ژن و چێژ- هەوڵێک بۆ هەڵسەنگاندنی میدیا لە کوردستان

ئەم نوسینە سەرەتای زنجیرەیەک نوسینی لێکۆڵینەوەییە لەبارەی کارکردنی میدیای کوردی و مامەڵەکردنی لەگەڵ رەگەزە سەرەکی و گرنگەکان و هەروەها پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناو واقیعی کوردستانی عێراق.

میدیا بەشێکی گرنگە لە کلتور، کاریگەری و کارتێکەری هاوبەشی هەیە لەگەڵ واقعدا. بۆ تێگەیشتن لە مەغزاکانی پەیوەندی نێوان ئەو دوانە، دەتوانین لە میدیا بکۆڵینەوە کە هاوکات لەگەڵ سیستمەکانی دیکەی وەک پەروەردە، ئاین، خێزان، زمان، پێکهاتەی ئابوری... هتد، کۆڵەکەی گرنگن لە دروستکردن و گۆڕین و هێشتنەوەی شێوەژیان و بیرکردنەوە و دنیابینی تاک و گروپە جیاجیاکان لە کۆمەڵدا.

ئەمەش میدیا دەکاتە ناوەندێکی فرەکار کە نەك تەنها رەنگدانەوەی واقیعە، بەڵکو دووبارە دەیخولقێنێتەوە. لەم دووبارە خولقاندنەوەیەدا بەشێوەیەکی ناراستەخۆ شەرعییەت دەبەخشێت بە بەها پەسەندەکان. لە کایەیەکی کۆمەڵایەتی و عورفمەبناوە دەیانگوێزیتەوە بۆ کایەیەکی نیمچە فەرمی و چەسپاو لە هزر و ویژدانی کۆمەڵایەتیدا. دەکرێت بۆ تێگەیشتنیش لەم وەزیفە و پێگەیە، بڕوانینە نمونەی وێناکردنی ژن لە میدیا و کۆمەڵدا.

کۆمەڵی کوردی بەو پێیەی کۆمەڵێکە تاوەکو ئێستاش لەسەر تەرزە تایەفەگەری و دواکەوتووکان رەفتار لەگەڵ دۆخی ژن دەکات و ژن وەک دەفری شەرەف و چێژوەرگرتن تەماشا دەکات (لە رووی تەماشاکردنی ژنەوە وەک دەفری چێژ، کۆمەڵی کوردی جیاوازیەکی ئەوتۆی نیە لە کۆمەڵەکانی دیکەی دنیا کە سەرجەمیان پیاوسالارن). ئێمە لێرەدا تیشک دەخەینە سەر دیدی کۆمەڵ بۆ پێگەی ژن و کورتکردنەوەی بۆ چێژبەخشیین، و ئەم کارەش لە رێگەی سەرنج لە میدیاوە ئەنجامدەدەین.

نمونەیەکی زۆر ئاشکرا بریتییە لە مەسەلەی ژن و وێنەی ژن لە میدیای کوریدا بەتایبەت لە ئەو ماڵپەڕ و کەناڵانەی کە زۆرتری خوێنەریان هەیە وەک ماڵپەڕی خەندان و ئێن ئاڕ تی.

ئایا تاوەکو چ رادەیەک و بۆچی ئەم دوو کەناڵە درێژە بە ئەو واقعە باوەی کۆمەڵ دەدەن کە ژن وەک دەفری شەرەف و چێژ دەبینێت؟

ئەوەی ئاشکرایە لە سایەی پەروەردە و ئاین و سیاسەتدا، پێگەی ژن لە کەلتوری کوردیدا تاوەکو ئێستا پێگەیەکی لاواز و ناکەریگەرە و بایەخی ژن کورتکراوەتەوە بۆ لەش و چێژی جەستەیی و توانای دروستکردن و پەروەردەکردنی منداڵ و کارکردن لەناو ماڵدا (بەرادەیەکیش لەدەرەوی ماڵ بەڵام لەسەر هەمان نەزمی کارکردن لەماڵدا). لە کاتێکدا پێگەی پیاو، کە لەسەر پەیوەندی نایەکسانی نێوان ژن و پیاو بەندە، پێگەیەکە لەسەر بنەمای هێز و دەسەڵات و کارکردن و بڕیاردان و چاودێریکردنی خێزان و شەرەفی تایەفە... هتد، بەندە.

وەك نمایندەیەکی شێوازی کارکردنی میدیای کوردی بەرامبەر یاخود لەبارەی ژنەوە، هەوڵ دەدەین ئەو وێناکردنانە بخەینە ڕوو کە میدیای کوردی بەردەوام لەبارەی ژن و بۆ ژن بڵاویاندەکاتەوە و وەک بەها دەیانچەسپێنێت. ئەو وێنانە رێگەی گرنگن بۆ تێگەیشتن لە مەغزا و جیهانبینی و ئەوانەی بڵاویاندەکەنەوە ودواجار ئەو پێگانەی لێیانەوە بڵاودەکرێنەوە (کە زۆرینەیان بە زەرورەت پیاون، ئەگەر ژنیش بن، لە ژێڕ کاریگەری بیرکردنەوەی پیاودا کاردەکەن). هەروەها رێگەیەکی سادە و بەسودن بۆ پیشاندانی مەسەلەیەکی دیاریکراو. لێرەدا، هەم وێنە و هەم ناوەرۆکی ئەو بڵاوکراوانە دەخەینە ژێر لیکۆڵینەوەوە کە لەهەردوو ماڵپەڕی خەندان و ئێن ئاڕ تیدا رۆژانە بڵاودەکرێنەوە و دەخوێندرێنەوە.

بۆ زیاتر دەرخستنی ئەم لایەنە بە ژمارە، بڕواننە نەخشەکان لەبارەی بابەتەکانی بەشی خانمانی هەردوو ماڵپەڕ، بەشی هەمەجۆری خەندان و وتارەکانی هەردوولا:

نەخشەی یەکەم: خەندان- هەواڵی جۆراوجۆر، تیایدا ١٤٠ هەواڵ وەرگیراوە وەک نمونە.

http://nrttv.com/wenekan/Wtar124.png

نەخشەی دووەم: خەندان-بەشی خانمان، لە کۆی ٧٠ وتار وەک نمونە وەرگیراون، کە لەو ٧٠ بابەتە تەنانەت یەک دانەشیان تایبەت نیە بە ژن وەک کارایەک لە کۆمەڵدا لە مەیدانی سیاسەت و بڕیارداندا.

http://nrttv.com/wenekan/Wtar123.png

نەخشەی دووەم: خەندان-بەشی خانمان، لە کۆی ٧٠ وتار وەک نمونە وەرگیراون، کە لەو ٧٠ بابەتە تەنانەت یەک دانەشیان تایبەت نیە بە ژن وەک کارایەک لە کۆمەڵدا لە مەیدانی سیاسەت و بڕیارداندا.

http://nrttv.com/wenekan/Wtar125.png

نەخشەی چوارەم: ئێن ئاڕ تی- بەشی خانمان. نمونەی ٢٠٨ بابەت وەرگیراوە.

http://nrttv.com/wenekan/Wtar126.png

نەخشەی پێنجەم: ئێن ئاڕ تی- بیروڕا. ١٠٠ وتار وەک نمونە وەرگیراوە.

http://nrttv.com/wenekan/Wtar127.png


لە خشتەکانی سەرەوەدا چەند راستیەك دەردەکەون:

یەکەم: زۆربەی زۆری وتارەکانی هەردوو ماڵپەڕ لەلایەن پیاوەوە نوسراون. (دیارە لێرەدا باس لە هۆکارەکانی ئەمە ناکەین)

دووەم: بەشی خانمانی هەردوولا بەگشتی ئەو وتار و هەواڵانە دەگرنەوە کە پەیوەندیان بە چێژی جەستە و جوانی لەش و دەموچاو و تەندروستی و سکپڕی و بابەتی کاتبەسەربردنەوە هەیە و بەشێکی زۆر کەمی (یان هەر هیچی) پەیوەندیدارە بە مەسەلەی وەك بڕیاردان و چالاکی سیاسی و ئابوری و پیشەییەوە.

سێهەم: بەشی هەمەجۆری خەندان بەگشتی تەرخانکراوە بۆ ژنان و بەشێکی کەمی پەیوەندی بە پیاو یان هەردوو رەگەزەوە هەیە. ئەمە لەکاتێکدا، کە بەشی سەرەکی و هەواڵ هەمووی بۆ پیاوانە.

هەروەها، ئەگەر تەماشایەکی ناوەرۆکی بەشە گرنگەکانی وەک لاپەرەی سەرەکی و هەواڵ و وتار و چاوپێکەوتن بکەین، تێبینی چەند شتێک دەکەین. وەك لە ژمارەکانیشەوە دەردەکەوێت، زۆربەی وێنە و نوسەر و مەسەلەکان هی پیاون و لەلایەن پیاوەوە نوسراون. واتە لەو جێگەیانەدا کە پەیوەندی بە بڕیاردانی سیاسی و رادەربڕین و مەسەلەی گرنگەوە هەیە، بە ئاشکرا پیاو باڵا دەستە، بەڵام چ جۆرە پیاوێک؟ ئایا پیاو لێرەدا بە مانای رەگەزی نێر دێت؟ نەخێر، مەبەست لەو وێنەیەیە کە کورد بۆ پیاو هەیەتی، کەسێکی بەهێز و بەشەخسیەتی خاوەن قسە و دەسەڵات و شەرەف، پیاوی چاکەت و پانتۆڵ لەبەر(وەک رەمزێک بۆ دەستەڵاتی نوێ). وردەکاری بابەتەکانیش پێویست بە نمونە هێنانەوە ناکەن چونکە ئاشکرایە مەسەلەی سیاسەت و چارەنوسی کورد و ئابوری عێراق...هتد زۆرینەیان پێکدەهێنن. لەهەمانکاتدا، تەماشایەکی بەشی خانمان و هەمەجۆر و رەنگاورەنگ دەکەین، و ئەم سەردێڕ و وێنانە دەبینین:

http://nrttv.com/wenekan/Wtar128.png

وێنەکان دەریدەخەن کە چۆن وێنە و رۆڵی ژن لەکۆمەڵدا درێژەیان پێدەدرێت. ئەم نمونانە ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە پێگەی ژن لە کۆمەڵی کوردیدا بۆ چێژی جەستەیی وئەرکی ناوماڵ و رازاندنەوەیە و پیاویش بۆ ئازایەتی و بڕیاردان.
هەرچەندە خەندان پێشەنگە و یەکەمین ماڵپەڕی کوردی عێراقە، لەوە دەچێت ئێن ئاڕ تی لەگەڵ خستنەگەڕی ئێن ئاڕ تی ٢ دا بیەوێت ببێتە پێشەنگی هێشتنەوەی ئەم تێڕوانینە بۆ ژن. ئێن ئاڕ تی ٢ هەنگاوی گەورەتری ناوە بۆ چەسپاندن و درێژەدان بە ئەو پێگەیەی کە ژن لە کۆمەڵی کوردیدا هەیەتی و چەندین بواری نوێشی تێدایە کە کتومت بەڵگەی سەلماندنی ئەو هەوڵەن. بەشەکانی وەک ستایڵ و ناوماڵ و خانمان هەموو لە خزمەتی ئەو هاوکێشەیەدان.
لەهەموویان نایابتر بەشی ناوماڵە کە ئەمە لەوانەیە یەکێك بێت لە داهێنانە نوێیەکانی ئەم ماڵپەڕە و تەنانەت لە رۆژنامەگەری کوردیشدا و تایبەتە بە ژنان. یەکێک لە سەیرترین داهێنانەکانی ئەم بوارە ئەم ناونیشانەی هەواڵییەی خوارەوەیە:
"پەیوەندی نێوان دیکۆری چێشتخانە و رێکی لەشولاری ئافرەتان"

http://nrttv.com/wenekan/Wtar129.png

چەند وێنەیەک لە بەشێ ستایەڵی ئێن ئاڕ تی:

http://nrttv.com/wenekan/Wtar130.png

ئەو دنیابینیەی لە پشت کارکردنی ئەم پێگانەوەیە بە تایبەتی، و میدیای کوردی بە گشتی، دنیابینییەکی سیخناخە بە چەوتبڕوایی لەباری ژنەوە. چەوتبڕواییەک بوون و مانا و پێگەی ژن کورتدەکاتەوە بۆ جوانکاری و لەزەت و کاتبەسەربردن. میدیایەک کە نەتوانێت ئەو نەسقە کۆمەڵایەتییە دواکەوتوانە تێبەپەڕێنێت، چۆن دەتوانێت بەشداریبکات لە بونیاتنانی ئازادییەکدا کە ژنان بیبەشن لێی؟ لەوەش مەترسیدارتر رۆڵی دواکەوتنخوازیانەی میدیایە (کە دەکرێت پێشکەوتنخواز بێت، بەڵام لەباری کوردستاندا ئەم رۆڵەی نیە) کە بەردەوامە لە دووبارە چەسپاندنەوەی، و لە دیویكی تریشدا شەرعیەتدان، بە ئەو دابڕان و جیاکاریکردنە لە ناو کۆمەڵدا. رۆڵێکی پارێزگاریخوازنەی هێندە مەتریسدار کە چەند قاتی مەترسی رۆڵی پیاوانی عەشیرەت و ئایین و سیاسەتە، کە دەیانەوێت ژن پاشکۆ بێت. مەترسیدارترە لەبەر ئەوەی ئامرازەکانی شاراوەن. شاراوەشن لەبەر ئەوەی بەشێوەیەکی ناراستەخۆ و لەسەر ئاستی نەستی کۆمەڵایەتی کاردەکەن بۆ دووبارەکردنەوە و چەسپاندنی تێگەیشتنی کۆمەڵ بەرامبەر ژن (کە ژن خۆشی بێبەری نیە لەم تێگەیشتنە دژبەخۆیەی).


وەك سەرەتا باسمانکرد، ئەمە مانای ئەوە نیە کایەکانی دیکەی دەستەڵات لە کۆمەڵدا بێبەشن لە چەسپاندن و دووبارەکردنەوە و شەرعیەتدان بە ئەم دنیابینیانە، بەڵام لێرەدا دەمانەوێت قسە لەسەر پەیوەندی میدیا بکەین بە مەسەلە جیاجیاکانی وەك ژن و مامەڵەکردن لەگەڵ هەواڵ و زۆربوونی رۆژنامەگەری ناسراو بە تابلیۆید. بەشێکی ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە هەوڵدانەوەیە بۆ زیادکردنی خوێنەر، ئەم هەوڵەش بەشدارە لە درێژکردنەوەی ئەم دنیابینیەدا و بۆتە هۆی هێنانە کایەی کۆمەڵێکی دیکە لە کێشە. یەکێکی دیکە لەو کێشانە، کە لەبەشی دووەمدا باسی دەکەین، کێشەی زۆری بۆری هەواڵە. هەر لە هەواڵی بێبایەخەوە بۆ فێڵکردن لە سەردێڕی هەواڵدا و بەکارهێنانی ناونیشانی گڕاوی و چەندین رێگەی دیکە بۆ راکێشانی سەرنجی خوێنەر کە زیانبەخشن بە راستگۆیی و دروستیی هەواڵ و رۆژنامەگەری.

له‌ڕێوانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌