه ژێر دەستانەدا به فراوانی دەچنه ناوڕیزی شۆڕش. ئەگەر چی بەشداری له شۆڕش هەندێ قازانجی سەرەکی هەیه بۆ ژن ؛ ژن دەتوانێ تا رادەیک دیواره پیاوسالاریەکانی بنەماڵه بڕووخێنێ وبه دژیان بوەستێت، بەڵام (هەروەک له خوارەوه به وردی ئامژەی پێ دەکرێت)چوارچێوه ی پیاوسالارانەی شۆڕش رێگری یەکجار زۆر بەر فراوانی هەبووه بۆ ژن.

لێکڵینه وەی فێمێنیستی بۆ مان دەردخات که دیسکۆرسی زۆربەی جووڵانەوەی نەتەوه ژێر دەستەکان (وەک کورد )لاسا کردنەوه و به کارهێنانی دیسکۆرسی ناسێۆنالیزمی دەسەڵاتداری خۆێانی تێدآ بەدی دەکرێ . بۆ نوونه، جووڵانەوەی رزگاری خوازی کورد به شێوەیەکی بەرفەروان باس له 'دواکه وتووی ' ژنی کورد و کۆمەڵگای کورد دەکات و به هەمان شێوه دواکەوتووی خۆی له چاوی 'دواکەوتووی ' ژنەکانیدا دەبینێ. هاوکات هەروەک ناسێۆنالیزمی دەسەڵاتدار، ناسێۆنالیزمی ژێر دەست هەوڵی دانانی هەندێ ریفۆرمی رەواڵەتی کردووه که به هەما ن شێوه ویستوویەتی روخساری 'شارستانی ' خۆی به دنیا نیشان بدات و هاوکات بۆ بەرژەوەندی و 'پێشخستنی' نەتەوه به کاری هێناوه (وەک لابردنی هەندێ داب و ره سمی کوردی و دامەزرانی خوێندەواری بۆ ژنان له چوارچێوەی پڕۆگرامەکانی ناسێۆنالیزمی هێژەموونیدا).

هاوکات، تایبەتمەندیکی دیکەی ئەم جووڵانەوانه ئەوەیه که به گشتی ڕیکخراوی بەشی ژنانیان دامەزراندووه (حیزبی دیموکڕات بۆ نموونه له ساڵەکانی ١٩٧٩ بەولاوه ڕێکخراوی ژنی هەیه- له راستیدا له کۆماری مەهاباده وه ڕێکخراوی ژن هەبووه). ڕێکخراوی ژنان به گشتی له ژێر دەستی حیزبەکاندان و سەربه خۆیی فکری و سیاسی ئەو تۆیان نیه و به هیچ شێوەیک له سەر بنەمای فێمێنیستی کار ناکەن ( زانیاری ژنان له سەرمافەکانیان و ژێر دەستی ژن له بنەماڵه و کۆمەڵگا، ژێر دەستی ژن له کەلتوور و پرۆسەی دەسەڵاتدا و شی کردنەوەی ئەمانه له روانگەی ژنەوه). ئه م ڕێکخراوانه به گشتی بێدەنگ بوون له سه ر ستەمی جنسی ژن له کۆمەڵگا و بنەماڵەدا و تەنیا هەوڵی ئەوەیان داوه که ژنان بۆ جووڵانەوەی نەتەویی ڕێک بخەن. زۆربەی کات ئەم ڕێکخراوانه به شێوەیکی گشتی له لایەن ژنانی چینی سەرەوه هەڵسووڕاوه ( که زۆر جار خزم و کەس وکاری ڕیبه رانی پیاو بوون) و به گشتی له سەر بنەماێكێێ ‌آێ‌ ڕاکی دامه زراوه که کەمتر پەیوەندی بووه به ژنانی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای ژێر دەست. لێکۆڵینەوه فێمێنیستەکان ئەوەمان بۆ دەردەخەن که دیسکۆرسی ئەم ڕێکخراوانەی ژنان به گشتی له چوارچێوەی پێناسی پیاوسالاریدا بووه. بۆ نموونه، بۆ گەیشتن به 'یەکسانی ' و بەشداری له جوولانەوەدا ،' ژن دەبوایه خوێندەوار بێت و خۆی بگەینێته پلەی پیاو و بتوانێ پیشەی هه بێت . ئەو جار دوای ئەمه ژن دەتوانێ زانیاری خۆی بەرزکاتەوه له سیاسەتدا وەک پیاو بەشدار بێت '.
تایبەتمەندی هاو بەشی دیکەی جووڵانەوەی رزگاری خوازی نەتەویی ئه وەیه که له راستیدا دایمه مافی ژن و پێویستیەکانی ژنیان خستووەته دوای مافی نەتەوه. هه ر کات ژن داوای یەکسانی کردووه ، ئەوەیان بیر خستوتەوه که ده بێ راوەستن تا دوای وە دیهێنانی مافی نەتەوه. هەر چەند ژنان له پرۆسەی بززتنەوەی نەتەوەیدا فیداکاری بێ وێنەیان له خۆ نیشان داوه، بەڵام وەک مێژوو نێشانی داووه که دواخستنی مافی ژن دایمه بەو مانایه بووه که مافی ژن له پرۆژەی داهاتووی نەتەوه دا یان له بیر چووەتەوه یان بەراستی له ئەجێندا لابراوه (نموونەی به ر چاو ئەلجەزیرەیه ،که پەیمان به ژنان درابوو پاداشی فیداکاریەکانیان دەدرێته وه، بەڵام لەراستید دوای سەربەخۆیی نرانەوه بۆ سووچی ئاشپەزخانه. هەروەها حکوومەتی کوردستان که فره ژنی کرد به یاسایی و ه شەرعیەتی دا به ژێر دەستی ژن، دوا به دوای دامەزرانی).

هاوکات، ئەو جووڵانەوانه زۆربەی جار 'بەشداری نه کردنی' ژنیان له شۆڕشدا به هەڵه لێک داوەته وه. بۆ نموونه گشت حیزبەکان ئەوه دووپات دەکەنەوه که ژن خەتای خۆیەتی که له شۆڕشدا بەشداری ناکات (هەرچەند ژن بەشداری کردووه به ڵام نەبیندراوه). ئەم دیسکۆرسه دوو شت دەشارێتەوه؛ یەکەم، روخساری پیاو سالاری ئەم حیزبانه که رێگر بوون له بەشداری ژنان. دووهەم، باری قورسی ماڵداری ومناڵداری که ئەم جووڵانەوانه هیچ هەوڵێکیان نەداووه که قورسایەکەی له سەر شانی ژن کەم کەنەوه و ڕێگا به ژن بدەن بۆ بەشداری فەراوانتریان (بۆ نموونه به دانانی سێرویسی کۆمەلایەتی و خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی).

له کۆتایدا، لێکۆڵینەوه فێمێنیستیەکان ئاگادارمان دەکەنەوه که بەگشتی له چوارچێوەی ئەم جووڵانەوانەدا رۆڵی ژن به کەم و له چوارچێوەی 'غەیری سیاسیدا 'چاوی لێ کراوه. له بەشداری راسته وخۆی چەکداریەوه بگره تاکوو خزمەتگوزاریه جۆراوجۆرەکان(بەشی تەندروستی ، کۆمەڵایەتی، بەشی راگویزتنی زانیاری، خزمەت به چەکدارەکان، شاردنەوەی بریندار و چەک و بەشی پەروەرده و....) گەرچی ئەم رۆڵانەی ژن سەرەکی بوون و بۆ شۆڕش(له راستیدا رەگی حەیاتی شۆڕش بوون)، بەڵام به گشتی وەک کەم و لاوەکی چاویان لێ کراوه (ئەوەمان له بیر نەچێ که ژن تەنیا ئەم رۆڵانەیان پێ دراوه و کەم ژن بووه که بتوانێ له رۆڵه سەرەکیەکانی سیاسیدا بەشدار بێت). ها وکات، ئەم رۆڵه سەرەکیانه زۆر جار بوونەته هۆی مەترسی گیان بۆ ژن و له دەستدانی سومعەی کۆمەڵایەتی (کەم ژنه پێشمەرگه هەیه که داستانی خۆی نەبێت که چ ئازاری کێشاوه له دەست قسه و باس و ئازاری جنسی هاو سەنگەرەکانی). بەڵام، سەیر له ودایه که هەر چەند، ئەم رۆڵانەی ژن وەک غەیری سیاسی چاوی لێ کراوه بەلام بەگشتی لەلایەن دوژمنەوه خراوەته ناو قاڵبی سیاسیەوه. بۆ نموونه چێشت لێنان بۆ پێشمەرگه دەیتوانی ژنی کورد بخاته ناو زیندانەوه، بەر هێرشی دەستدرێژی جنسی، ئەشکەنجەی جۆراوجۆر و تەنانەت ئیعدامیش. داستانەکه بەمه کۆتایی نەدەهات، ژنه زندانیەکان و بنەماڵەکەیان دەبوایه باری قورسی 'شەرمیش ' تا ئاخر رابکەێشن.

به کورتی ئەزموونی ژن لەم بزووتنەوانەدا ئەزموونێکی تاڵ و پڕ ئازار بووه. سەرەڕای فیداکاریەکانیان تائێستاش بزووتنەوه سونەتیەکانی جوولانەوه ی کورد له ئاستیدا بێ دەنگی دەکه ن. بەڵام ، گەشبینی له وەدایه که جووڵانەوەیکی نوێ له رێگادایه که دەتوانێ خەونی پیاوانەی جیلی پێشووی جووڵانەوەی رزگاری خوازی نەتەویی بنەبڕ بکات.

ژن و خەباتی جەماوه ری رزگاری خوازیی نەتەویی:
ئێستاش ده گەڕینەوە سەر ئەو پرسیارەی که چۆن ژن دەتوانێ به پلاتفۆڕمێکی فێمێنیستیەوه بەشداری له جووڵانەوەی رزگاری خوازی نەتەوه ژێر دەستەکەی بکات؟

له ساڵه کانی ١٩٩٠ بەولاوه، به هۆی ئاڵوگۆڕی جیهانی و ناوچەیی (که ئێمەی کوردیشی به شێوەیکی بەرفراون گرتووەتەوه)، بوەته هۆی گۆڕانکاری بنەڕەتی له شێوازی خەباتی نەتەوەیی. یەکێک له گرنگترین گۆڕنکاریەکان کاڵ بوونەوەی خەباتی چەکداری و کاڵ بوونەوەی کاریگەری حیزبه سونەتیەکانه له سەرجووڵانەوەی نەتەوەی و گەشه پێدان له خەباتی جەماوەریه (گه لی). ئەم رەوەنده کەم و زۆر له پڕۆسەی بڵاوبوونەوەدایه له گشت پارچەکانی کوردستان (بەتایبەت له کوردستانی باکوور).

خەباتی جەماوەری، به پێچەوانەی خەباتی سونەتی ڕێگایکی هەره فراوان بۆ بەشداری ژنان دەکاتەوه. ئەم جووڵانەوه که تاڕادەیک دووره له چواچێوه ی هایڕاکی و دیسکۆرس و پرۆژەی حیزبه سونەتیەکان (به تایبەت بزووتنەوەی چەکداری) قازانجی زۆریان هەیه بۆ بزووتنەوەی ژنان. یەکەم شت، ڕێگایکی بەربڵاو دەکاتەوه بۆ بەشداری راسته و خۆی ژن له سیاسەتی خیاباندا، چونکه تایبەتمەندی ئەم جووڵانەوه ئەویه که سیاسەت ده باته ناو جەرگەی خیابان(جاده ) . به وتەیکی دیکه، بێ هیچ بەرگریەک ژنان به فەراوانی دەتوانن له خۆپیشاندان، مانگرتن و بەرەو ڕووبوونەوەی رۆژانه له گەڵ پۆلیس و سەربازی رێژێمی داگیرکەر دا بەشداری بکەن. ئەمه نه تەنیا هەر وەک ئاماژەی پێ کرا، تاریفی 'سیاسی ' بوونی رۆڵی ژن دەگۆڕێ بەڵکوو رۆڵه سەرەکیەکانی دیکەشیان له بەشی خزمەتگوزاریدا به سیاسی دەکات و تاریفی سیاسی پێدەدات.

لێکۆڵینەوه فێمینیستیەکان ئاگادارمان دەکەنەوه، که ئەم بەشداریه راسته و خۆیەی ژن کاریگەریکی به هێزی هەیه له سەر پەیدا بوونی بڕوا به خۆ بوون له ژندا، و دەبێته هۆی ئەوه که ژنان کاتێ که توانیان بەرەوڕووی سەرباز و پۆلیس بنەوه، به وشێوەش دەتوانن دیوارەکانی پیاوسالاری بنەماڵه بشکێنن و له گەڵ ستەمەکانیان بەرەوڕوو ببنەوه. هاوکات، سەرهەڵدانی جووڵانەوەی جەماوەری بوەته هۆی دامەزرانی ڕێکخراوی جۆراوجۆری ژنان، که پێکهاتەکەی دوور له دەسەڵات و پرۆژەی حیزبه سونەتیەکانه. ده توانرێ ئەم رێکخراوانه به گشتی، وەک 'سەردەمی نوێ ' بۆ خەباتی ژنان چاوی لێ بکرێت.ئەم رێکخراوانه، ئەگەر چی هێشتاش له ناوی فێمێنیزم خۆیان ده پارێزن، بەڵام له راستید ا به شێوەی جۆراوجۆر دیسکۆرسی فێمێنستیان هێناوەته ناو چوارچێوەی کارەکانیانەوه. جگه له خۆ ئامدەکردن بۆ خەباتی نەتەوە یی، باس کردن له ژێر دەستی ژن له بنەماڵه و کۆمەڵگا، دارشتنی زانستێکی روون له سەر ئەزموونی رۆژانەی ژن، و هەوڵدان بۆ لابردنی گشت ئەو میکانیزمانەی که له چەوسانەوەی ژندا نەقشیان هەیه. لەم 'سەردەمەی نوێ ' خەباتی ژناندا، دەیان ڕێکخراوی جۆراوجۆری ژنان پێک هاتووه، دەیان رۆژنامه و سایتی ئینترنێتی تایبەت به ژنان پێک هاتوون، ده رگایکی فەروان کراوەتەوه بۆ بەشداری ژنان له کۆنفڕانس و کۆبوونەوەکاندا. له ڕاستیدا، ئەم جووڵانەوه هەره مەزنه که بەردەوامی له دایەلۆگدایه له گەڵ فێمینزمی نێو نەتەویی، خەریکی داڕشتنی دیسکۆرس و پڕۆژەیکی هەره بەر فراوانه بۆ خزمەت به ژن و بۆ به دی هێنانی رزگاری و یەکسانی راستەقینه بۆ ژن.

لێکۆڵینەوه فێمێیستیەکان پێمان ڕادەگەینن، که بەپێچەوانەی حیزبه سونەتیەکان، ئەم جووڵانەوه جەماوەریەی ژنان ڕێگایکی فراونتر دەکاتەوه بۆ به شداری ژنانی چینەکانی خوارەوه و ناوچه پەراوێز خراوەکان. به وتەیکی دیکه، ئەم جووڵانەوه له ژێر دەسەڵاتی چینی ئلیتی کۆندا دێتەدەر و به دروستکردنی پرۆژەی تایبەت به ویسته تایبەتیەکانی ئەو ژنانه ڕێگا و پلاتۆفڕمی تایبەت دروست دەکات بۆ ژنانی هەرە پەراوێز خراوی کۆمەڵگه ژێر دەستەکان.

بەڵام هەروەک ئەزموونی بزووتنەوه جەماوەریەکان له وڵاته ژێر دەستەکان ئاگادارمان دەکەنەوه، جووڵانەوەی ژنان ئەرکی زیاتری له سەرشانه و دەبێ به وریایەکی زۆرترەوه بەشدار بن. بۆ نموونه، ئەم جووڵانەوەیه پێویسته له پڕۆسەی خەباتی نەتەوەیدا (پێش سەربەخۆیی و دوای سەربەخۆیی ) ویستەکانی خۆی داسەپێنێ بۆ ئەوەی پێشگیری لەوه بکەن که مافەکانیان دوابخرێت بۆ دوای سەربەخۆیی، وه ئاگادار بن که دوای سەربەخۆیی دیسان پاڵیان پێوە نه ده ن بۆ قوژبنی ئاشپەزخانه. ده بێ به هوشیاریکی به رفراوانەوه ئەجەندای فێمینیستی بخەنه چوارچێوەی خەباتی نەتەویی (به تایبه ت له دارشتنی یاسای وڵات، دانانی خزمەتگوزاریه کۆمەڵایەتیەکان، دانانی بەرنامه ئابووی و به گشتی پیلانەکانی دوای سەربەخۆیی ). هاوکات پێویسته که ئەم بزووتنەوەیه گوتاری نوێ خۆی بخاته چوارچێوەی خەباتی نەتەوەیی ، وەک ئازادی ژنان بۆ مناڵ بوون و پێشگیری له مناڵ بوون، ئازادی ژن له هه ڵبژاردنی هاوسەر، بەربەرەکانی له گەڵ توند وتیژی بەرامبەر به ژن له ماڵ وکۆمەڵگادا، گۆڕانی رۆڵی به ناو 'سروشتی ' ژن له ماڵداری، مناڵداری ومێردداریدا. ئه م بزووتنەوەیه دەبێ بێ ترس و بێ شەرم ئەم باسانه بخاته ناوەندی باسەکانی جووڵانەوەی نەتەوەیی.

مسۆگەرکردنی ئەمانه به ڕاست پێویستی به یەکگرتووی و یەکده نگی ژنان و پیاوانی یەکسانی خواز هەیه، چونکه دوور نیه که دوای سەربەخۆیی جووڵانەوەی نەتەوەیی به ئاسانی له ژێر قەولەکانی خۆی دەرچێت. (بۆ نمونه هەر وەک ئاماژەی پێ کرا، سەرەرای ئەو هەموو فیداکاری و ئازارنەی که ژن له کوردستانی خواروو کێشایان، پاداشەکەیان له لایەن حکوومەتی کوردستانەوه به یاسا کردنی فره ژنی بوو که له راستیدا شه رعیەت دان بوو به ژێر دەستی ژن).

ئەرکی دیکەی ئەم بزووتنەوەیه بەڕای من ئەوەیه که بتوانێ ئەزموون و دیسکۆرسی حیزبه سونەتیەکان (که هه ر وه ک به وردی چاومان لێ کرد)رەد بکاتەوه و بوێرانه باسی له سەر بکات. به تایبەت ئەو دیسکۆرسەی که به درێژایی مێژوو ی ئەم حیزبانه ره نگی دواەتەوه و له راستیدا له رێژیمه داگیرکەرکانەوه فێربوون، وه ک پێناس کردنی ژنی کورد به 'دواکەوتوو، نه خویندەوار، نەزان، قوربانی و بێ دەسەڵات'. له جیاتی ئەوه روخساری راستەقینەی ژنی کورد بخاته بەرچاو.


به‌یان که‌ریمی

بگه‌ڕێوه‌ | بینێره‌ | چاپ | (1502) جار بینراوه‌

My Yahoo | Twitter| Facebook

بۆچوون بنێره‌





بابه‌ت و کەیسی سەنتەر
avatar

ئاماری حاڵه‌ته‌کانی کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و توندووتیژی که‌ روویانکردوه‌ته‌ سه‌نته‌ری نینا له‌ ساڵی 2016!

ئه‌رشیفی ئاماره‌کانی بەشی ڕاوێژکاری و ڕێنوێنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان لە سەنتەری نینا 124 حاله‌تی له‌ ساڵی 2016 د...
avatar

ئامار و ڕاپۆرتی که‌یسەکانی سه‌نته‌ری نینا له‌ ساڵی 2015 دا‌

ئامار و ڕاپۆرتی که‌یسەکانی سه‌نته‌ری نینا له‌ ساڵی 2015 دا

ئاماره‌کان ده‌توانن په‌یامێکمان ده‌رباره‌...
avatar

ئاماری ساڵی 2014 ی ئه‌و که‌یسانه‌که‌ ڕویان له‌ سه‌نته‌ری نینا کردووه‌!

ئه‌و که‌یسانه‌ی‌ ڕویانکردووه‌ته‌ سه‌نته‌ری نینا و تۆمارکراون ‌ 113 که‌یسی جۆراوجۆر‌ له‌ ته‌مه‌نی 18- 65 ...
avatar

هێندە ترسی لەباوکی هەیە نەیتوانیوەبپرسێت بۆچی دایکی کوشتووە

قوربانیه‌كانی‌ كوشتن به‌ناوی‌ شه‌ره‌فپارێزییه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وانه‌ نین كه‌ گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، به...
ikkr.org © 2017 | Start| Designed by www.helanet.se