تائێستا زیاتر له‌چوار هه‌زار ژن‌و منداڵی ئێزیدی لای داعش ده‌ستبه‌سه‌رن

ژنه‌ چالاکوانێکی ئێزیدی‌و ئه‌ندامی پێشوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ناوی زیاتر له‌هه‌زار ژن‌و منداڵ‌و پیاوی ئێزیدی ئاشکرا ده‌کات که‌له‌لایه‌ن داعشه‌وه رفێنراون‌و تاهه‌نوکه‌ش4 هه‌زار رفێنراو ماون‌و نزیکه‌ی900 که‌سیان ئازادکراون که‌زۆربه‌یان ژن بون.

ئا: خدر دۆمڵی
ئامینه ‌سه‌عید له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی لایه‌ن‌و رێکخراوه‌کاندا توانیویانه‌ به‌دواداچون بۆ چاره‌نوسی زۆربه‌ی ئافره‌ت‌و منداڵه‌ رفێنراوه‌کان بکه‌ن ‌که ‌داعش له‌ناوچه‌یه‌که‌وه ‌بۆ ناوچه‌یه‌کی دیکه ‌گواستویانه‌ته‌وه‌.

کۆنترۆڵکردنی شه‌نگال له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ بوه ‌هۆی رفاندنی زیاتر له‌هه‌زار ژن‌و منداڵ‌ که‌ هه‌ندێکیان پیاوی به‌ته‌مه‌ن بون‌و له‌ئێستاشدا چه‌ره‌نوسی زۆربه‌یان ناڕونه‌، ئه‌م دۆسیه‌یه‌ش تائێستا له‌لایه‌ن رای گشتی ناوخۆ‌و جیهانه‌وه ‌کاری له‌سه‌ر ده‌کرێت، هاوکات هه‌ندێک هه‌وڵ هه‌یه ‌له‌لایه‌ن چالاکوان ئێزیدیه‌کانه‌وه ‌ به‌هاوکاری ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌دواداچونی ئه‌و دۆسیه‌یه‌‌و چاره‌نوسی ئه‌وانه‌ی رفێنراون‌و ئه‌وانه‌شی ئازادکراون.

ئامێنه‌ پێیوایه ‌هه‌وڵه ‌نێوده‌وڵه‌تی‌و ناوخۆییه‌کان وه‌ک پێویست نین‌ بۆ رزگارکردنی ئه‌و ژن‌و منداڵانه‌ی که‌ له‌ناوچه‌ ناسراو و نزیکه‌کاندان.

له‌ئێستادا هه‌ر رۆژه‌و زانیاریه‌کی نوێ ده‌گاته‌ ده‌ستی ئامینه‌، وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت "رفێنراوه‌کان له‌بارودۆخێکی زۆر سه‌ختدا ده‌ژین ‌که ‌ماوه‌ی هه‌شت مانگه ‌رفێنراون‌و روبه‌ڕوی خراپترین لێدان‌و سوکایه‌تی کردن بونه‌ته‌وه‌، تائێستاش ئه‌و پێشێلکاریانه‌ به‌رامبه‌ر ژنان‌و منداڵانی ئێزیدی به‌رده‌وامه‌‌‌و کڕین‌و فرۆشتنیان پێوه‌ده‌کرێت.

ئامینه ‌ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد له‌نێو ژن‌و کچه ‌رفێندراوه‌کاندا، حاڵه‌تی خۆکوشتن هه‌بوه‌و ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن چه‌کدارانی داعشه‌وه‌به‌توندی‌و خراپیی مامه‌ڵه‌و پێشێلکاریان به‌رامبه‌کراوه‌، چونکه‌هه‌ندێک جار په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌‌و ده‌یانه‌وێت له‌ژێرده‌ستیان رزگاریان بکه‌ین، به‌ڵام هیچ هیوایه‌ک نییه‌ بۆ رزگارکردنیان.

ئه‌و ژنه‌چالاکوانه ‌باسی له‌وه‌شکرد هیچ هه‌وڵێکی نوێ نییه‌ بۆ رزگارکردنیان به‌تایبه‌ت له‌ناوچه ‌سنوریه ناسراوه‌کانی هه‌رێمی کوردستان که ‌زۆرکه‌س ژیانی خۆی خستۆته‌ مه‌ترسیه‌وه ‌بۆئه‌وه‌ی بتوانێت هاوکاری ژنا‌ن‌و گه‌نجان بکات تابتوانێت رزگاریان بکات.

ئه‌و ژن‌و منداڵه‌ ئێزیدیانه‌ له‌ژێر ده‌ستی داعش له‌سوریا‌و موسڵ‌و ته‌له‌عفه‌رو ناوچه‌کانی تر روبه‌روی خراپترین مامه‌ڵه‌بونه‌ته‌وه‌‌و وه‌ک کۆیله ‌مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت‌و ‌له‌کارگه‌‌و کێڵگه‌کاندا کاریان پێده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش به‌وته‌ی چه‌ند خێزانێک که‌چه‌ند رۆژێک پێش ئێستا توانیویانه ‌له‌ته‌له‌عفه‌ر‌و سوریا له‌ده‌ستیان هه‌ڵبێن‌.

ئه‌و ژنه‌ چالاکوانه ‌ئێزیدیه ‌داوا له‌لایه‌نه ‌په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌کات، که ‌ئه‌و کێشه ‌گه‌وره‌یه‌ی روبه‌روی ئێزیدیه‌کان بۆته‌وه‌، وه‌کو کێشه‌ی به‌ده‌ستنه‌هێنانی به‌ڵگه‌نامه‌ یاساییه‌کانی وه‌‌كو ناسنامه‌ی باری که‌سێتی‌و ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی‌‌و به‌تایبه‌ت پاسپۆرت، که‌ هه‌ندێکیان پێویستیان به‌چاره‌سه‌ره ‌له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات.


Awene News ( http://www.awene.com/article/2015/03/21/39768 )