بەیاننامەی گروپی ژیان بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانەکانی کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرەف.

61

گروپی ژیان کە لە زیاتر لە ٥٠ ڕێکخراو پێکهاتوە، وە سەرەڕای هەموو ڕێگریەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ داسەپاندنی دادپەروەری لە کۆمەڵگای کوردستان، بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانەکانی کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرەف.

گروپی ژیان کە لە زیاتر لە ٥٠ ڕێکخراو پێکهاتوە، وە سەرەڕای هەموو ڕێگریەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ داسەپاندنی دادپەروەری لە کۆمەڵگای کوردستان، بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانەکانی کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرەف.

سەرەڕای هەوڵەکان بۆ بەشداربون لە پرۆسە یاساییەکەدا لە ڕێگای پارێزەرە خۆبەخشەکانەوە، بەردەوامە لە ڕێکخراوکردنی دەنگی شەقام بۆ پێکهێنانی پشتیوانە بەمەبەستی بەسەرەنجام گەیاند ئامانجەکان.

جێگای خۆیەتی هەوڵ بدەین بەهەرشێوەیەک کە دەتوانین پشتیوانی کارو چالاکیەکان بین، بۆ وەستانەوە لەبەرامبەر ئەو تاوانکاریەدا کە لەبەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت لە کۆمەڵگای کوردستاندا.
ئەمەش دوایین بەیاننامەی گروپی ژیانە لەبەرامبەر کوشتنی دنیا:
………………………………………………..

بە قەد گەورەیی تاوانەکە سزای بکوژی دونیا بدەن

ئەمڕۆ تۆمەتبارى سەرەکی بکوژی دونیای ١٥ ساڵ خۆی ڕادەستی پۆلیسی شێخان کرد، ئێمە وەک گروپی ژیان داوادەکەین کە کەمتەرخەمی لەم دۆسیەیەدا نەکرێت و بە هیچ شێوەیەک بە دەستێوەردانی حزبی و عەشایەری ئەم دۆسیەیە بە لاڕیدا نەبرێت.

بکوژی دنیا تاوانێکی بچوکی ئەنجام نەداوە. بەڵکو تاوانێکی ئەنجامداوە کە چووە ناو مێژووی کوردستانەوە و لەسەر ئەم هەرێمە تۆمار کرا. تاوانبار زۆر بێرەحمانە منداڵێکی ١٥ ساڵانی ، گوللە باران کرد و لەدەمی مردوو شۆرەکەشەوە، هەموو ئێسقانەکانی شکاندووە. هەر دواتریش تاوانێکی گەورەتری ئەنجامدا بەوەی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، پاساوی بۆ کوشتنەکەی بەو شێوە دڕندانەیە هێنایەوە، کە گوایە لەسەر شەرەف بووە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا، دانپێدانانێکی راستەوخۆی ئەو تاوانە کەموێنەیە بوو.

بۆیە دەڵێین کە بەهیچ شێوەیەک جێگای قبوڵکردن نابێت ئەم تاوانە کەم وێنەیە بچوک بکرێتەوە، هەروەها داوا لە هەموو مرۆڤدۆستان و مناڵدۆستان دەکەین چاودێربن لەسەر چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەل دۆسیەکەدا، تاکو بە هەموومان بتوانین دادپەروەی بەدەست بهێنین بۆ ئەم کەیسە.

داوا لە ڕێکخراوەکانی دەرەوەی کوردستان ئەکەین بەردەوام بن لە گەیاندنی ئەم دۆسیەیە بە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، تا فشار لەسەر دەسەڵاتدارانی کوردستان دروست ببێت و تاوانەکە بەپێی گەورەیی خۆی گرنگی پێبدرێت.

بەئەرکی ڕێکخراوەکانى نەتەوەیەکگرتووەکانی دەزانین کەمتەرخەمی لە چاودێریکردنی دۆسیەکە نەکەن لەبەر ئەوەی گروپەکەمان نموونەی زۆری لایە کە کەمتەرخەمی و دەستێوەردانی حزبی و عەشایەری، دۆسیەکانی پێشووترى بە لاڕێدا بردوەو تۆمەتبارەکان بە بیانووی زۆر نابەجێ ئازادکراون و ئێستا هیچ کام لەو بکوژانە لە زینداندا نین.

بۆیە گروپەکەمان لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیاندنەوە داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەکات بە قەد گەورەی تاوانەکە تاوانبار سزا بدرێت و هیچ بەهانەیەک نەهێنرێتەوە بۆ ئەوەی سزای سوک بەسەر ئەم تۆمەتبارەدا بدرێت بەتایبەتی کە بەتۆماری ڤیدیۆیی، خۆی دانی بە تاوانەکە دا ناوە، کە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە.

داواش لە کەناڵەکانى راگەیاندن دەکەین ئەم کەیسە پشتگوێ نەخەن و بەردەوام بن لە گواستنەوەى هەواڵەکان و چالاکییەکانى کەیسى دونیا.

دادپەروەی بۆ دونیا

بەڵی بۆ سزای توند لەم کەیسەدا .

گروپی ژیان ٢٠١٤/٦/١٢

print