هه‌موومان به‌رپرسیارین، هه‌نگاوێک بۆ پێشه‌‌وه‌!

به‌ده‌ر له‌وه‌ی که‌ ‌ مه‌سه‌له‌ی ژن وه‌ک پرسێکی سیاسی ده‌بێت له‌ کۆنسێپتی تایبه‌تی خۆیدا به‌ڕۆشنی باسبکرێت، به‌پێی کات و شوێن ده‌ست بخرێته‌ سه‌ر پێشێلکاری و بێمافیه‌کانی ، کێ ئه‌نجامده‌ری توندووتیژیه‌، وه‌ ستراتیجی و شێوه‌ی کارکردنمان له‌و مه‌یدانه‌دا.


یه‌کێک له‌ گرفته‌کانی من له‌سه‌ره‌تای هاتنم بۆ سوید ئه‌وه‌بوو‌ که‌ ڕێکخراوه‌کانی ژنان به‌شداری پیاوانیان وه‌ک ئه‌ندام له‌ ڕێکخراوه‌کان و له‌ ناو ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی، نه‌ک ته‌نها سنوردارکرابوو‌ به‌ڵکو وه‌ک قه‌ده‌غه‌ وابوو، له‌م باره‌وه‌ هه‌میشه‌ ڕووبه‌ڕوی گفتوگۆی زۆر بوومه‌ته‌وه.

یه‌که‌م ساڵ که‌ هاتم بۆ ئێره‌ له‌ شاری یا‌ڤله‌ بانگکرام بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گروپی هاوبه‌شی ڕێکخستنی 8ى مارسدا بم، که‌ له‌ هه‌موو ڕێکخراوو لایه‌نه‌کان پێکهاتبوو. که‌ چووم بڕیاری ئه‌وه‌یان هه‌بوو که‌ نابێت له‌ ناو به‌رنامه‌که‌دا پیاو بێته‌ ژووره‌وه‌، منیش گوتم گه‌ر بڕیارتان وابێت من نایه‌مه‌ ئه‌م گروپه‌وه‌.

تا دوای دوو کۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆیه‌کی زۆر بڕیاره‌که‌یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ که‌ چه‌ند ساڵ بوو پیاده‌یان ده‌کرد، ئیتر بریاردرا که‌ پیاوانیش به‌شدار بن.


پێم وایه‌ ئێمه‌ له‌ یه‌که‌مین و‌ که‌مترین ڕێکخراوه‌کان بین که‌ ئه‌ندامی پیاومان هه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت له‌به‌ر ئه‌م هۆکاره‌ له‌ یه‌کێک له‌ ناوه‌ندی شه‌ڵته‌ره‌کاندا وه‌ک ئه‌ندام وه‌رنه‌گیراین که‌ خۆیان دوو ناوه‌ندن له‌ سوید، بۆیه‌ هاتینه‌ لای ئونیزون که‌ ئێستا له‌وێ چالاکین.


ئێستا ئاراسته‌ی قسه‌وباس و ته‌رویج تاڕاده‌یه‌ک گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتووه‌. ئه‌وه‌ی که‌ له‌م کۆنگره‌یه‌ی کۆتایيدا بینیم دوو پیاو به‌ڕێوه‌به‌ری دوو شه‌ڵته‌رو خانه‌ی ئه‌منی ژنانن، وه‌ بۆ خۆیان و ئه‌وانیتریش نه‌بوه‌ته‌ جێگای سه‌رسوڕمان و نه‌رێنی، وه‌ نه‌ جێگای شانازیه‌، به‌ڵکو وه‌ک ئه‌رکێکی ئاسایی له‌ به‌رپرسیاریه‌تی و خاوه‌نداریکردنی کۆمه‌ڵگا چاوی لێده‌کرێت!


هه‌روه‌ک چۆن ژنانیش ده‌بێت ئاراسته‌ی کارکردنیان بۆ ئاسایی بوونه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی و هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاریه‌تی بێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو پرسه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریيه‌کاندا، به‌شداری واقیعیان بۆ گۆڕانکاری له‌ سیسته‌می سیاسی و ئیداریدا به‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو تاکه‌کان، تا یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و بێ قه‌یدو مه‌رج به‌ده‌ست بێت.


ئه‌و جیاکاریه‌ ڕه‌گه‌زیه‌ که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سیسته‌مه‌ سیاسیه‌کاندایه‌ وایکردووه‌ که‌ ئه‌م قڵشته‌ و ئه‌م دوو دنیا جیاوازه‌ دروست ببێت، که‌ سه‌ره‌نجام ده‌بێت ئه‌و دوو ڕه‌وته‌ به‌ شێوه‌ ئه‌رێنیه‌که‌ی به‌ پێچه‌وانه‌ی یه‌که‌وه‌ له‌ هه‌وڵدا بن بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و قڵشته‌ به‌ره‌و چه‌سپاندنی مافی یه‌کسان!


هەڵاڵە رافع
26-04-2017