کۆمەڵگاو دەسەڵات، ئەڵتەرناتیڤی ڕۆبنهودی یان خاوەنداریەتی و بەرپرسیاریەتی!

ماوەیەکی زۆرە هەرچەند مێشکم دەهێنا و دەبرد نەمدەتوانی هیچ شتێک سەبارەت بەم دۆخەی لە کوردستان دەگوزەرێت بڵێم.

کێشەکان و دۆخەکان لەئاستێکی وەهادان کە چەند ڕستەیەک ناتوانێ دەربڕی هەمو ئەو دۆخە بێت، هەر لایەکی بەتەنها بگریت ناتوانی بەتەواوی مەبەست بپێکی، چونکە لەهەمولایەکەوە ئاڵۆزو قەیراناویە و هەموشی پەیوەندی ڕاستەوخۆی پێکەوە هەیە.

خاڵێکی تریش ئەوەیە کە ئیتر دۆخەکە بەرگەی ئەوە ناگرێت لەگەڵ هەر کارو کردەوەی حیزبێک، یان دەزگایەک و بەرپرسێکدا ببینە پەرچەکردار و وەڵاممان هەبێت، چونکە گەر ڕۆژێکیش بکەینە ٤٨ کاتژمێر بەشی ئەوە ناکات. وا باشترە ئینێرجی و تواناکانمان تەرخانبکەین بۆ کارکردن یان نیشاندانی نمونەی کارێکی جیاوازتر لەکارەکانی ئەوان گەر لەئاستێکی بچوکیشدا بێت، کە خودی ئەمە بۆ چالاکێکی مەیدانی دەبێتە ڕەخنەیەکی بنەڕەتی و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی بەمەبەستی گۆڕانکاری لەم بارودۆخەدا.


• دەسەڵات یان خاوەنداریەتی و بەرپرسیاریەتی

حیزبی دەسەڵاتدار:
ئەزموون و سەرەنجامەکانی ٢٦ ساڵی دەسەڵاتداری یان حوکومڕانی، بەڵام چۆن حوکومڕانیەک؟ ئایا ئەو ئەزمونە دەتوانێ بچێتە چوارچێوەی پێناسەی حوکومڕانیەوە؟

سەرەتای مێژوی "حوکومڕانی" یەکیەتی و پارتی دەگەڕێتەوە بۆ پەنجا بە پەنجا کە هەر لەوێوە ڕای خەڵکیان خستە پشت کەنوان و ململانێ دەستی پێکرد، دوای دوساڵ گەیشتە ئاستی شەڕی ناوخۆ، ٣١ ی ئاب و جیابونەوە و دوئیدارەیی، دواتر کابینەکانی حکومەت و چەند دەورە پەرلەمان کە کۆتاییەکەی بە سنورداشکردنی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانیان تەواو بوو، بەدوایدا ١٦ ی ئۆکتۆبەر ... چەندەهای تریش.

ئەم مێژوە خۆی شاهیدە کە بەرژەوەندی کۆمەڵگاو خەڵک هیچ جێگایەکی لەم حکومەتداریەدا نیە جگە لە ململانێی میلیشیای و مافیایی بۆ کەڵەکە کردنی سەرمایە و ئابوری کۆمەڵگا لە گیرفانی نەک چەند حیزبێک بەڵکو چەند کەسانێکدا.

ئەگەر پێداچونەوەیەکی خێرای گفتوگۆ و نوسراو و قسەوباسەکانی ئەم چەند ساڵەی حیزبەکان بکەین دەبینین لە ٪٩٩ ی ڕەخنەگرتن و وەستانەوە بووە لەبەرامبەر یەکتر، چ بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ململانێی بەرتەسکی حیزبی کە دورە لەبەرژەوەندی خەڵکەوە، لەم ڕێگایەشەوە ڕق، ناڕاستگۆی، هەڵنەگرتنی بەرپرسیاریەتی، نەبونی خاوەنداریەتی و بەکلتورکردنی گەندەڵی. هەستی خەڵکیان بەکارهێناوە و لەگەڵ هەمو قەیرانێکدا پەڕەکانی مێژوی یەکتریان هەڵداوەتەوە تا دوبارە خەڵکەکە ڕاکێشنەوە لای خۆیان.

تەنانەت لە کاتی "دەوڵەتداریشدا" ئەوەی کە ئاشکرایە پارتی پانتایی دەسەڵاتی لە حکومەتدا زیاتر بووە، تا ئەو ڕادەیەی کە لەقۆناغی جیاوازدا توانیویەتی زۆربەی کارەکان ئیفلیج بکات یان تاکڕەوانە کار بکات. بەڵام سەرەنجام ئەم دووحزبە شەریک بوون لە حکومەتدا و شەریکن لەهەموو چاک و خراپی بارودۆخەکان. بەڵام بۆ چارەسەری گرفتەکان ڕویان نەکردوەتە ئۆرگانەکەیان بەڵکو دوبارە گەڕاونەتەوە بۆ حیزب و سڕینەوەی یەکتر، هەریەکە خۆی بێبەری کردوە لە بارودۆخەکان و خستویەتیە ئۆباڵی ئەویتریان.

لەکاتێکدا زۆربەی حیزبی دونیا بە ئایدیۆلۆجیا و سیاسەتی تایبەتی خۆیانەوە چ لەکاتی حکومەتکردندا یان دوای ئەوە هەر دەمێننەوە، حیزبی بەرامبەر ناتوانێ نیانسڕێتەوە، ئەوە حکومەتە دەگۆڕدرێت یان لادەدرێت. حیزبە بەشدار بووەکان لەناو ئەو ئۆرگانەدا لەدەوری ژێرخانی هاوبەش کۆدەبنەوە بۆ داڕشتنی ستراتیجی هاوبەش لەڕاستای بەرژەوەندیەکانی دەنگدەرکانیاندا بۆ بەڕیوەبردنی کۆمەڵگا. بۆیە ئەم مێژووە پێمان دەڵێت کە حکومەت هێشتا پێکنەهاتوە و ڕەسمیەتی نیە تەنانەت لای خۆشیان.

ئەمە هەموی لەکاتێکدا کە ڕۆڵی ئەوان پێش هەمو شت "دەبوا" کارکردن و قسەکردن بێت لەسەر بەرنامە و چاکسازی لە سیستەمی سیاسی، پەروەردە، یەکسانی ژن و پیاو لە مەیدانە جیاوازەکاندا، جادەوبان، تەندروستی، ئاووکارەبا، خانەنشینی، خاوەن پێداویستی تایبەت، هونەر، ئەدەب، ڕاگرتنی ئاستی ژیان و موچە، ...... تەنانەت گەر قسەیەکیشیان لەم مەیدانانەدا هەبوبێت یان کارێکیان کردبێت ئەوە تەنها بۆ ڕکابەری یەکتر بوە، بۆ فرۆشتنەوە بوە بەیەکتری، نەک بیرکردنەوە لە کۆمەڵگاو ژیانی باشتر بۆ خەڵک.

ئەم ڕابوردووە پێمان دەڵێت کە هەوڵەکانیان تەنها بۆ بەدەستەوەگرتن و قۆرغکردنی "دەسەڵات" بوو لەجێگای دەسەڵاتی ڕوخاو، نەک جێگیرکردن و پیادەکردنی مافی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و لەوێشەوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان. بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیجیە و بەردەوامیدان بە دەسەڵاتیان لە ڕاپەڕینی جەماوەری ٩١ بەدواوە هێزی ڕاپەڕیوی جەماوەریان لەم پێناوەدا بەکارهێناوە.


ئۆپۆزسیۆن:
کاتێک حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش دروست بون هەمان ستراتیجی سیاسی بوو بۆ شەریکبوون لەو"دەسەڵاتەدا" بێبەش نەبوون لە خێروبێرەکەی، نەک چاکسازی لە سیستمی سیاسی بە بەرژەوەندی کۆمەڵگا.

سەرەتای دروستبونیان بە کپکردنەوە و کۆکردنەوەی هەمو دەنگە ناڕازیەکان بو لە دەوری ئەم ستراتیجیەدا. بەهەمان شێوە هێزی ناڕازی جەماوەریان لە ١٧ ی شوبات بەولاوە بەکارهێناو کردیانە هەوێن وپاڵپشت بۆ بەرنامەکانیان.

ڕاستە ئۆپۆزسیۆن تا ڕاددەیەک کاریگەری هەبو لەسەر فێرکردن و بوێری کۆمەڵگا بە ووتنی "نەخێر". وەک ئۆپۆزسیۆن پایەی سەرەکی کارەکانیان هاندان (تەحریز) بووە لەبەرامبەر سیاسەتی ئەحزابی دەسەڵاتدار.

بەڵام سەرەنجام دوای چەند ساڵ چەند پرسیارێک ڕوبەڕویان دەبێتەوە:
ئایا نەخێر هەر بۆ نەخێر بوو؟
ئایا ڕوبەڕوبونەوە و هاندانەکان چ سەرەنجامێکی هەبووە بە عەمەلی، چ دەستکەوتێکی لێ کەوتوەتەوە؟

دەسکەوتەکانیان لە کاتی شەریکبونیاندا لە حکومەت بۆ خەڵک و بۆ خۆیان چی بوو؟

سەیر لەوەدایە کە لەناوحکومەتیشدا بون، بەخۆیان دەگوت ئۆپۆزسیۆن و هەمان شێوەی تەبلیغاتیان وەک ئۆپۆزسیۆن پیادە دەکرد، ئەمە چ جۆرە تێگەیشتنێکە لە ئۆپۆزسیۆن یان شەریک بوون لە حکومەتدا!؟

مێژوی ئەمانیش پێمان دەڵێت، ئەگەر ئامانجیان خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا بوایە و بیانویستایە یان توانای ئەوەیا هەبوایە، دەبوا لانی کەم لە کاتی حکومەتکردندا بیانزانیبایە ئەولەویەت لە ستراتیجی شەریک بوون بۆ بەعەمەلی کردنەوەی لانی کەمی ئەو پرۆگرامەیە کە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بانگەشەیان بۆکردوە و دەنگی خەڵکیان لە دەوری کۆکردوەتەوە.

شەریکبوون لە حکومەتکردندا یانی هەوڵدان بۆ بەدیهێنان و جێبەجێکردنی داواکاری مافەکانی خەڵک، نەک بەردەوامیدان بەهەمان سیاسەت و تەحریز، وروژاندن و بەکارهێنانی هەستی خەڵک بۆ ناساندنی خۆیان وەک پاڵەوانی مەیدان و ململانێی زیاتر بۆ مانەوەیان بەهەر نرخێک بێت. گەر سیاسسەتێکی حەکیمانەیان پیادەبکردبایە دەبوا لە دوای ڕوداوی دێگەڵە پاشەکشەیان بکردایە بەهەمو پۆستەکانیانەوە، نەک لە دۆخی هەستیاری ئێستادا لانیکەم بێهیواکردنی لایەنگرەکانی خۆیان و بەجێهێشتنیان لە بێ ئاسۆییدا لە پێناو بەدەستخستنی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەکاندا.

گەر قسە لەسەر حیزب وگروپە ئیسلامیەکان بێت، ئەوا لەلایەن ئەحزاب و دەسەڵاتەوە پشتیوانەیان لێکراوە، چ وەک ئۆپۆزسیۆن وە چ وەک شەریک لە حکومەتدا کارئاسانیەکی زۆر بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدیا و بەرنامەیان کراوە، چ ڕاستەوخۆ بێ یان ناڕاستەوخۆ. زۆر بەئاسانی و بەبێ لێپرسینەوە لەمنبەرەکانەوە لەدژی هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ، ژنان، منداڵان و هەمو کۆمەڵگا بانگەشەیان کردوە، تا ئەو ڕادەیەی تەنانەت بانگەوازیان بۆ بەیعەتدان داوە بۆ پەیوەستبوون بە داعیشەوە. ئاشکرایە کاریگەریان لەسەر چەند نەوە دیارو بەرچاو و بەردەوامە.

ڕۆشنە کە بۆچی ئەم جێگاو ڕێگایەیان هەیە، لەلایەک لەبنەڕەتدا خودی دەسەڵات خۆی دابڕاو نیە لە ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی بۆ دەسەڵاتکردن، وە پایەی سەرەکی بەرنامە و ستراتیجی خۆشیان لە مەیدانی کۆمەڵایەتی و یاساییدا لە بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامی پێکهاتووە (وە هیچ کات ئیسلامیان وەک ئایدۆلۆجیا و باوەڕی شەخسی تاکەکان سەیر نەکردوە، ئەوەشی کە وتویانە تەنها لە چوارچێوەی (ئیدیعا) بانگەشە تێنەپەڕیوە).
لەلایەکی تریش هەموکات بەپێی پێویست حیزبەئیسلامیەکان ئەمبەروئەوبەریان کردوە لەپێناو ڕاگرتنی هاوسەنگی ستراتیجیە سیاسیەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان و بەشداری کردنی خۆیان لە "دەسەڵات"دا بۆ دابەشکردنی کێکەکە.


دەسەڵاتی چوارەم:
بە گشتی دوو شێوە ڕاگەیاندن هەیە لە جیهاندا، یەکێکیان ڕاگەیاندنی ڕاستەوخۆی دەسەڵات و حیزبە کە بەپێی چوارچێوەی سیاسی ئەوان کاردەکات بۆ گەیاندن و کاریگەری دانان لەسەر کۆمەڵگا و بەڕێوەبردنی ستراتیجی پیادەکراو.
ئەویتر ڕاگەیاندنی سەربەخۆ یان ئازادە بۆ گوشارخستنە سەر دەسەڵات لەپێناو داکۆکی لە مافەکانی خەڵک. سەرەنجام چوارچێوەی کارکردنی هەردوکیان بەپێی یاساو ڕێساکانی دەسەڵات ڕێکدەخرێت، کەواتە بەشێوەیەکی گشتی ڕاگەیاندنی ئازادی ڕەها بوونی نیە.

لە کوردستان بەهەمان شێوە ڕاگەیاندنی دەسەڵات و ئەحزاب و ڕاگەیاندنی بە ناو ئازادمان هەیە.
راگەیاندنی بەناو ئازاد دەبێت ڕۆڵی ئەوەی هەبێت کە ڕاستیەکان، بێمافیەکانی کۆمەڵگا و دەنگە ناڕازیەکان بگەیەنێت و، گوشارلەسەر حکومەت دابنێت بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکان و جێگیرکردنی مافەکانی مرۆڤ بەبێ هیچ لایەنگریەک لە حیزب و دەسەڵات.

هەندێک لە ڕاگەیاندنە "ئازادەکان" وادەرکەوتون کە بەتەواوی بێلایەنن، وە هەندێکیان بەناو ئازادن و بە پشتیوانەی بەرپرسێک لە زۆنی زەرد یان سەوز بەڕێوە دەچن. بەگشتی کە سەیری کەناڵە "ئازادەکان" دەکەین، بەپێی ستانداردە جیهانیەکانی میدیا لە تەکنەلۆجیای پێشکەوتو و پرۆفیشناڵبون بەهرەمەندن، بەڵام ئایا بۆ نەیانتوانیوە چەند دەرسەدی ئەو پرۆفیشناڵ بوونە لە بێلایەنیشدا بەکاربهێنن، بەڵکو هەریەکەیان بەشێوەیەک لایەنگری لە حیزبەکەی پشتیان دەکەن؟ ئەوانەشی کە هەر لەسەرەتاوە بێلایەنن بەپێی بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان و سیاسەتی ڕۆژ دەچنە پێشەوە، کە ئەمەش وادەکات نەتوانن بێلایەنی خۆیان بپارێزن.

یەکێک لە کەناڵەکانی تری ڕاگەیاندن لە کوردستان سەر بە ئۆپۆزسیۆنە کە ماوەیەکیش لە ناو حکومەتدا بوون، بەڕاستی کاتێک گوێی لێڕادەگری نوزەیەک لە گەشبینی، ئاسۆ، ئامانج ئیرادە و بەرنامەی تۆکمە بۆ گۆڕانکاری تیا بەدی ناکەیت، جگە ڕەخنە و پەرچەکرادربون، هێرش و بانگەواز و هات و هاوار بۆ ڕەشبینی زیاتر و بێ ئاسۆیی زیاتر و ڕوخاندنی ورە و بێئیرادەکردنی زیاتر، تەنانەت شێوەی بەرنامە و قسەکردنیان وایکردوە کە بەشێک لەخەڵک بەهۆی ئەوەوە لێیان بێزاربوە، چونکە هیچ هیوایەکیان پێ نابەخشێ و تەنانەت هیچ دڵخۆشیەکیان ناداتێ. لەلایەکی ترەوە دەبینین بەدەر نەبوون لە کاریگەری لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕق و بەربەرەکانی لەناو کۆمەڵگادا.


• هەمیشە دەسەڵات لە ڕێگای گواستنەوەی عەقڵیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی بۆ ناو کۆمەڵگا، کاریکردووە بۆ بەرهەمهێنانەوەی هاوشێوەی خۆی!
ئەوەی کە ئێستا لەکۆمەڵگادا دەگوزەرێت سەرەنجامە! سەرەنجامی سیاسەتێک کە من لێرەدا زۆر بەخێرایی چەند سەرخەت و گۆشەیەکیم دەرخستووە کە دەسەڵات بۆ ماوەی ٢٦ ساڵە کۆمەڵگای پێ بەڕیوەدەبات و گۆس دەکات.

ئێستا بەداخەوە ئەوەی کە دەیبینین بە شێوەیەکی گشتی: بێ ئیرادەیی، بێ هیوایی، بێ ئاسۆیی، پەرش و بڵاوی، نەبونی هەستی بەرپرسیاریەتی، نەبونی خاوەنداریەتی، گەندەڵی کۆمەڵایەتی و ئابوی و سیاسییە ...،

تەنها سەیرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین کە زۆرینەی کۆمەڵگاش دابەشە بەسەر حیزبەکاندا و خەریکن هەمان ئەخلاقیاتی ئەوان بەرهەم دێننەوە.
ئاستی نزمی ململانێ و سیاسەتکردنی قەتیسماولە چوارچێوەی ڕەخنەگرتندا. ئەم شێوەیە لە بەرەنگاربونەوە جێگای کارکردن و مەسئولیەت هەڵگرتنی گرتوەتەوە و بوەتە دیاردەیەکی بەرچاوو سەرەکی.
کەم کەسانێک هەن بەشێوەیەکی عەمەلی گەیشتبن بەوەی کە چاوەڕوانی لەم دەسەڵاتە دادێک نادات، بەڵکو لەجیاتی ئەوە دەستیان دابێتە کارێک گەر بچوکیش بێت و بەسەرەنجامیان گەیاندبێت، هەریەکە لە مەیدانی خۆیدا و بەپێی توانای خۆی. دەسەڵاتێک کە بەدرێژایی مێژووی بە گۆشت و ئێسقان و هەست و نەستەوە ئەزمون کراوە و ناوەرۆکی دەزانرێت، ئەم شێوە لەڕوبەڕوبونەوەی ئیتر دەچێتە چواچێوەی بۆڵەبۆڵی بێ سەرەنجامەوە.

زۆربەی جوڵانەوە و چالاکیەکان لە پەرچەکرداری کاتی و ململانێی نێوان لایەن و گروپەکانەوە سەرچاوەی گرتوە و ئەو ڕوحیەتە بزوێنەریەتی، لێرەدا مەبەستم ئەوە نیە کە هەوێنی زۆرێک لە ناڕەزایەتیەکان پەرچەکردار نیە، بەڵام پەرچەکرداری لەم شێوەیە تەنها دیوی توڕەیی نارەزایەتیەکان دروست دەکات و نابێتە هۆی پێکهێنانی بزوتنەوەیەکی نارازی تۆکمە کە توانای خۆڕاگری هەبێت، ڕاوەستاو بێت لەبەرامبەر کاریگەری لایەنەکان تا سەرەنجام، وە لەپاڵ ئەوەشدا مەسئولیەت هەڵبگیرێت و خۆی بەخاوەنی کۆمەڵگاو گۆڕانکاری پایەی بزانێت.

گروپێک یان بزوتنەوەیەک نیە ئەو بازنە بەردەوامە بقرتێنێت کە کۆمەڵگا دەسەڵات پێکدێنێت و دەسەڵاتیش کۆمەڵگای تیا دروست دەکاتەوە و یەکتری تێدا بەرهەمدێننەوە.
بەداخەوە ئێستا کە سەیری هاوکێشەکان دەکەین زۆرینەی تاکەکانیش بە گرفتاریەکانی حیزبەکان ئالودە بون، مەودایەکی ئەوتۆ لە نێوان زۆرینەی کۆمەڵگا و حیزبدا بەدیناکرێت، ئەو هەوڵانەی کە هەن زیاتر لەئاستی تاکدان.

ئاستی ناڕەزایەتیەکان بەڕاددەیەک هاتوەتە خوارەوە تا ئەو شوێنەی کە کراوەتە وەسیلەیەک بۆ بەرەوپێشبردن و بەسەرەنجامگەیاندنی ململانێی حیزبکانی نێو دەسەڵات، لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا، تەنانەت بۆ یەکلاکردنەوەی باڵەکانی ناو یەک حیزبیش، سەرەرای ئەوەی کە خەڵکانێکی زۆر بۆ داوای مافی ڕەوایان نان و کارو ئازادیان دێنە مەیدان، بەڵام هەوڵ و خەباتی ئەوانیش دوبارە و سێبارە دەچێتەوە گیرفانی ئەم سات و سەودایە.

ڕێکخستنی بنەمای ئابوری کۆمەڵگا یەکێکە لە بنەما و پایە سەرەکیەکانی ستراتیجیەکی سیاسی کە ئامانجەکەی دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئەمنیەت وئاسایشی کۆمەڵگا بێت. کاتێک دەسەڵات بەم شێوەیەی کوردستان فەشەل بێنێت لەم مەیدانەدا بەمانای ئەوەیە نەک تەنها لەپێناو بەرژەوەندی کۆمەڵگا سیاسەتی حەکیمانەی نەکردوە، بەڵکو گەیشتۆتە قۆناغێک کە گرەوی مانەوەی خۆیشی وەستاوەتە سەر ئەو پوشەی دەستی پێوەگرتوە تا نەخنکێت.


• چاوەڕوانیی فریادڕەسێکی ڕۆبنهودی، یان گۆڕینی دەسەڵات و بنەما فکریەکەی!
گۆڕینی دەسەڵات تەنها گۆڕینی دەموچاو نیە، بەڵکو گۆڕینی سیستمی سیاسیە بەواتای گۆڕینی بنەمای فکری و میکانیزمی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆڵگا.
ناکرێت بەتەمای دوبارەبونەوەی مێژوبین لە دەرکەوتنی ڕۆبنهودێک وەک فریادڕەس و ئەڵتەرناتیڤێکی ئامادە بۆ دەسەڵات. مەرج نیە شێوازی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی کۆمەڵگا بۆ گۆڕانکاری سیستیمی سیاسی بەهەمان شێوەکانی پێشوتری خۆی بێت، یان مێژوو دوبارە بێتەوە، یان تەنها بە بونی ئەڵتەرناتیڤی ڕێکخراو و ئامادە بێتە مەیدان، بەڵکو دەکرێت لەشێوەی ئەگەرێکی تردا بێت.

گەر ناڕەزایەتیەکان بەتەواوی دابڕاوبن لە بەرژەوەندی و دەستتێوەردانی لایەنەکان بە حیزبی دەسەڵات و "ئۆپۆزسیۆنەوە"، بەشێوەیەکی خۆڕسک و تەنها بۆ داواکاریە واقیعیەکانی کۆمەڵگا بێتە مەیدان، ئەوا ئەگەری دروستبونی ئەڵتەرناتیڤی خوازیاری خەڵک، لەهەناوی پرۆسەی بەرەوپێشچونی ناڕەزایەتیەکانی بزوتنەوەی جەماوەریەوە زۆر بەهێز دەبێت.

لە ئێستای کوردستاندا پرۆسەی دروستبونی بەدیلێکی لەم چەشنە دەتوانێ خۆڕاگر و ڕاوەستاوتر بێتەدەرەوە، خۆی ڕێکخراو بکات بۆ بەرەوپێشبردن و بەئەنجامگەیاندنی داواکاریەکانی قۆناغەکە.
ناڕەزایەتیەکان لە چوارچێوەی پەرچەکرداری ڕۆژانە و کاتی بێتەدەرەوە، لە شێوەی خۆپیشاندان و مانگرتنی نەفەسکورتدا نەمێنێتەوە، کەئەگەر بۆ نمونە موچەدرا یان دەموچاوێک گۆڕدرا ئیتر بچینە ماڵەوە، بەڵکو خۆپیشاندان ببێتە کلتورێک بۆ دەربڕین ی ناڕەزایەتیەکان.
ڕێکخستنی ناڕەزایەتیش پێویستە لە دوو ئاستدا کاری لەسەر بکرێت. لەلایەک وەک پێداویستیەکی حاشاهەڵنەگر لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بەشێوەی کرداری بەردەوام و نەپچڕاو لە شوێنی کارو ژیان، لە هەمو مەیدان و ئاستێکدا (پەروەردە، یەکسانی لە شوێنی کارو ژیان، تەندروستی، لاوان، خزمەتگوزاری، ...) بێتە مەیدان. لەلایەکی تر ڕێکخستنی ناڕەزایەتیەکانی سەرشەقام. ئەم دو ئاستە لە خەباتی بەردەوام گرێدراوی یەکترن و یەکێکیان بێ ئەویتریان بەسەرنجام ناگات و هەوڵەکان بە ناکامی دەمێننەوە.

بەدڵنیاییەوە زۆر سەختە کۆمەڵگا پاش قوربانیدانێکی زۆر و باوەڕو چاوەڕوانی بەم لایەنانە و بەرنامەیان وایان لێبێت کە هیچ ئاسۆ و ئومێدێکیان پێیان نەمێنێت، بەڵام لەکۆتاییدا هەر خەڵک خۆیەتی دەبێتەوە هەوێنی بزوتنەوەیەکی واقیعی بۆ ژیانێکی باشتر و گەڕانەوەی کەرامەت و ئیرادەی مرۆڤایەتیان.
لە ئێستادا گەر هیوایەک هەبێت تەنها خۆمانین و ناکرێت چاوەڕوانی هێزی زەبەلاح بین بۆ ڕزگارکردن. وازهێنان لە چاوەڕوانی لە ئەحزابی ناو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش یەکێکە لەپاڵنەرەکانی پێکهێنانی ئەو ئەڵتەرناتیڤە، وە لەبەرامبەر ئەوەدا خۆ بە خاوەن زانینی کۆمەڵگاو هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی لە پرۆسەی گۆڕانکاریەکاندا.

سەرەڕای ئەمانە هەمووی بمانەوێ و نەمانەوێ ناتوانین ئەوە لەبەرچاو نەگرین کە دوفاکتۆری سەرەکی کاریگەریان لەسەر گۆڕینی بنەمای فیکری سیستمی سیاسی هەیە. لە کۆمەڵگایەکی وەک کوردستان یان ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە بە درێژایی مێژوو لەژێر سایەی حکومەت و دەسەڵاتی سەرکوتگەرو دیکتاتۆر، پشتبەستو بە سەوابیتەکانی شەریعەتی ئیسلامی بەڕێوە چووە و کاریگەری قوڵیان لەسەر ئەخلاقیات و عەقڵیەتی کۆمەڵگا داناوە لەلایەک، وە لەلایەکی ترەوە هاوکێشە نێودەوڵەتیەکان وەک فاکتۆرێکی تر. بۆیە تەنها بە گۆڕینی دەموچاوەکان یان روخاندنی دەسەڵاتێک و هاتنەسەرکاری دەسەڵاتێکی تر تەنانەت گەر دەسەڵاتێکی عیلمانی و پارێزەری مافەکانی مرۆڤیش بێت، ناتوانێ لە شەوڕۆژێکدا فەرشی سورمان بۆ ڕاخا، بەڵکو هاتنەسەرکاری دەسەڵاتێکی نوێ لە کۆمەڵگایەکی وەک کوردستاندا سەرەتای کارمان دەبێت لە هەموو مەیدانەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری و یاساییدا، نەک تەنها ئەوە بەڵکو دەبێت لە ئێستاوە دەستی بۆببرێت و دەست بکرێت بە بنیادنانی پایەکانی دەسەڵاتێکی خوازراو.

هەڵاڵە ڕافع
18-01-2018