ئیسلامی توندڕەو یان سیاسه‌ت و پەلەقاژێی ده‌سه‌ڵات!

به‌پێی کارو کرده‌وه‌کانی گروپه‌ ئیسلامیه‌کان له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابوردو، وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌م ماوانه‌ی دواییدا که‌ له‌ ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپادا پێی هه‌ڵده‌ستن، ئیتر له‌ قاڵب و ناوی ئیسلامی توندڕه‌و یان ئیسلامی سیاسی چوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یکه‌ن خودی سیاسه‌ت خۆیه‌تی به‌ هه‌موو واتاکانیه‌وه‌. وه‌ له‌ ئاین بۆ تاک و دیموکراسی بۆ هه‌مووانیش واوه‌تر چووه‌.

سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات دوو چه‌مکی پێکه‌وه‌یین، وه‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌خۆیان به‌ ئابوری و پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆژیاوه‌ هه‌یه‌ له‌ ئه‌مڕۆی جیهاندا.

ئه‌و ووڵاتانه‌ی که‌ بونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ڕاسته‌وخۆی داعیش و گروپه‌ ئیسلامیه‌کان، زۆربه‌یان به‌شێک له‌ سه‌رچاوه‌کانی ئابوری جیهان که‌ نه‌وت و گازه‌ دابین ده‌که‌ن، وه‌ به‌شێکیش له‌ هاوسه‌نگی ئابوری جیهانیان راگرتووه‌.

به‌ دڵنیاییه‌وه‌ که‌ ئه‌مریکاو حکومه‌ته‌کانی ئه‌وروپاش سیاسه‌ت ده‌که‌ن، هه‌ر بۆیه‌ له‌ قاوغه‌ گه‌وره‌که‌یدا به‌رده‌وامن له‌ په‌یوه‌ندیه‌کان و بازرگانی نه‌وت و چه‌ک له‌ نێوانیاندا، به‌پێی هاوسه‌نگی تای ته‌رازوه‌که‌یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیاندا له‌گه‌ڵ هه‌ر ووڵاتێکدا، وه‌ پشتیوانی و کۆمه‌ککردن و ڕژاندنی پاره‌ له‌به‌رده‌م گروپ و ڕێکخراوو مزگه‌وته‌ ئیسلامیه‌کاندا له‌ ئه‌وروپا له‌ قاوغه‌ بچوک و ناوخۆییه‌که‌یدا.

لێره‌وه‌ ئیتر قسه‌کردن و ڕونکردنه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ناوه‌ڕۆکی ئیسلام و ئه‌خلاقی پێغه‌مبه‌ره‌کان و ئایه‌ت و حه‌دیسه‌کانیان واتای خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، چونکه‌ زۆر ڕۆشنه‌ که‌ هه‌موان له‌وه‌ تێده‌گه‌ن و ده‌زانن ناوه‌ڕۆکی ئاینه‌کان چییه‌ و یاساکانی ووڵاتانی ئیسلامی کامانه‌ن! وه‌ له‌هه‌مان کاتدا نه‌ ستراتیژی و ڕه‌وتی سیاسی حکومه‌ته‌ ڕاستڕه‌وه‌‌ هاوکاره‌کان کاریان به‌و ناوه‌رۆکه‌یه‌، وه‌ نه‌ خودی گروپه‌ ئیسلامیه‌کانیش که‌ له‌وه‌ واوه‌تر چوون و به‌رفراوانتر ستراتیژی بۆ ده‌سه‌ڵاتی زیاتر داده‌ڕێژن.

بەڵگەنەویستە کە ناتوانن ڕەوڕەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگا ببەنەوە ١٤٠٠ ساڵ لەمەوپێش، بەڵام دەتوانن کاریگەرییان لەسەر خاوبونەوەی پێشڕەویەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا هەبێت، بەتایبەت لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هەر بۆیە وەستانەوە لەبەرامبەر هەوڵی ئیفلیج کردنی پایەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کە ئەم ڕەوتە تاریکانە نوێنەرایەتی دەکەن، پێویستی به‌وه‌یه‌ بچێته‌ ئه‌و شوێن و ئاسته‌ی که‌ ئه‌وان کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن، وه‌ک به‌رنامه‌و ستراتیژ و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی سیاسی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵیاندا، چ له‌ ووڵاتانی ناوچه‌و چ له‌ ئه‌وروپا.

بۆ ئه‌مه‌ش به‌شێکی زۆری به‌رپرسیارییه‌ته‌که‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شانی ڕه‌وت و بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان، گه‌ر ئه‌و ناوه‌ڕۆک و تواناییه‌یان تێدا بێت لە ناوچەکەدا، وه‌ له‌ ئه‌وروپاش که‌ چه‌نده‌ها ساڵه‌ دوور بووه‌ له‌ شه‌ڕو ستانداردێکی بۆ خۆشگوزه‌رانی هاووڵاتیانی هه‌بووه‌، وه‌ بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی پێویستی به‌م جۆره‌ له‌ ڕوبه‌روبوونه‌وه‌ و ململانێ له‌و ئاسته‌دا نه‌بووه‌، بۆیه‌ کاتی ده‌وێت تا ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ له‌ ناو کۆمه‌ڵگادا دروست ببێت، جا له‌هه‌ر شکڵ و شێوه‌یه‌کدا بێت.



هەڵاڵە رافع – پەیجی هاوپشتی
09/06/2017