سەردانی سەرۆکی یەکێتی نێونەتەوەیی ژنان بۆ ئاشتی و ئازادی بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هاوکاری نێونەتەوەیی بۆ بەهێزکردنی یەکسانی و مافی مرۆڤ، هەفتەیەکی پڕ لە چالاکی لەگەڵ رێکخراوەکانی ژنان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو. ئەم چالاکیانە هەلێکی باش بوون بۆ هەرسێ ڕێکخراو تا پەیوەندییەکی پتەو بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی پێکەوە بونیاد بنێن.
لە کاتێکدا ئێمە لە باشوری کوردستان بە بەشداری چالاکوانانی جیهانی بواری یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ سەرقاڵی چالاکین سەبارەت بە گرنگی بەشداری ژنان گەنجان لە سیاسەت و بڕیارە چارەنوسسازەکان، ژنانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نەک تەنها بەشدارن بەڵکو پێشەنگن لە مەیدانی خەبات و ناڕەزایەتیەکانی شەقامی ئێران بۆ گۆڕینی چارەنوسی خۆیان و کۆمەڵگا.
کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵاتی خۆی بە چەوساندنەوەی ژنانی ووڵاتەکە لە ڕێگای چەسپاندنی حیجاب وەک ئامڕازێک بۆ سەرکوتکردنی ژنان دەستپێکرد، هەر لەوێشەوە سەرکوت و زوڵم ریشەی کێشایە نێو ژیانی هەموو تاکێک و کایە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوریەکانەوە.
بە درێژایی ٤٢ ساڵی رابردوو، گەلانی ئێران بە رێگای جیاواز هەوڵی کۆتاییهێنانیان بە ستەم و چەوساندنەوە داوە، بەڵام ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارە هەموو سنورە نەتەوەیی، رەگەزی و ئاینییەکانی تێپەڕاندووە و بووەتە هیوایەکی گەورە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی نەک تەنها بۆ کۆمەڵگای ئێران بەڵکو بۆ ووڵاتان و گەلانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.
ئێمە وەک (IKKR) لە سوید و رێکخراوی پاو PAO لە کوردستان، هاوڕایی خۆمان لەگەڵ بڵاوکراوەی ویلف WILPF بۆ پشتیوانی لە ڕاپەرینی ژنان و گەڵانی ئێران دژی ستەم دوپاتدەکەینەوە. بەژنان و گەڵانی ئێران دەڵێین ئێمە پشتیوان و هاوخەباتتانین بۆ ئازادی و یەکسانی و ژیانێکی باشتر.
کۆمیتەی نیونەتەوەیی بۆ مافەکانی ژنان/ سوید IKKR
ڕێکخراوی فریاگوزاری میللی/ کوردستان PAO
………………………………………………………
بڵاوکراوەی WILPF بۆردی یەکیەتی نێونەتەوەیی ژنان بۆ ئاشتی و ئازادی، بۆ پشتگیری لە راپەڕینی گەلی ئێران لە دژی ستەم.
ئێمە لە یەکێتی نێونەتەوەیی ژنان بۆ ئاشتی و ئازادی، پشتیوانی راپەڕینی بەرفراوانی گەلی ئێران دەکەین دژی حکومەتی ستەمکار، توندوتیژ و سەرکوتکەر.
نەریتە فێمینیستیە رادیکالەکەمان فێریکردووین دەوڵەتە سەرکوتکارەکان هەمیشە هەوڵدەدەن ئازادییەکانی ژنان سنورداربکەن، هەندێکجار بە چەسپاندنی شێوازێکی دیاریکراوی جل و بەرگ کە لەم حاڵەتەدا ناچارکردنیانە بە پۆشینی حیجاب، یان بە پێچەوانەوە. ئەم بابەتە پەیوەست نییە بە رەوشتەوە، ئەمە سنوردارکردنی جەستە و هەڵبژاردەکانی ژنانە، بێبەشکردنیانە لە مافەکانیان، دەرهێنانیانە لە بۆشایی گشتی و بەکارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵی سەربازی دەوڵەت.
کوشتنی مەهسا ئەمینی / ژینا ئەمینی، بووە هۆی سەرهەڵدانی توڕەییەکی زۆری کۆمەڵگا و راچڵەکاندنیان لە سەرکوتکردنی چەند دەیەی رابردوو و سیاسەتی نایەکسان و نیولیبراڵ. ئێمە لەگەڵ ئەو ژنانەداین کە بە هۆی ئاڵنگاری کۆنتڕۆڵکردنی جەستەیانەوە کوژراون، لەگەڵ ئەو کەمینانەی کە پەراوێزخراون و خراونەتە ژێر فشارەوە و لە سەربەخۆیی سیاسی و کلتوری خۆیان بێبەشکراون، هەروەها ئەو چینە کارگەرەی لەلایەن دەسەڵاتێکی بێبەزەییەوە چەوسێندراونەتەوە و کراونەتە قوربانی.
بزوتنەوەی فێمنیستیی ئێران بناغەی ئەم شۆڕشەیە، کە بە هۆی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بڕواوە سەرجەم چینەکانی دیکەی گەلی ئێرانی هاندا بە هەر نرخێک بێت برژێنە سەر شەقامەکان، ئەوان سروشتی پیاوسالاریی رژێمەکەیان شیکارکردووە و پەیوەندیان درووستکردووە لە نێوان توندوتیژی گشتی و تایبەت، لە نێوان سنورەکانی دەوڵەتەکە و دەرەوەشدا، ئێمە پشتیوانی و دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵتان و بە کردەیی هەوڵی بەدیهێنانی داواکارییەکانتان دەکەین.
رژێمی ئێران هەوڵدەدات تاوانکارییەکانی خۆی و بەرپرسیاریەتی بەرامبەر ئەو رووداو و کوشتارانەی روویانداوە بخاتە ئەستۆی تاکەکان، بەڵام هەوڵنادات کاربکات بۆ گەیشتن بەو ئەنجامەی (رەوشت) پێویستی بە پۆلیس نییە، و بێڕەوشتی ئەوەیە هێزی وڵاتەکەت بێشەرمانە بەکاربهێنیت بۆ ئازاردانی هاوڵاتییەکانت.
ستەم لە ڕێگای زیادکردنی زیندانیانی زیندانە بچوکەکەوە سەرنجی خەڵکانی نێو زیندانە گەورەکە پەرشو بڵاو و دوور دەخاتەوە، ئێمە هیچ لەوانەمان ناوێت، ئێمە پشتیوانی داواکانی گەلی ئێران دەکەین و لەگەڵ هاوارەکانیان بۆ (ژن، ژیان، ئازادی) دەوەستین.
بۆ ئەوانەمان کە لە نێو بزوتنەوەی فیمینیستیداین، با بیرمان بێت کە ژنانی ئێران پێویستیان بەوە نییە ئێمە لەبارەی بەرپرسیاریەتی بەرامبەر جەستەی خۆیان بۆیان بدوێن، بەڵکو تەنها پێویستیان بەوەیە کە دڵنیایان بکەینەوە کە جەستەی ژنان و کچان جێگای یاریپێکردنی سیاسەت و دەسەڵات و بڕیارەکانیان نییە.